ڕووماڵ - مێژوو و بەرلەمێژووی پارێزگای دهۆک

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ تا ٢٠١٨ زانکۆی ئودینی ئیتاڵیا ڕووماڵێکی شوێنەوارەکانی پارێزگای دهۆکی کردووە. ئامانج دەستنیشانکردنی شوێنەوار و نیشتەجێیەکانی چاخی بەردینی کۆن و نوێ تا دەگاتە چاخی برۆنز و ئاسن، بووە. بۆ ئەوەی بزانرێ لە کام جۆرە زەوی و خاکدا نیشتەجێ بوون، چەند لە سەرچاوەکانی وەکو ئاو و ماددەی خاو نزیک بوون و دواتریش زەوی کشتوکاڵیان هەبووە؟ ئەو ڕووماڵە بۆ ڕووبەری ٣ هەزار کیلۆمەتر دووجا بووە و ناوچەکانی نێوان چیاکانی زاگرۆس لە ڕۆژهەڵات بۆ دەریاچەی بەنداوی موسڵ و دەشتەکانی بەردەڕەش و زێی گەورە، دەگرێتەوە. ڕووماڵەکە چەندین شوێنەواری چاخی مسی (چاخی مس دەکەوێتە نێوان شۆڕشی کشتوکاڵ و چاخی برۆنز، واتا نێوان ٧ تا ٤ هەزار ساڵ بەر لە زایین)

 

لەبەرئەوەی چیاکانی زاگرۆس لە بەردی لایمستۆن پێکهاتوون، بۆیە ئەشکەوت و پەناگەی بنەبەردی زۆری هەیە. ئەو شوێنانە بۆ خۆ شاردنەوە و خۆ پاراستن، ناوچەی هەرە لەباری مرۆڤی کۆن بووە. بەشێکی باش لەو بنەبەردانە یان لە ناو پەناگەکاندا، یانیش لە دەم ئەو پەناگانەدا، ئامرازی بەردی مرۆڤی کۆنی لێیە. باشترینیان تا ئێستە لە کوردستان دۆزرابنەوە پەناگەی دۆڵی مەرسیدایە نزیک چەمانکێ، هەندێ ئامرازی بەردی مرۆڤی لێ دۆزرایەوە، وەکو خۆیان مابوون چونکە بنمیچی پەناگەکە ڕووخاوە و ئەوانەی داپۆشیبوو. پاشماوەی چاخی بەردینی کۆن لە ئامرازەکان، ئێسقانی ئاژەڵان و خەڵووز تێکەڵ بە قوڕ بووبوون، دۆزرانەوە. جارێ هەڵکۆڵینی تەواو بۆ ئەو پەناگە بەردە نەکراوە، بەڵام لە ژمارەی دۆزراوەکانەوە دیارە، بۆ ماوەی درێژ مرۆڤی تێدا بووە

 

پەناگەی بنەبەردی گەلی خانی لە چیای زاوە، پەناگەیەکی گەورەیە و مرۆڤی کۆنی لێ ژیاوە. تا ئێستە هەندێ پاشماوەی ئامرازە بەردەکانی لە ناو قوڕی ئەو پەناگەیەدا ماون. چینی سەرەوەی قوڕی ئەو پەناگەیە پاشماوەی گۆڕان لە سەردەمی چاخی بەردینی نوێ بۆ دەرکەوتنی کشتوکاڵی تێدایە. ئامرازی بەردی زۆری چاخی بەردینی کۆن و نوێ لەوێ دۆزرانەوە. هەندێکیان لە بەردەکانی ئەو ناوچەیە دروست کرابوون و ڕەنگیان لە نێوان بۆر و بۆری تۆخدا بوو. وێنەی ئەو بەردانە لە لاپەڕەی ٨ی ڕاپۆرتی تیمەکە هەیە. دواتر لە گەڕانی تیمەکە لەو ناوچەیە، تۆپەڵەی ئامرازی بەردی دیکەیان لە دەم چۆمی ئەتروش لە دۆڵی مەرسیدا، چۆمی گۆمەڵ و کانی گۆلان دۆزییەوە. سروشتی بەردی شاخ و داخەکانی ئەو ناوچەیە بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە ئامرازە بەردانە زۆر گونجاوە، بۆیە مرۆڤی کۆن ئەرکێکی زۆری نەکێشاوە بۆ بە دەستهێنانی ئەو بەردە و داتاشینی، تا بۆ کاری ڕۆژانەی خۆی بەکاریان بهێنێ

