مێژووی ئایین

تۆپەڵ تۆپەڵی بچووکی مرۆڤی دێرین لێرە و لەوێ لە حەشارگە و ئەشکەوتەکاندا دەژیان، ژیانی ڕۆژانەیان بە ڕاوی ئاژەڵان و کۆکردنەوەی بەروبوومی دارە خۆڕسکەکانی ناوچەی ژیانی خۆیانەوە بەند بووە. ئەوە ژیانی مرۆڤی پێش ٣٠ هەزار ساڵ بووە. مرۆڤناسیی هەرنەبێ پێنچ هێزی شاراوەی رۆحلەبەری ئەو کۆمەڵە ڕاوچییانەی دەستنیشانکردووە. هەیانە لە ناو هەموو ئەو کۆمەڵانەدا بڵاوبووە و هەیشیانە لە ناو زۆربەیاندا هەبووە. دیاردەکانی سروشت وەکو ئەوەی هەور بەری مانگ یان ڕۆژ بگرێ، لە لای هۆزی هیندییە سوورەکانی کلاماث لە ئۆریگۆنی ئەمەریکا، ئەوە بای باشوورە و دەیەوێ مانگ یان ڕۆژ بکوژێ. هەورەبروسکە تووڕەبوونی رۆحێکی دیکەیە لە دەنگ و ڕەنگی هەورەبرووسکەدا خۆی دەنوێنێ. هەرچی نەخۆشییە، شەیتانە بەبەرماندا دەکات و نەخۆشمان دەخات. خەونی مرۆڤیش بە مردووەکانییەوە، جۆرێکی دیکەی هێزی پشت سروشتە و نامەمان دەداتێ .... هتد. لێکدانەوەی ئەو دیاردە سروشتییانە ئەوەیە چەند هێزێکی نادیاری رۆحلەبەر ئەو کارانە دەکەن.


ئەگەر لە کەسێکی کۆمەڵەڕاوچییەکانی ئەوکاتە بپرسین ئایینتان چییە، تێناگات باسی چی دەکەین. ئەو بیروباوەڕەی ناومان ناوە "ئایین" لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی ئەواندا تەواو تێکهەڵکێش بووبوون و لەیەک چنرابوون. تەنانەت لە هەموو تەوراتدا ناوی ئایین نییە، هەر وشەیەک نییە بۆ ئایین. هێزی سەروو سروشت و سروشت خۆی زاراوەی ئێمەن بۆ دەورووبەرمان، ئەوان بە هەمان پێناسەی ئێمە لەو دوو زاراوەیە تێنەدەگەیشتن. بەڵام، ئەوان دەیانزانی بۆ نموونە، ئەگەر ئێسقانی سەگ بسووتێنن باران دەبارێ، سەمای بەر باران بکەن رۆژ دەردەکەوێتەوە، دووکەڵی سووتانی پێستی ڕێوی هەڵمژن نەخۆشی دەڕەوێنێتەوە، دەموچاویش ڕەنگ بکەن رۆحی باب و باپیران یاریدەدەری ڕاوی باشتر دەبێ ... هتد. بەهەر کارێکیان لەوانە، خواوەندیک یان ڕۆحێکیان رازی دەکرد. تێنەدەگەیشتن بۆچی ڕووداوە خراپەکان روودەدەن. کەچی لێکدانەوەی ئەوان بۆ هەندێ ڕووداو لەوانەی ئایینەکانی ئیبراهیمی باشتر بووە. لە ئایینەکانی ئیبراهیمدا وەڵام نادۆزینەوە بۆچی پەروەردگار ٥٠ ساڵێک چاوەڕوان دەکات تا زانستی سەرکەوتنمان بەسەر شیرپەنجەدا دەداتێ، لەو ماوەیەدا چەند ملیۆن کەسێکی بێ تاوان بەو نەخۆشییە دەمرن و ئەویش تەنیا بینەر دەبێ!


