لە منداڵیمدا، قەڵای قەڵادزێم زۆر پێخۆش بوو، ئارەزووم دەکرد ڕۆژێک بتوانم بچمە سەر قەڵات و تەماشای خوار خۆم بکەم. ئەوەندەی من لە قەڵادزێ بووم هەردەم ئەو شوێنە پڕ بووە لە سەربازی سوپای عێراق. بابم زۆر جار دەگێڕێتەوە چون لە کاتی گەنجی خۆیاندا بە گردی حوسنی و قەڵاتی قەڵادزێدا، لەگەڵ هاوڕێیانیدا ساڵانی پەنجاکان و شەستەکانیان بەسەر بردووە. ئارەزووم بوو بتوانم ئەو دوو شوێنە ببینم. دوای ٢٠١٠ گردی حوسنیم دی، بەڵام ئەو قەڵاتەم هەر نەدی
لەهەر کەسێکی قەڵادزێ بپرسی ئەو ناوە لە چییەوە هاتووە، دەڵێ قەڵات و دوو زێ. بە واتای ئەوەی قەڵاتێکی لێیە و دوو ئاو لە هەردوو لای شارەوە دێنە خوار. ئەوەندەی پرسیومە، وەڵام بۆ مێژووی قەڵادزێ ئەوە بووە، شارێکی کۆن نییە. لە سەرەتای ١٩٠٠ یان چەند ساڵێک بەر لەوە ئاوەدان کراوە. واتا ئەو کاتە وەکو سیمای دێ یان شارێکی لێهاتووە. تەواو باوەڕم بەوە هەبوو مێژووەکەی هەر ئەوەندە دەبێ
پرۆژەیەکی یەکجار گەورەی شوێنەوارناسیی بۆ ناوچەی ڕۆژئاوای زاگرۆس، بە پاڵپشتی چەندین زانکۆی ناوداری جیهان، لە ئارادایە. هەموو ئەوانەی لە دەشتی ڕانیە و پشدەر کاردەکەن بە ڕێنوێنی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی بەڕێوەدەچن و لەگەڵ ئەوان کاردەکەن. پێشتر بابەتێکم لەسەر گردی سەیدئەحمەدان بڵاو کردەوە، دەرکەوت ئەو گردە چەند کۆنە و بایەخی شوێنەوارناسیی و مێژوویی چەند گرنگە. وا دیارە قەڵاتی قەڵادزێ هەمان مێژوو و بگرە کۆنتریشی هەیە
تیمێکی هاوبەشی زانکۆی ڤینیسیای ئیتالیا، لەگەڵ زانکۆی ئەمستردامی هۆڵاند سەردانی قەڵاتی قەڵادزێیان کردووە. سەردانەکەیان لە ساڵی ٢٠١٣ بووە، تەنیا بۆ ڕووماڵکردنی شوێنەکە بووە. جارێ مۆڵەتی هەڵکۆڵینییان نەبووە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ئەم بابەتەی لێ وەرگیراوە تا کاتی نووسینی ڕاپۆرتەکە لە ساڵی ٢٠١٦ هەر ئەو مۆڵەتەیان دواکەوتووە و ڕێیان پێنەدراوە. بۆیە بڕیاریان داوە ڕاپۆرتی سەرەتایی ڕووماڵەکەیان بڵاوبکەنەوە
پێشتر، لە ساڵی ١٩٥٧ لەو کاتەی یۆرگن لایسۆی لە گوندی شمشارەی نزیک دەربەندی پشدەر کاری کرددوە، بە مەبەستی ناسینی قەڵاتەکە، سەردانێکی قەڵاتی قەڵادزێشی کردووە. هیچی لەو سەردانە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام لە پەڕاوی خۆی ئەو سەردانەی لە ڕۆژی هەینی ٢١ حوزەیران ١٩٥٧، تۆمار کردووە. نووسیویەتی "قەڵادزێ لە رانیە سەرنجڕاکێشترە. قەڵاتێکی تا ڕاددەیەک گەورەی لێیە. بنکەیەکی پۆلیسیشی لەسەر دانراوە"
بەزری قەڵای قەڵادزێ ٢٠ مەترە و ٦٠٥ مەتریش لە ئاستی دەریاوە بەرزە. دەبێ چەندین نشینگەی کۆنی لە ژێر خۆی هەبێ. تەنیا ئەوەی ئەو تیمە لە ڕووی سەرەوەی قەڵاتەکە دۆزیویانەتەوە لە پارچە و پوچی دیزە و گۆزەڵەی شکاو، نیشان دەدات ٤٠٠٠ ساڵ پێش زایین، مرۆڤی لێ ژیاوە. واتا لە چاخی بەردینی نوێدا، مرۆڤ لە قەڵاتی قەڵادزێ ژیاوە. دواتریش چاخی پرۆنز، چاخی ئاسن و هەرسێ سەردەمی کۆن، ناوەڕاست و نوێی ئاشوورییەکان). دۆزینەوەی وردتر و کۆنتر هەڵکۆڵینی شارەزایانی بواری شوێنەوارناسیی دەوێ. لە لای باشووری قەلاتەکە، داڕمانی پێوە دیارە و هەندێ بەرد دەرکەوتوون، هەندێکی دیکەیش بەرەو خوار خلۆر بوونەتەوە. دیارە ئەوانیش هەر لەوێوە هاتوونەتە خوار