 

ڕووماڵەکە چەندان شوێنەواری بەر لە سەردەمانی کەلتووری حەسوونە، سامەرا و حەلەفی دەستنیشان کردووە. ئەو دۆزینەوانە تەنیا دۆزینەوەی نیشتەجێی مرۆڤی کۆن نییە، بەڵکو وەکو ئاوێنەوی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی و ئابووری هەموو نیشتەجێیەکانی باکووری میسۆپۆتامیایە. ئەو پێشکەوتنە وایکردووە کۆمەڵە مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتریدا بمێننەوە و بەپێی هەبوونی سەرچاوە سروشتییەکان، نیشتەجێی هەمیشەیی پەیدا ببێ. بە ڕوانین لە وێنەی ژمارە ١ لە راپۆرتی سەرچاوەی ئەم بابەتە، هەموو ئەو نیشتەجێیانە دیارن. لەو شوێنانەدا کاری گڵسازیی کراوە. بە نزیکەی هەموو ناوچەکەدا بلاون، بەڵام لە دەشتاییەکانی ناڤکور، چڕ بوونەتەوە. هەبوونی زەوی بە پیت، سەرچاوەی ئاوی زۆر، تەختایی لەبار بۆ کشتوکاڵ و لەوەڕ، ئەو چڕبوونەوەیە لێکدەداتەوە.

 

کۆی ژمارەی شوێنەوارەکانی سەردەمی عوبێد لەو ناوچەیەدا سەروو ١٠٠ شوێنەوار بوون، ڕووبەرێکی باشیان لەو کاتەدا هەبووە. هەندێکیان بە بەردەوامیی ژیانیان تێدا هەبووە و پاشماوەکانی گواستنەو لە سەردەمی حەلەف بۆ عوبێدی تێدا تۆمارکراوە. بێگومان مەبەست لە گۆڕانە لە چۆنییەتی ڕەنگ کردن و ئامادەکردنی گڵسازییەکانە. ئەو گۆڕانکارییەی نێوان ئەو دوو سەردەمە، لەو ناوچەیەی پارێزگای دهۆکدا، تەواو دیارە و مۆرکی باکووری میسۆپۆتامیای پێوەیە، کە لەوانەی باشوور جیان. جگە لە شاری موسڵ، هیچ شوێنەوارێک نەدۆزراوەتەوە کەلتووری تەواو وەک باشووری میزۆپتامیا بووبێت

 

لەگەڵ دەرکەوتنی شانشینی ئاشوورییەکان، ژمارەی نیشتەجێیەکان لە دەشتایی ناڤکور تا دەگاتە دهۆک بە ڕێژەی ٣٠٪ کەمیان کردووە و دواتر بەرەبەرە دەرکەوتوونەتەوە و ١٥٠٪ زیادیان کردووە. ئەو گڵسازییانەی بە نەینەوا ٥ ناسراون لە کۆتایی هەزارەی ٤ و سەرەتای هەزارەی ٣ بەر لە زایین، دەردەکەون. لە هەمان کاتدا نیشتەجێی گەورەتر وەکو ئەوەی لە الحواء بە پانتایی ٢٤ هێکتار (٢٤٠ هەزار مەتر دووجا) بڵاو دەبێت

 

هەڵکۆڵین لە گرێ گۆمەڵ (گردی گۆمەڵ) لە دەشتایی ناڤکور نیشانی داوە لە نێوان شانشینی نەینەوا ٥ بۆ هەزارەی ٣ بەر لە زایین، ئەو گردە ناوەندێکی گرنگی ناوچەکە بووە. لەو کاتەی شانشینی نەینەوا ٥ دەرکەوتووە، ڕووبەری ئەو ناوەندە ١٥ هێکتار بووە. بە چەندان گوندی کشتوکاڵساز دەورەدراوە. دواتر بۆ نزیکەی ٣٥ هێکتار گەورە بووە. ئەوە بەڵگەیە بۆ ئەوەی پێشکەوتنی نیشتەجێی مرۆڤی کۆن لە ڕۆژهەڵاتی دیجلە، هەبووە

 

سەرچاوە

 https://www.researchgate.net/publication/337946361