ناوی تەواوی (ئاننا ماری رۆبەرتس مۆسیس)ە. لە ٧ی ئەیلولی ١٨٦٠ بۆ ١٣ی کانوونی دووەمی ١٩٦١ ژیاوە و بە داپیرە مۆسیس ناوی دەرکردووە. لە ناودارترین هونەرمەندەکانی هونەری میلللی ئەمەریکایە، لە تەمەنی ٧٨ ساڵی دەستی بە وێنەکێشان کردووە، لە دیارترین نموونەکانی دەرکەوتنی بەهرەی هونەری بە تەمەنانە
لە تەمەنی ١٢ ساڵێدا دەبێتە ئیشکەری ماڵان، ١٥ ساڵ ئەوە کاری بووە. خاوەنی یەکێک لەو ماڵانەی کاری تێدا دەکرد تێبینی کرد ئاننا چۆن لە هەندێ بەرهەمی چاپکراوی کۆمپانیای (کوریر و ئیڤس)، سەرنج دەدا. بۆیە هەندێ پاستیل و تەباشیری بۆ دابینکرد. لە منداڵییدا، ڕەنگەکانی لە ئاوی لیمۆ و ترێ دروست دەکرد، قوڕ، ئارد، گژو گیا و وردە داری بۆ هەمان مەبەست بەکارهێناوە. بە درێژایی تەمەنی وێنەی بە چنینی خوری دەکێشا، تا لە کۆتاییەکانی ژیانی بە نەخۆشی هەوکردنی جومگەکان، پەل و پۆی لە کار کەوتن
وێنە چنراوەکانی مۆسیس وەک حەزێکی ڕۆژانەی سەرەتا بۆ خۆشەویستان و خزم و دۆستەکانی بوو. تا تەمەنی ٧٦ ساڵی لەو کارە ئارەزوومەندانەی بەردەوام بووە. کە تووشی نەخۆشی جومگەکان دەبێ، ئیدی ئازار ناهێڵی چیدی ئەو کارە بکات. خوشکەکەی بیرۆکەی وێنەکێشانی دەخاتە میشک تا لە بری چنینی خوری بیکات. ئەوە دەبێتە سەرەتای هونەری وێنەکێشانی داپیرە مۆسیس و چەندین کارتی بۆ جەژنەکان وێنەکێشا. بە ڕۆژنامەنووسانی گوت وێنەکێشانی ئەو کارتانە لە ئامادەکردنی قالبە کێکێک لە ناو کوورەیەکی گەرم، ئاسانترە
ئەوەی لە تەمەنی ٧٨ ساڵدا لە داپیرە مۆسیس دەرکەوت، تەنیا بەرجەستەبوونی خەونێکی منداڵیی بوو. بەڵام ئەو کات لەبەر کاروباری کێڵگە و خزمەتکاریی، دەرفەتی وێنەکێشانی نەبوو. شێوازی وێنەکێشانەکەی بریتی بوو لە نەخشاندنی ژیانی ڕۆژانەی کێڵگە و جووتیاران. زۆرترین ئارەزووی لەوەدا بووە شێوازی ژیانی خۆیان لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم بۆ وێنە بگوازێتەوە. سەرەتا تەنیا لاسایی کردنەوەی ئەوە بووە بەرچاوی کەوتووە، دواتر لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنیکی وێنەکێشانەکەی تابلۆی واڵاتر و پێکهاتەی ئاڵۆزتری بەکارهێناوە
کارەکانی لە زۆر شوێنی جیهان، تەنانەت لە مۆزەخانەکانیشدا بڵاوە، هەندێکیان لەسەر کارتی پیرۆزبایی دانراون. کارێکی داپیرە مۆسیس لە ساڵی ١٩٤٢ وێنەیکێشاوە لە ساڵی ٢٠٠٦ بە ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلار فرۆشرا. وێنەی داپیرە لە سەر بەرگی گۆڤارە هەرە ناودارەکانی جیهان بڵاوبووەتەوە، چەندین چاوپێکەوتنی لە تەلەفزیۆنەکان لەگەڵدا کراوە. فیلمی بەڵگەییشی لەسەر ژیانی بەناوی (مێژووی ژیانم)، بەرهەمهێندراوە. دوو پلەی دکتۆرای شانازیی پێدراوە