کۆمەڵگەکانی کۆمەڵەڕاوچییەکانی بەر لە ٣٠ هەزار ساڵ هەوڵیانداوە لێکدانەوە بۆ ڕووداوە خراپەکان بکەن، بەو پێیە بە پێی تێگەیشتنی خۆیان ڕێگەچارەیان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ڕووداوە خراپەکان داناوە. بەهەردوو باردا، ئینجا بیروباوەڕی کۆمەڵەراوچییەکان بێ یان ئەوانەی ئایینە نوێیەکانی مرۆڤ، دەگەڕێینەوە هەمان سەرچاوە، هەردووکیان باوەڕیان بە هێزیکی دەرەکی نادیار هەیە وادەکات ڕووداوی خراپ رووبدات. ئینجا ئایا دەبێ ئێمە خۆمان لەگەڵ فەرمانە ئاسمانییەکاندا بگونجێنین تا خواوەند لە خۆمان ڕازی بکەین وەک ئەوەی کۆمەڵە ڕاوچییەکان دەیانکرد، یان ئەوەیە هەوڵ بدەین بە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەمان و خواپەرستیی بەردەوام، کاریگەریی لەسەر خواوەندمان دروست بکەین، تا ڕووداوی خراپمان بەسەر نەهێنێ، ئەوەیشیان ئەوەیە ئایینەکانی ئیبراهیمی پەیڕەوی دەکەن.


هیزێکی هەرە گەورەی جیهانی ئەمڕۆمان ئەوەیە پێی دەگووترێ بازاڕی پشکەکان (بۆرسە) سەدان ڕاوێژکار و ئامۆژگارکار هەن وا نیشان دەدەن دەتوانن باشتر لە ئێمە لەو هێزە تێبگەن و پێشبینیی بۆ دەکەن، بەوانە دەڵێن شرۆڤەکاری ئابووریی. ڕێنوێنی خەڵک دەکەن کەی و چەند لە کام کەرتی بازرگانی و پیشەسازییدا وەبەرهێنان بکەن. زۆربەیان لە پێشبینییەکانیاندا هەڵەن و هەیانە هەرگیز هیچ بۆچوونێکی ڕاستی نەبووە و ئەوەی پێشبینی کردووە نەهاتووەتە دی. ڕوون نییە تا چەند ڕاوێژی ئەوان سوودی هەیە. ئابووریناسی بەناوبانگ هەن ڕاوێژی ئەو شرۆڤەکارانەیان بە دڵ نییە و بە نەزانیان دادەنێن. ناکرێ نابینا دەستی نابینا بە ڕێدا بگرێ. لەگەڵ ئەوەیشدا شییکاریی پشکەکان و بازاڕەکان کارێکی پڕ قازانجە، چونکە هەر کاتێک خەڵک باوەڕیان بە هێزێکی نەناسراوی نادیار هێنا، دەیانەوێ لەو هیزە تێبگەن و بەپێی کاریگەریی ئەو هێزە بژین. هەرکەسێک توانی باوەڕ بەوجۆرە خەڵکە بهێنیت ئەو کلیلی ئەو تێگەیشتنەی هەیە، ئەوا پلە و پایەی مەزنی دەست دەکەوێت. پیاوانی ئاینییش هەمان ڕۆڵی ئەو شرۆڤەکارانەیان هەبووە و هەیە. ئینجا لە حزبی ئیسلامی هەر گەڕێ.


