ناشتنی نیاندرتال لە شانەدەر

لە نێوان ساڵانی ١٩٥١ تا ١٩٦٠ راڵف سۆلیکی  ئێسک و پروسکی ١٠ مرۆڤی نیاندرتاڵی لە ئەشکەوتی شانەدەری چیای برادۆستی نزیک  سۆرانی ئەو کاتە سەر بە پارێزگای هەولێر دۆزییەوە. ئەشکەوتەکە ٧٥٠ مەتر لە سەر ئاستی ڕووی دەریا، بەرزە. لەوکاتەوە شانەدەر وەکو شوێنەوارێکی زۆر گرنگی نیاندرتاڵ لە جیهاندا تەماشا دەکرێت. بۆچوونی سۆلیکی وابوو هەندێک لەو مرۆڤانە بە ڕووخانی بن میچی ئەشکەوتەکە مردبن، بەڵام هەرنەبێ یەکێکیان نێژراوە و چەپکە گوڵی لەگەڵ دانراوە. هەڵکۆڵینی نوێ لە ساڵی ٢٠١٥ لەسەر بانگهێشتی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لایەن تیمێکی حەوت کەسییەوە (لە ٧ زانکۆ و دامەزراوەی جیاجیاوە)، دەستیپێکردەوە

 

ڕالف سۆلیکی تا قووڵایی ١٤ مەتر هەڵکۆڵینی کرد تا گەیشتە پاشماوەی ئەو ١٠ مرۆڤەی ئەوکاتە دۆزرانەوە. ئەو کاتە بۆچوون لەسەر ئەوەی ناونرا شانەدەر ٤ و تۆوی هەندێ گوڵی ناوچەکەی لەگەڵ دۆزرایەوە، ئەوەبوو ئەو کەسە نێژراوە و گوڵیشی بۆ دانراوە. بەڵام دواتر ئەو گریمانەیە لەلایەن هەموو شارەزایەکەوە، بەهەند وەرنەگیرا. هەر لەو ئێسقانانەی دۆزرانەوە، یەکێک لەو ١٠ مرۆڤە بەر لە مردنی بریندار بووە بەڵام بەو برینەی نەمردووە. بە واتای ئەوەی لەلایەن مرۆڤەکانی دیکەوە چارەسەرکراوە و خواردنی بۆ دابین کراوە. ئەوە دەبێتە یەکەم نیشانەی ژیانی کۆمەڵی مرۆڤی نیاندرتاڵ و هەبوونی هەستی بایەخدان و نیشاندانی سۆز بۆ یەکتری

 

تیمە نوێیەکەی ساڵی ٢٠١٥ هەمان ئەو شوێنانەی ڕالف سۆلیکیان تا قووڵایی ٧ مەتر، هەڵکەندەوە. تا لە ٢٠١٧ گەیشتنە ئێسک و پروسکی دیکە، هەندێ ئێسقانی پەراسوو و دەستی ڕاست دەرهێندران. ئەو کاتە تەواو نەزانرا ئەو دۆزراوە تازانەی ٢٠١٧ پارچەی ئەوانەیە لە ساڵی ١٩٦٠ لە لایەن سۆلیکی دەرهێندرابوون، یان دۆزراوەی تەواو نوێن و بەشێک نین لەو مرۆڤانەی ١٩٦٠. هەر لەو نزیکانە و لەهەمان ئاستدا، هەندێ خەڵووز و ئێسقانی گیانداران بینران. دواتر لە نزیک ئەو شوێنەی ئێسقانەکانی شانەدەر ٤ ی لێ دۆزرابۆوە، تیمەکە گەیشتنە دۆزینەوەیەکی نوێ. کۆئەندامی ئێسقانی مرۆڤێکی نیاندرتاڵ کۆنتر لەوانەی ١٩٦٠، دۆزرایەوە. لە ساڵی ٢٠١٩ بۆیان دەرکەوت هەموو ئەو ئێسقانانەی لە ٢٠١٧ دۆزرابوونەوە، ئێسقانی یەک مرۆڤن

 

لە نزیک ئێسقانەکانی پەراسوودا، دوو ئامرازی بەردین دۆزرانەوە. بە شێوەیەکی گشتیی ئامرازی لە بەرد دروستکراو بەو قەبارەیە زۆر بەکەمیی لەگەڵ ئێسقانەکاندا دۆزراونەتەوە. ئەوەیان دووەم جارە ئامرازێکی بەرد لەگەڵ ئێسقانی نیاندرتاڵ بدۆزرێتەوە. لەبەرئەوەی ئاسایی نییە، بۆیە بۆ هەر گریمانەیەک دەبێ بەڵگەی زۆرتر بەدەست بێن تا بتوانرێ هەبوونی ئەو ئامرازانە لەگەڵ ئێسقانەکان شیبکرێتەوە و بزانرێ بە چی مەبەستێک بووە

 

