تەپەگەورە ناوبانگێکی جیهانی لە شوێنەوارناسییدا هەیە. لە لایەن شوێنەوارناسی لاو ئیفرایم سپیسەر لە ساڵی ١٩٢٩ دۆزراوەتەوە. سپیسەر دوای تەواوکردنی نامەی دکتۆراکەی لە ساڵی ١٩٢٤، کۆمەڵێک لە زانکۆ و دامەزراوەکان بۆ گەڕان بەدوای شوێنەواردا ناردوویانەتەوە عێراق. لە نامەیەکیدا نووسیویەتی تەپەگەورە کۆنترین شوێنەوارە لە باکووری عێراقدا هەڵکۆڵینی بۆ بکرێت
لە نێوان ١٩٣٢ بۆ ١٩٣٨ کنە و پشکنینی لە لایەن زانکۆی پانسیلڤینیا، بۆ کراوە. لە کاتی کارکردن تێیدا، شوێنەوارەکە لە ڕووی شوێنەوارەوە زۆر دەوڵەمەند بووە. بابەتی زۆری لێ دۆزراوەتەوە (سەروو ٥٠٠٠ پارچە). تەپەگەورە نزیکەی ٢٨ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای شاری موسڵە. لە نێوان زاگرۆس و ڕووباری دیجلەدایە، نزیک چیای مەقلوبە. ئەو کاتە ڕێڕەوێکی هاتووچوون لەگەڵ دەشتاییەکانی ئێران بووە. بۆیە، تەپەگەورە بە دڵنیاییەوە بنکەیەکی بازرگانیی گرنگی ئەو ڕێڕەوە بووە. بەشێک لە بارەکانی هێنانی بەرد و یاقوتی بەنرخی بەرزاییەکانی زاگرۆس و حەوزی دیجلە لە باکوور جگە لە بەرهەمی دیکەی ئاژەڵان و بەرووبووم، بە تەپەگەورەدا بەرەو سۆمەر چووە. چەقی کۆمەڵگەیەکی بچووکی سنووری میزۆپۆتامیا بووە
هەڵکۆڵینەکان لە تەپەگەورە ٢١ چینیان دەستنیشان کرد و لە سەرەوە بۆ خوارەوە لە ١ بۆ ٢١ ناویان نا. هەر چینێک لەو ٢١ چینە لادێیەک بووە. کۆنترینیان، کە دەکاتە چینی بنی بنەوە لە ساڵی ١٩٣٢ پێیان وابووە بۆ نێوان هەزارەی شەشەم و چوارەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە. زانستی ئەوکات ئەوەندەی لە هەگبەدا بووە. لە هەڵکۆڵینەکاندا ١٠ چینی سەردەمی ئەکادییەکان تا سەرەتای کەلتووری ئوروک (نزیکەی ٤٢٠٠ ساڵ پ.ز)، دەستنیشان کرا
قوتابخانەی شوێنەوارناسیی ساڵانی ٣٠ سەدەی رابردوو زۆرتر بەدوای مێژووی کەلتووردا دەگەڕا. بە دوای ئایین، خانوو بەرە، تەکنۆلۆجیای بەردەستیان و خووە باوەکاندا دەگەڕان تا بڵاوبوونەوەی مرۆڤ و هزری مرۆڤ، بە کۆچ و لێکجیابوونەوەکان تێبگەن. بەڵام لە سەرەتای ٦٠ەکانی سەدەی ڕابردوو ئەوە گۆڕا. شوێنەوارناسیی لە گۆڕانەکانی کەلتووری کۆمەڵگەوە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەکانی دەڕوانی. ئەو قوتابخانەیە لە هەڵسوکەوتی مرۆڤ، دامەزراوەکانی ئایین، ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ورد دەبێتەوە. بۆیە دوای ئەوە شوێنەواری تەپەگەورە کەوتە پشتەوەی هەموو کارەکان و لە بیرکرا
لە سەرەتای ٨٠کاندا گویلێرمۆ ئالگەیز قوتابی لە زانکۆی شیکاگۆ، سەرنجی دا شێوازی نەخشاندنی گڵسازیی لە میزۆپۆتامیا لە هەزارەی چوارەمی پێش زایین بە باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا بڵاو دەبێتەوە. بینی لەو ماوەیەدا تەکنیکەکانی گڵسازیی بە دەورووبەری چەقی میزۆپۆتامیادا بڵاو دەبێتەوە. لە کۆتایی سەردەمی ئوروک ٥دا، لە دوایین ١٥٠ ساڵی هەزارەی پێنجەمی بەر لە زایین، گڵسازیی ئوروک لق و پۆپی لێ دەبێتەوە . بە تایبەتیش لە دەشتاییەکانی ژێر دەستی ئاشوور دواییش تا دەگاتە گرد و بەرزاییەکانی باکوور. لەو شوێنەوارانە حبوبە کبیرە و جبل ارودە لە کانارەکانی فورات