لە سەردەمی کۆمەڵەڕاوچییەکان و لە سەردەمی دەرکەوتنی ئایینە ئاسمانییەکانیش تا ئێستە، ئایین لە خزمەتی بەرژەوەندی کەسەکاندا بووە. ئەگەر بیروباوەڕی ئایین لەگەڵ بای مێشکی هەڵگرانی هەڵنەکا، ئەوا ناتوانێ بمێنێ. بەرژەوەندی کەسەکانیش بە زۆر شێواز دەردەکەوێ بۆیە ئایینەکەیان لەگەڵ ئەو بەرژەوەندییانەدا خۆی دەگونجێنێ. کات سەلماندوویەتی بەرژەوەندییەکان بگۆڕن. بۆیە ئایینەکان پێشکەوتنیان بەخۆوە دیوە و گەشەیان ستاندووە. ئەو گەشە ستاندنە، ئایینی کۆمەڵەڕاوچەییەکانی لە خۆ گونجاندن لەگەڵ فەرمانەکاندا بەرەو ئایینی خواپەرستیی گۆڕی، ئەوە ئەو خۆگونجاندنەیە لەگەڵ بەرژەوەندییەکاندا ڕوویداوە. کۆمەڵەڕاوچییەکان کۆمەڵگەیان بەو پێناسەیەی ئێستە هەمانە بۆ کۆمەڵگە، نەبووە. ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی دەرنەکەوتبوو و سەرکردەی سیاسیی و ئابووری جیا و لەتلەت نەبووە. کەچی پیاوی ئایینیان هەبووە، ڕووداوە سروشتییەکانی لێکداوەتەوە و لە دیدی ئەوانەوە هێڵی گەرمی پیوەندیی لەگەڵ هێزە شاردراوەکاندا هەبووە. تەنانەت ئامۆژگاری خەڵکیشیان بەودا ناردووە.


پیاوی ئایینی ئەوکات لە ناو گەلی تونگوس لە سایبیریا پێی دەگووترا شامان، واتا "ئەو کەسەی دەزانێ". شامان لە ئەمەریکای هیندە سوورەکاندا ڕۆحی دەچووە بەر و لەوەوە دەدوا. شامان هەبووە دەنکە تۆوێکی لەدەست گرتووە تا دوژمنێک لەودیوی چیا بکوژێ. شامان لە ئوسترالیا پارچە ئێسقانێکی بۆ دەستنیشانکردنی قوربانی بەکارهێناوە و بۆڵەبۆڵێکی لەبەر خۆیەوە کردووە تا ئەو کەسە بفەوتێ، ئەوە چەکە کوشندەکەی بووە. هەر لەوێ ئەرکی هەندێک شامان بووە نەهێڵێ خۆرگیران درێژەبکێشێ، دیارە ئەو ئەرکەی بە ئاسانی پێ کراوە. شامان لە ئەسکیمۆ چووەتە سەر مانگ یان بووەتە ورچ. شامانی ئەمازۆن بە خواردنی دەرمانێک بووە بە پڵنگی جاکوار. لە دوورگەکانی ئەندامانی نزیک تایلاند و مالیزیا، شامان ئاگری بەدەستەوە دەگرت تا خەڵک لە نەخۆشی بە دوور بگرێ و ڕۆحەکان لێک دوور بخاتەوە. شامانی باشووری ئالاسکا، بۆ ئەوەی نەخۆش چاک بکاتەوە تا لە پەل و پۆ دەکەوت لە دەوری نەخۆش هەلەکەسەمای دەکرد و هەڵدەپەڕی. هەموو ئەو شامانەنە و ئەوانی دیکە کە لێرەدا باس نەکراون، وایان نیشانداوە لەگەڵ هێزێکی شاراوەی بڕیاردەر، لە پێوەندیدان. شامان یەکەمین هەنگاوی دەرکەوتنی ئایینەکانن، کە دواتر دامەزراوەی خۆیان بۆ پەیدابوو تا پارێزگاریی لە بیروباوەڕەکان بکات. شامان یەکەمین هەنگاوی دەرکەوتنی پاپا و ئایەتوڵڵا بووە.


