ئەی ڕوسیا مافی خۆی نییە؟؟

ئۆکتۆبەری ١٩٦٢ بوو یەکێتی سۆڤیەت مووشەکی مەودا ناوەندی بە هەڵوەشاوەیی خستە سەر کەشتییەکانی و ناردی بۆ کوبا. ئەو کات ئۆلێک پینکۆفسکی سەر بە کەی جی بی ئەو هەواڵە دەگەیەنێتە بەریتانیا و لەوێشەوە بۆ ئەمەریکا. ئەوەبوو قەیرانێکی نێودەوڵەتیی لێوە پەیدابوو، ئەگەرچی نەگەیشتە پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوە، بەڵام بارودۆخی پێوەندییەکانی هەردوو بلۆکی وارشۆ و ناتۆ زۆر لە ئێستەی ڕووسیا و ناتۆ گرژتر بوو. جەنگی سارد لەوپەڕیدا بوو

سەرۆکی ئەمەریکای ئەوکات جۆن کێنێدی بە خرۆشۆفی گوت، پاپۆڕەکانتان نقوم دەکەین ئەگەر نەکشێنەوە چونکە ئەوە بۆ ئەمەریکا بابەتی مان و نەمانە، هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی. ڕووس نەدەکشانەوە ئەگەر مەرجەکەی ئەوانیش نەهاتبایە دی. بۆیە ڕێککەوتن مووشەکەکانی کوبا بکشینەوە، بەڵام دەبێ ناتۆ (ئەمەریکا) مووشەکەکانی خۆی لە تورکیا بکشێنێتەوە. ئەوە، کرۆکی ئەو لێک تێگەیشتنەی ئەو کات بوو، بۆیە نەگەیشتە ئەوەی پێکدادەن. هەردوو لا مووشەکەکانیان کشاندەوە


هەمان سیناریۆیە و دووبارە دەبێتەوە. ئەمجارەیان ناتۆ دەیەوێ بگاتە سنووری ڕووسیا، لە دەریای بالتیک هەرسێ وڵاتی ئیستۆنیا، لاتڤیا و لیتوانیا چونە ناو ناتۆ، لە ڕۆژئاوای ڕووسیاشەوە لەودیوی بیلاڕووس و ئۆکراین، ئەوە پۆڵاند، بولگاریا، ئەلبانیا، کرواتیا، چیک، مۆنتینیگرۆ، ماکدۆنیای باکوور، ڕۆمانیا، سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا و هەنگاریا. لە هەموو ئەوروپای ڕۆژهەڵات تەنیا بیلاڕووس و ئۆکراین ماون و ئەو دوو وڵاتە بەربەستی گەیشتنی ناتۆن بۆ سنووری ڕووسیا

ناتۆ لە ئۆکراین بێت بۆ ڕووسیا وەکو ئەمەریکای ساڵی ١٩٦٢ دەبێتە بابەتی مان و نەمان. چۆن کێنێدی گوتی ئەگەر نەکشێنەوە لێتان دەدەین، ئەگەر بەوە دەبێتە جەنگی ئەتۆمیی، کەواتە دەبێ ببێ و ئێمەیش دەیکەین. ئێستە پوتین هەمان هەڵوێستی هەیە. مان و نەمانە و ئەگەر بگاتە جەنگی ئەتۆم، دە با ببێ. بە هیچ جۆرێک ڕووسیا ئەندامییەتی ئۆکراین لە ناتۆ قبووڵ ناکات، دەگاتە جەنگی جیهانیی سێیەم؟ دە با بگات


ئەگەر بەراوردی هەردوو هەڵوێست بکەین، تەنیا کات گۆڕاوە. هیچی دیکە لە باسەکان و هەڕەشەکان نەگۆڕاوە. جەنگی سارد هەبوو و گەیشتنە ڕیککەوتن، ئێستە جەنگی ساردیش نەماوە، هەر دەبێ بگەنە لێکتێگەیشتن و دەشگەن. لە سەردەمی جەنگی سارددا، هەردوو جەمسەر هەرچی تاوان هەیە لە مێژووی هاوچەرخدا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان کردوویانە. پوتین پەروەردەی یەکێتی سۆڤیەتە و دەزانێ چی لە ڕێگایە. هەرچی ناتۆیە، هەمان پرەنسیپی جارانی هەیە، خۆی بە مافەکانی مرۆڤ و ڕادەربڕین داپۆشیوە. لەسەر هەمان نەزمی جاران بەڕێدا دەڕوات