لە ماوەی تەمەنی وێنەکێشانی کە ٣٠ ساڵ بووە، سەروو ١٥٠٠ تابلۆی کێشاوە. سەرەتا هەر تابلۆیەکی بە ٣ تا ٥ دۆلار دەفرۆشت. لەگەڵ ناوداربوونی، نرخەکان گەیشتە ٨ بۆ ١٠ هەزار دۆلار بۆ هەر تابلۆیەک. تابلۆکانی وەرزی زستانی بیرهێنانەوەی تابلۆکانی پیتەر بروگێڵی باوکن (وێنەکێشیکی هوڵەندایی بوو لە سەدەی ١٦ ژیاوە)، بەڵام هەرگیز تابلۆکانی ئەوی نەدیبوو. یەکەم پێشانگای تایبەتی خۆی لە ساڵی ١٩٤٠ لە نیویۆرک سازکردووە. بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ دواتریش پێشانگاکانی بەردەوام لە جیهاندا کراونەتەوە. لە ساڵانی ٥٠ی سەدەی ڕابردوو، ژمارەی میوانانی پێشانگەکانی داپیرە مۆسیس تۆماری هەموو پێشانگاکانی جیهانی شکاند. لە ساڵی ١٩٤٢ بۆ ئەو هەموو دەستکەوتو سەرکەوتنانەی، سەرۆکی ئەمەریکای ئەوکات هاری ترومان خەڵاتی کردووە
لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا بیرەوەرییەکانی خۆی بڵاوکردووەتەوە، تیایدا دەنووسێ "وەک ڕۆژێکی کار، ئاوڕ لە ژیانی خۆم دەدەمەوە. ڕوویدا و لێی قایلم. دڵخۆش و ئاسوودە بووم. لەوە زیاتر هیچی دیکەم نەدەزانی، ئەوەی ژیان دایمێ بە باشترین شێوە بەکارمهێناوە. ژیانیش ئەوەیە چی لێوە هەڵدێنجین، هەردەم وابووە و هەروایش دەمێنێتەوە". داپیرە مۆسیس ١٠١ ساڵ ژیا، لە تەمەنی ١٠٠ ساڵدا گۆڤارە هەرە ناودارەکانی ئەمەریکا بەرگەکانی خۆیان بە وێنەی داپیرە ڕازاندەوە و پیرۆزباییان لێکردووە
چیرۆکی داپیرە مۆسیسم بۆیە بۆ ئێوە ئامادەکرد تا حەزی ژیان و حەزی مردن لەیەک جیابکەینەوە. تەمەنی ٧٦ ساڵەی ئاننا مۆسیس لە هەنگاونانی بەرەو هێنانەدی خەونی منداڵیی، ڕێگر نەبوو. لەو تەمەنەیدا دەستی بە ژیانەوە کردەوە، لەوێدا دووبارە لە دایک بووەوە. ئەگەرچی تابلۆکان و مێژووی ئەو بۆ زۆربەمان نە گرنگە و نە هیچ کاریگەریشی لەسەر ژیانمان هەبووە، یان لەوانەیە ببێ، بەڵام چیرۆکەکەی بە لای منەوە بۆیە بە بایەخە چونکە ژیانی لا گرنگتر بووە وەک لە چاوەڕوانی کۆتایی ژیان و مردن
زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی خۆمان بەر لە ٧٠ ساڵ، هەندێ جاریش بەر لەوەی تەمەنی بگاتە ٦٠ ساڵ چاەڕوانی مردنە. بە پێوەن، بەڵام مردوون. ئارەزووی ژیانیان دەمرێ چ جا ئارەزووی داهێنان و بیرکردنەوە! کەلتووری ئێمە وایە مرۆڤی پیر بە مردوو دادەنێ، سەرچاوەی ئەوە ئایین و گەیشتن بە بەهەشتی پڕ لە فریشتەیە. بەراوردەکەم لەوەدایە، مۆسیس ٧٨ ساڵ بوو یەکەم تابلۆی کێشاوە، چونکە کەس لە منداڵییەوە ئێش و ئازاری ناو گۆڕی بە گوێدا نەڕاندووە. لە کڵێسایەکەی (ئەگەر چووبێ) پێی نەگووتراوە لەدەست مردن بۆ کوێ هەڵدێی! بە تاریکی ناو گۆڕ نەترسێندراوە و لە کەسایەتی خۆی دەنەماڵراوە. بەرهەمی ئەو پەروەردە و شێوە ژیانە مرۆڤی وەکو مۆسیسە، بەرهەمی ئەوەی ئێمە دەیان هەزار مردووی بە پێوەن