دەرکەوتنی شامان لە ناو کۆمەڵە ڕاوچییەکاندا ڕووداوێکی سروشتیی بووە. ئایینی سەرەتایی بریتیی بووە لە گێڕانەوەی چیرۆک بۆ یەکتری و لێکدانەوەی ڕووداوە باش و خراپەکان. ئینجا چۆن پێشبینییان بکەی و چۆن بە باش بیانگێڕی بە ئارەزووی شامانەکە بووە. لەو بارەدا هەرکاتێک یەکێک (ڕاوچی ٣٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر بێ یان شرۆڤەکاری بازاڕی سەدەی بیست و یەک بێت) چیرۆکەکەی باشتر بهۆنێتەوە، باشتر لێکدانەوەی ڕووداوەکان بکات، پێشبینی بکات و وایدەرخا دەتوانێ هەندێ شت بگۆڕێت. ئەوا دەبێتە پێشڕەوی ئەو بوارە و ناوبانگی دەبێت. لە هەندێک کۆمەڵگەدا وەچەی شامان هەر شامان بووە. ئەو کێبەرکێیەی شامانەکان لە کۆمەڵگەکانی هاوچەرخدا، بە تایبەتیش کۆمەڵگەکانی وڵاتە دواکەوتووەکان، تا ئێستە ماوە و پیادە دەکرێت.


دەبوایە شامانەکان متمانەی خەڵک لەدەست نەدەن، بەڵام چۆن ئەو کارەیان کردووە؟ خۆ نە هیچ هێزێکی گەورەیان لە پشت بووە و نە هیچیشیان بەدەست بووە. نەخۆشییەکانیش وەکو خۆرگیران هەر کاتیین بۆیە شامان پلەی پێی بەرز دەبێتەوە. شامان لە کۆمەڵگەی دیکەدا  هەبووە دەستی بۆ کیشەی گەورە نەبردووە و پاساوی جۆراوجۆری هێناوەتەوە. دەکرێ چاک نەبوونەوەی نەخۆشێک لەبەرئەوە بێ جادووی لێکراوە. یان شامانێکی دیکە ناهێڵێ چاک ببێتەوە. خۆ ئەگەر ڕای یەکێک بە دڵی شامان نەبووبێ یان هەڕەشە بووبێ لەسەر کارەکەی، ئەوا کردوویەتییە هۆکاری کارەساتیک و لەناوی بردووە. بە مردنی منداڵێکی شامانیش دەکرێ پلەی شامان لەدەست بدات، چونکە نەیتوانیوە منداڵەکەی خۆی چاک بکاتەوە. چی ئەوەی شامان بەهێز بێت یان ئەوەی بی هێز بێت و پلە و پایەی لەدەست بدات، هەر بیروباوەری ئایینە لەو کۆمەڵگەیەدا. دەبێ لەجێێ شامانی دۆڕاو، شامانێکی دیکە قوت ببێتەوە.


تویژینەوەکانی کۆمەڵناسیی دەڵێن شامانیزم (ئەگەر بتوانین وای ناو بنێین) بناغەی دەرکەوتنی کەسی سیاسیی لە ناو کۆمەڵگەکاندا، بووە. یەکەمین سەرکردەی سیاسیی گەلانی بوریات (کۆمارێکی سۆڤیەت بوو، دەکەوێتە باشووری سایبیریا و بەشێکن لە خێڵەکانی مەنگۆل) شامان بووە. بۆ شامان و سیاسیی یەک وشە هەیە. لە زمانی ئینویت (بەشێکن لە ئەسکیمۆ، لەوپەری باکوور دەژین) دوو وشەی زۆر لەیەک نزیک بۆ شامان و سیاسیی (ئەنگەکۆک و ئەنگەیکۆک) هەن. لە زۆر کۆمەڵگەدا شامان بڕیاری جەنگ و ئاشتی لەدەست بووە. لە شکستی چاککردنەوەی نەخۆش و هێنانی باراندا، تۆمەتی داوەتە پاڵ شامانی خێڵی دراوسێ، هەمان هەڵسوکەوتی سیاسیی ئێستەیە بۆ پاساو هێنانەوەی شکستی ناوخۆ لە هەموو وڵاتە دواکەوتووەکان و خاوەن دکتاتۆرەکان، دەستی دەرەکیی و پیلانی دەر و دراوسێ پاساوە.