ئەگەر ناتۆ بگاتە ئۆکراین، ئەوا ئەو بەندەرە سەربازییەی لە سەرەتای هەبوونی یەکێتی سۆڤیەتەوە کەشتییە سەربازییەکانی سۆڤیەت و ڕووسیای ئێستەی لێ لەنگەر دەگرێ و هەموو هێزی دەریایی ناوچەی دەریای ڕەشی لێیە و دەکەوێتە نیمچە دوورگەی کریمیا، دەبێتە بنکەی ناتۆ. لە جیاتی ڕووسەکان دەکرێ کەشتیگەلی شەشەمی ئەمەریکا لە کریمیا بێ!  لە کوردستان و زۆر جێی دیکەی جیهاندا، لە دوژمنداری دوو بنەماڵەدا قبووڵ نییە بچیە بن لووتی دوژمنەکەت خانوو بکڕی یان بگری، یان دەتکوژن یانیش دەبێ بیانکوژی. ئەی چۆن ڕووسیا لە ناتۆی قبووڵ دەکەن


گومان لەوەدا نییە ڕووسیا ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دەپارێزێ. سەرکۆنەکردنی وڵاتانی جیهان بۆ داگیرکردنی ئۆکراین لەوەوە سەرچاوەی گرتووە لە سەدەی بیست و یەک ، لە ناو ئەوروپادا ڕوودەدات. دژبەریی ڕووسیا و پشتگرتنی ئۆکراین لەبەر چاوی ڕەشی ئۆکراینییەکان نییە. بەڵکو دیارە ناتۆ نەیدەزانی ڕووسیا کارێکی لەو جۆرە دەکات و پێشبینی نەدەکرد بەو شێوەیە بیکات. بە مامەڵەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، تێکەوتبوو


لە سەرێکی دیکەوە، ئەی ئۆکراین و گەلەکەی چەند سەد ساڵێکە نەبوونەتە سووتەمەنی بۆ پاراستنی ڕووسەکان؟ ئەی چەندین ساڵە ژێر دەستەی ئەوان نەبوون، بە دەردی هەموو نەتەوەکانی دیکەی ژێر دەستەی رووس نەچوون؟ کامیان تاڵی حوکمی ڕووسیان نەچەشتووە؟ چ لە سەردەمی تسار و قەیسەر بێ یان سوپای سووری سۆڤیەت بێ. ئەگەر ئۆکراین و ڕووس هەمان نەتەوەن ڕووس نەیدەچەوساندنەوە و نەدەبوونە تەپ و تۆزی سیاسەتی سۆڤیەتی شیوعی


هەر هەمان سەرچاوەی مامەڵەو بە کەمزانینی ڕووسەکان بوو، هەموو وڵاتانی بلۆکی سۆڤیەتی پێشووی پاڵنا خۆ بخەنە ژێر سێبەری ناتۆ. نەکا دووبارە ببنەوە خزمەتکاری بەرژەوەندییەکانی ڕووس. لە هەمان ڕوانگەوەیە ئۆکراین مەبەستی بوو بچێتە ناو ناتۆ، هەر نەبێ لەوێدا هاوڵاتیانی ئەوروپا هەمان ماف و ئەرکیان هەیە، ستانداردی ژیانیان دەگۆڕێ و دیکتاتۆری ٣٠ ساڵە و ٤٠ ساڵەی سەر کورسی نامێنێ. هەناسەی ئازادی و هەستکردن بە بوونی خۆیان، دەژیەتەوە. بەشێک لەو ویستە ناکۆکی نێوان خەڵکەی ڕۆژئاوای (ئۆکراینی) لەگەڵ ڕۆژهەلاتی (ڕووس)ە. ئۆکراینەکان دەیانەوێ ببنە ئەندامی ناتۆ، ڕووسەکانی ناو ئۆکراین، لە ڕۆژهەڵات دەژین، نایانەوێ


نووسینەکانی پێشووم لەو هەستەی ئەو نەتەوەیەوە سەرچاوەی دەگرت، ئێمەی کورد هەست بە ئازاری لەو چەشنە دەکەین. دەزانین نەتەوە باڵا دەستەکان چ بە ژێر دەستەکان دەکەن. ڕووسەکان هێندە بە لووت بەرزی مامەڵە لەگەڵ دەورووبەریاندا دەکەن، بەرهەمەکەی ئێستە دەدروونەوە. بۆیە ئەو گەلانەیان ناچارکرد پشتیان تێبکەن. هەرچی ئۆکراینەکانن، جۆش و خرۆشی ٢١ ساڵەی سەربەخۆیی دەیانهێنێتە ئەو بارەنگاربوونەوەی دەیکەن