بۆیە ئالگەیز بیردۆزێکی داڕشت تیایدا دەڵێ شارەکانی باشووری میزۆپۆتامیا پێشکەوتوو و باڵادەست بوون. خاوەنی دامەزراوەی بەڕێوەبردن، ئابووریی و سیاسیی بوون، بۆیە ئەوان لە شارەکانەوە، کە بە لادێ و نیمچە شارەکان دەورەدرابوون، چەقی دەسەڵاتی میزۆپۆتامیا و هەموو ناوچەکانی دەورووبەریان بوون. خەڵکانی دەرەوەی سنووری میزۆپۆتامیای ئەو کاتە لە کۆمەڵگەی بچووک بچووک و پەرتەوازەدا دەژیان و شارستانییەت و خۆبەڕێوەبردنیان نەبووە
بەو پێیە، تەپەگەورە لە ناو دەستەبژێری شوێنەوارناسان و شوێنەوارناسییدا هاتەوە مەیدانی مشتومڕ. بۆ سەلماندنی بیردۆزە تازەکەی ئالگەیز دەبوایە بگەڕێنەوە تەپەگەورە و دووبارە هەڵکۆڵینی تێدا بکەنەوە، بەڵام بۆ ئەو کاتە ئەستەم بوو کەس بتوانێ بێتە تەپەگەورە. بۆیە لە جیاتی ئەوە گەڕانەوە ئەرشیفی هەڵکۆڵینەکانی یەکەم. دوای ڕێکخستنەوە و دابەشکردنی پارچە دۆزراوەکان بەپێی چینەکان و دواییش بە پێی شوێنیان لە ناو شوێنەوارەکەدا، توانیان بیردۆزەکەی ئالگەیز، یەکلا بکەنەوە
بەڵگەکان لە ناو ئەرشیفەکانی مۆزەخانەی پانسێلڤینیا هەبوون. بۆ نموونە، لەو سەردەمەدا جارێ نووسین دانەهاتبوو. بۆیە کاربەدەست و خاوەنەکان مۆری قوڕیان لە سەر کۆپەڵە و کۆگەکان بەکاردەهێنا. ئەو مۆرە قوڕانە بەپێی کەس و دامەزراوەکان نەخش و هەڵکۆڵینیان لەسەر کرابوو. جگە لە کەسانی دەسەڵاتیان پێدراوە، کەس نەیدەتوانی ئەو مۆرانە لاببات وکوپەڵە و کۆگەکان بکاتەوە. مۆری قوڕی تەپەگەورە هەبووە و دۆزراوەتەوە. بڕوانە لاپەڕە ٥ لە سەرچاوەکەی ئەم بابەتە. ئەوە بەڵگەیە بۆ ئەوەی لە تەپەگەورە دامەزراوەی دەسەڵات و سیستەمێکی ئابووری هەبووە
پاشماوەکان جێی سەرنجی شوێنەوارناسییە. چونکە ئەو بابەتانەی دەدۆزرێنەوە ئاڵۆزیی و پێکهاتەی دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکانمان تێدەگەیەنن. گۆڕەکانی تەپەگەورە جیاوازی تەواو نیشان دەدەن. بە گشتیی مردووەکان لە ناو کوپە، یان چاڵێکی خڕی بە بەرد دەورەدراو نێژراون. بەڵام هەیانە تەنیا گۆزەڵەیەکی لەگەڵ دانراوە، هەیە ئامرازی بەرد و پەیکەر، جیا لەوانیش هەیانە خشڵ، زێڕ و بەردی بەنرخی جۆراوجۆری لەگەڵ نێژراوە. ئەوە بەڵگەیەکی دیکەی یەکلاکەرەوەیە دەیسەلمێنێ لە تەپەگەورە چینبەندیی کۆمەڵایەتیی و دەسەڵات هەبووە. ئەوە هاوشێوەی پێشکەوتن و گۆڕانکارییە لە شارەکانی میزۆپۆتامیای باشوور هەبووە
کەواتە بیردۆزەکەی ئالگەیز نەیتوانی خۆی بسەپێنێ. شار و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی دەرەوەی میزۆپۆتامیای باشوور، بە تایبەتی ئەوانەی لە باکوور بوون هەمان پێشکەوتن و گۆڕانی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، ئابووریی و سەربازییان هەبووە و هاوتەریب لەگەڵ شارەکانی میزۆپۆتامیای باشوور بەرەوپێش چوون
سەرچاوە
https://www.researchgate.net/publication/345214075