لە گەشتی مرۆڤایەتیی لە کۆمەڵەی ڕاوچییەوە بەرەو دەرکەوتنی کشتوکاڵ، ئەو پێکهاتە سادەیەی کۆمەڵگە، کە پشتی بە بۆچوون و پایەی شامانەکانەوە دەبەست وەکو خۆی مایەوە. شامان ئەرکی دیکەی هاتە سەر، کاریگەریی تواناکانی بۆ کشتوکاڵی بەبەرهەم، دەبێ ئەنجامی هەبێ و هەموو ئەو کۆمەڵگەیانە پشتیان بە خواوەندی شامانەکانی شۆڕشی کشتوکاڵ، بەستبوو. هزری پاڵپشتی خواوەندەکان بۆ دەسەڵاتی سیاسیی دەرکەوت. ئەو ئایینەی شامان سرێشی لەیەک گرێدانی ئەندامانی کۆمەڵگەی ئەو کاتە بوون. کۆمەڵگەکان وەکو یەک جەستە و دەست کاریان دەکرد و پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا کۆمەڵگەی نوێتری بەرهەم دەهێنا. لە هەرجێیەک بای، دەبوایە سوپاسگوزاری خواوەند و شامان بای. بەڵام شامان لە پۆلۆنیزیا سەرتۆپی کۆمەڵگە بوو، چەندین ئافرەتی بە شەو و ڕۆژ لە خزمەتدا بووە. چینێکی دەسەڵاتداری سک تێر بوون. لە هاوای، خواردنی چەور و پڕ پرۆتین هەر بۆ ئەوان بووە، لە نەبوونییاندا، خەڵکی ئاساییش گیا و ڕووەکی خواردووە. مەلای ئێمەش تا ١٠٠ ساڵ پێش ئێستە، هەر وا دەژیان. لەسەر سکی خەڵک بەڕێوەدەچوون.


لە قۆناغی دوای دەرکەوتنی کشتوکاڵ، لە پێشکەوتنی ڕێکخراوەیی کۆمەڵگەکاندا شارەکان دەردەکەون، شارەکانیش بوونە دەوڵەتەشاری ئەو کاتە، هەر شارەو بەتەنیا وەکو دەوڵەتێک بووە. لە هەر شارێکدا خوایەک و پەرستگەیەک هەبوو. خوای هەموو شارەکانیش بە خوێن خزم و کەسی یەکتری بوون. لە هەزارەی سێیەمی پێش زایین بازرگانییکردن یان جەنگ لە نێوان شارەکان گەشەی دەکرد، بەڵام چۆن لە خوای یەکتریان ڕوانیوە؟ زۆربەی جار لەو بابەتەدا بێ کێشەبوون چونکە خەڵکی ئەوکات لەگەڵ کلتووری فرەخوادا دەژیان. دوای ئەو قۆناغەی دەوڵەتە شارەکان، دەوڵەتی بەرفراوان و ئیمپراتۆرەکان دەرکەوتن. دامەزراوەی فەرمیی دەسەڵات و کاروباری ڕۆژانە کەوتە دەست دەسەڵاتدارانی سیاسیی. بەڵام وەکو کۆمەڵگەکانی کۆمەڵەڕاوچییەکان و خێڵە بچووک بچووکە پەرتەوازەکانی ئێرە و ئەوێ، ئایین لە ڕووی هەرە پێشەوەی ژیان بوو. ئایینی شامان خۆی گونجاند و لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی ئەو شارستانییەتە نوێیانەی میسۆپۆتامیا و دواییش میسر، گوزەری دەکرد.


کۆمەڵگەکانی شارستانییەتی میسۆپۆتامیا پاشایان بە تاکە مرۆڤ دادەنا بتوانێ لەگەڵ خواوەندەکان بدوێ و ڕێنمایی لێوە وەرگرن. لە میسۆپۆتامیا گووتراوە، گەردوون بەرەو تیکچوون و نەمان چووە تا خۆشبەختانە پاشایەتیی دەرکەوتووە و گەردوونی ڕێکخستەوە. فیرعەونیش لە میسر تاکە کەس بووە خزمەتی خوای کردووە و وزەی ژیانی لە خواوە بۆ خەڵک هێناوە. هەرچی پاشای شارستانییەتی مایای مەکسیک بووە، بۆ سەر خەڵکی مایا وەکو لوولەی بارینی خێروخۆشی خوا بووە.