ناوچە شوێنەوارییەکەی قەڵات هەموو پێکەوە ٦٠ هەزار مەتر دووجایە (٦ هێکتارە)، قەلاتیش بەتەنیا (١.٧ هێکتارە )١٧٠٠ مەتر دووجایە. ٤٦ مەتر لە هەردوو خڕەکەی تەنیشتییەوە بەرزە. خاکی ڕەسەنی بن قەڵاتەکە لە بەرزی ٥٨٥ مەتر لە ئاستی دەریا دەستپێدەکات. ڕەنگی سوورێکی تۆخی هەیە، لەسەر ئەو ئاستە چینێکی وردەبەردی ڕەنگ رەساسی لەسەر هەیە نیشانەی دەستکاری مرۆڤە لە چاخی بەردینی نوێدا
بە بەکارهێنانی ئامێرەکانی تیشکی موگناتیسی ڕووبەی ٨٨٠٠ مەتر دووجا ڕووماڵکرا. دەکرێ بگوترێ قەڵاتەکە شوێنەوارە. لەبەرئەوەی مۆڵەتی هەڵکۆڵینیان نەبووە تەنیا لە بەشەی خوارەوەی لای ڕۆژئاوا لە سەر ڕووی لای داڕماوی قەلاتەکە گەڕاون. داڕمینەکە یارمەتی داوە هەندێک لەو پارچە گۆزە و دیزانە دەرکەون. لە ماوەی دوو ڕۆژ گەڕان بەدوای هەر پارچەیەکی مرۆڤی کۆن لە چواردەوری قەڵاتی قەڵادزێ، ٢٥٢١ پارچە دۆزرانەوە. ٤٤٧ لەوانە بۆ توێژینەوەی وردتر بە سوودن چەنکە پارچەی دیزە و گۆزە و بابەتی دیکەی گڵسازیین. زۆربەی هەرە زۆریان لە قەڵاتەوە لەگەڵ چەندین ساڵی با و باران هاتوونەتە خوار
پارچە دۆزراوەکان، گڵسازیی کاری دەست و سەر چەرخەی تێدایە. واتا، هەیان بە دەست دروستکراون، هەشیانە لەسەر چەرخە سووڕاوە و تا شیوەکەی وەرگرێ. ژمارەیەکی باش لەوانەی دۆزرانەوە بە دەست دروستکرابوون. بۆ زانیاری زۆرتر دەبێ بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێ. بەشێکیان ڕەنگی پرتەقاڵی هەبوو، بەشیکی دیکە بۆری قاوەیی تێکەڵ. ئوەیش نیشانەی ئەوەیە ئەو ئاگرەی تێیدا دروستکراوە زۆر گەرم نەبووە و کەمو زیاری کردووە
٤٢ پارچە بەردی تیژ لە باکووری ڕۆژئاوای قەڵاتەکە دۆزرانەوە. ئەو جۆرە بەردانە بۆ چاخی بەردین دەگەڕێنەوە و لە لایەن کۆمەڵەڕاوچییەکانی بەر لە کۆمەڵگەی کشتوکاڵ بۆ داماڵینی گۆشت لە نێچیر، بەکارهاتوون. پێنچ پارچە بەردی خڕ دۆزرانەوە کونێک لە ناوەڕاستیدا هەیە. ٣١ پارچەی بەردئەستێ (بەردی ئاگرکردنەوەیە) و ٥ بەردەشووشە هەبوون. پارچەیەکیش لە جامێکی خڕی بچووکی بەرد دۆزرایەوە. بابەتەکانی لە بەرد دروستکراون دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمانی پێش گڵسازیی، بۆیە ئەو شوێنەوارەی قەڵات بۆ چاخی بەردین دەگەڕێتەوە
دۆزراوەکانی قەڵاتی قەڵادزێ تیمەکەی گەیاندە ئەو ئەنجامەی، کە قەڵاتەکە ٤٠٠٠ ساڵ پێش زایین تەواو ئاوەدان بووە. لە دوای ئەوەوە کەمی کردووە، کەمێک شوێنەوار و پارچەی هەزارەی سێیەم لە هەردوو دەشتی ڕانیە و پشدەر هەن. بەڵام لەوانەی پێش خۆیان کەمترن. هەتا پشکنینی تەواوی بۆ نەکرێ دیار نییە چەند پێش ئەو ٤ هەزار ساڵە یەکەمین کۆمەڵە ڕاوچییەکان، چییان لەوێ بەجێ هێشتووە