زۆربەی هەرە زۆری ئەو ئێسقانانەی دۆزرانەوە یەکجار پەڕپووت بووبوون. ئەگەر هەبوو بە دەستلێدان و جوڵاندنیان ورد ببن و بایەخیان نەمێنێ، بۆیە بە گیراوەیەکی ئێسقان پتەو کردن (لەو جۆرە شوێنانەدا بەکاردێت) توانرا هەندێ لەو ئێسقانانە دەربهێندرێ. بەڵام بەشێکی هەر لەشوێنی خۆی بەجێمان. ددانێکی ئەو لاشەیە نیشانمان دەدات کەسی مردوو تەمەنی لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵ بووە

 

لە وردبوونەوە لە جۆری قوڕو ئەو گڵەی لە هەر ئاستێکی هەڵکۆڵین تێبینی کرا و ئەو خۆڵەی لەگەڵ ئێسقانەکاندا هەیە. جگەلەویش هەبوونی پاشماوەی چەند کەسێکی نایندرتاڵ لە ڕووبەرێکی بچووکی ئەشکەوتەکە، دەمانگەیەنێتە ئەوەی ئەو کەسانە لەو شوێنەدا نێژراون. جۆری گڵ و خۆڵەکەی لەگەڵ ئێسقانەکاندا هەیە تێکەڵەی ئێسقانی ئاژەڵ و هەندێ پاشماوەی ڕووەکی تێدایە، واتای ئەوەیە ئەو گڵە لە شوێنێکی دیکەوە کراوەتە سەر لاشەکان. بۆیە ئەگەری ناشتنی ئەو کەسانە دوای مردنیان، بە ئەگەرێکی زۆر بەهێز دادەنرێ

 

ئەو گریمانەیەی سۆلیکی لە ساڵی ١٩٧٢ داینابوو، تیایدا دەڵی هەندێک لەو کەسانە بە بەربوونەوەی بەردی بن میچی ئەشکەوتەکە مردوون لەوە ناچێ بۆچوونێکی ڕاست و دروست بووبێ. لە دۆزینەوەکانی ساڵی ٢٠١٧ بۆ شوێنی لاشەکانی شانەدەر ٤، ٦، ٨ و ٩ دەردەکەوێ ئەوانە لە کەشوهەوایەکی نیمچە گەرمدا نێژراون. کەواتە گریمانەی بەربوونەوەی بەرد، ئەگەرێکی لاوازە، چونکە بەربوونەوەی بەرد لە سەرمادا زۆرتر ڕوودەدەن. بە هەمان شێوە، لەبەرئەوەی ئێسقانەکان لە تەنیشت یەک و وەکو خۆیان لە ناو گڵدا ماون، کەواتە ئەو کەسانە کە مردوون لە شوێنی خۆیان نەماونەتەوە و تووشی داخوران و گۆشت داپچڕان، نەهاتوون، لەشیشیان پارچە پارچە نەکراوە. بۆیە دەبێ نێژرابن

 

ئەگەرچی ڕاپۆرتی زانستیی دۆزینەوەکانی تیمەکەی ٢٠١٥ لە ساڵی ٢٠٢٠ دەرچووە، بەڵام لە کاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەیاندا ئەو ئێسقانانەی دەریانهێنابوو هێشتا لە پشکنینی وردتردابوون. لەبەرئەوە تا ئەوکاتە تەمەنی ئەو دۆزینەوانە بە نێوان ٦٠ بۆ ٧٠ هەزار ساڵ پێش زایین پێوانە کرابوون. ئەو تەمەنە بە نزیکەی ٢٠ هەزار ساڵ لەوانەی ساڵی ١٩٦٠ کۆنترە

 

دۆزینەوەکانی نیاندرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر لە هەردوو ماوەی ١٩٦٠ و ٢٠١٧ ئەوەمان بۆ دەردەخات، مرۆڤی نیاندرتاڵ مردووەکانی ناشتووە. بیرکردنەوەی زانایان لەسەر ئەوەیە دەبێ جیاوازی ناشتنی تەرمەکانیان لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە چۆن بووبێ و چۆن مەراسیمێک لە هەر ناوچەیەکدا ئامادەکرابێ. دەبێ توێژینەوەی تازە لەسەر ئێسک و پروسکی نیاندرتاڵ ٤، ٦، ٨ و ٩ بکرێتەوە تا بۆمان دەرکەوێ ئایا نیاندرتاڵ هەموو ئەوانەی پێکەوە ناشتووە، یان هاتووەتەوە هەمان شوێن و بە جیا جیا هەرجارەی یەکێکیانی ناشتووە

 

بۆ زیاتر ئاشنابوون بە جۆری پێوەندی نێوان ئەو لاشانەی نێژراون، دەبێ توێژینەوەی دیکە لە جۆری خواردن، تەندروستیی ئەو کەسانە بەر لە مردنیان، جیاوازی شێوەی کەللە سەریان و خزمایەتییان بە زانستی جینناسیی، ئەنجام بدرێن

 

سەرچاوە

https://doi.org/10.15184/aqy.2019.207