خوا لە ئایینەکانی میسۆپۆتامیا، میسر، چین و شوێنی دیکە هەروەکو ئەوانەی کۆمەڵە ڕاوچییەکان و کۆمەڵگە کشتوکاڵسازەکان، مرۆڤی خاوەن هێز و توانای سەروو سروشت بوون. بە دەرکەوتنی نووسین هێڵێکی باریکی کاڵ لە نێوان پێش و پاش دەرکەوتنی نووسین کێشرا. ئەوە هێڵێ نێوان ئایینە سەرەتاییەکان و ئایینەکانی شارستانییەتی دواتری مرۆڤ بوو. جیاوازی نیوان خوایەکان لەو دوو سەردەمەی مێژووی مرۆڤدا ئەوەبوو خوایەکانی شارستانییەت پڕهێز و زەبەلاح بوون  و لە مرۆڤبوون دەرچوون. ئینجا ژمارەیان ئەوەندە زۆر بوو بۆ هەر کارێک خواوەندێک هەبووە. لە میسۆپۆتامیا لیستی ناوی خوایەکان تا ٢٠٠٠ چووە. بە گەورەبوونی ڕووبەری دەسەڵاتی پاشاکانی میسۆپۆتامیا، خواوەندەکانی میسۆپۆتامیا بەرەو باکوور چوون، لەو خاکەی ئێستە فەلەستین و ئیسرائیلە شوێنکەوتووانیان بۆ پەیدا بوو، لەوێ یەکەمین پێکدادانی ئایینەکان ڕوویدا، داگیرکەرانی میسۆپۆتامیا پەیکەری یەهوەیان ڕووخاند. بەرەبەرە هزری تاک خوایی دەرکەوت و بنەمای هەرسێ ئاییی ئیبراهیمی داکوترا.


جیاوازی نێوان بیروباوەڕی کۆمەڵە ڕاوچییەکان لەگەڵ ئەو کۆمەڵگە سەرەتاییانەی پیاوی ئایینیان تێدا دەرکەوت تا دەگاتە میسۆپۆتامیا ومیسر ئەوەیە لە سەردەمی کۆمەڵە ڕاوچییەکاندا، بیروباوەڕ ئاسۆیی بوو، بە دەرکەوتنی پیاوی ئایین ئەو بیروباوەڕە بوو بە ستوونیی. لە سەردەمی پاشاکانی میسۆپۆتامیادا، ئایین دام و دەزگەی تایبەتی هەبوو تا ستوونیی ئایین بپارێزێ و شەرعییەت بە دەسەڵاتی پاشاکان بدات، تا وایلێهات بۆ دوو هەزار ساڵ دەیانگوت خوێنی پاشاکان لە خوێنی خەڵک جیایە. لە پێناو دەسەڵاتی بەردەوامدا، ئایین و سیاسەت دەستیان تیکەڵکرد. لە پێکنەگەیشتنی بەرژەوەندییەکانیان، دژی یەکتری بوون، لە مێژوودا زۆر ڕووداوی ئەو جۆرە دژایەتییەیان بۆ تۆمار کراوە. لە جەنگی نێوان سیاسەت و ئاییندا، پیاوی سیاسیی جێی بە پیاوی ئایین لەق کرد، تا تەواوی دەسەڵاتی گرتە دەست و پیاوی ئایین بووە داردەستی سیاسییەکان. لە کوێ ویستیان بەگەڕی دەخەن. دوایین نموونەی زیندوومان داعش وهەموو کۆمەڵە بەکرێگیراوەکانی تورکە چۆن لە سوریا، پەلامار دەدەن.


بەدەستکارییەوە؛ لە پەرتووکی دەرکەوتن و پەرەسەندنی خوا، نووسینی: ڕۆبەرت ڕایت، ٢٠٠٩