ئێستگەی بەغداد لە ساڵی ١٩٣٦ دامەزراوە و لە ١٩٣٩ یەکەم پەخشی بە زمانی کوردی هەبووە. لە ماوەی حوکمی داگیرکاریی ئینگلیز لە نێوان ١٩١٨ بۆ ١٩٣٢، خوێندن بەکوردی تەنیا تا قۆناغی سەرەتایی هەبوون. بە دەگمەنیش نووسراوەکانی دەسەڵاتی ئەو کاتە بە زمانی کوردی دەردەچوون. چاکسازیی لە بەشی سۆرانی زمانی کوردیدا بە پیتی لاتینی ڕێی پێ نەدەدرا. کورد لە عێراق وەکو وڵاتەکانی دیکە دووچاری داپڵۆسین بوون، بۆیە یەکەمین پەخشەکان بە زمانی کوردی، فەوتا. هونەرمەند (باکوری) لە پەرتووکەکەیدا باسی یەکەمین پەخش دەکات کاتێک نووسیویەتی "خەڵک یەک دوو گۆرانی کوردی گوێ لێ دەبوو، دواییش هەواڵەکانی جەنگی جیهانی دووەم بوون". لەوەندە زۆرتر، شتێکی وامان لە لەبەردەست نەماوە. یەکەمین گۆرانی کوردی بایەخی تۆمارکردن لە عێراق نیشان دەدات، چونکە زۆر بەر لە دامەزراندنی ئێستگەی بەغداد، تۆمارکردن هەبو
لایەنی دووەمی پەخشی ئێستگەی بەغداد، ئاستی کۆنترۆڵ و نەخشەی دارێژراوی ئینگلیز لە کاریگەریی داگیرکار لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەم لەسەر ئێستگەی بەغداد و سیاسەتی ناوخۆ لە عێراقدا، نیشان دەدات. دواتر دەرکەوتنی پەخشی کوردی لە یافا و بەیروتیش هێزی داگیرکاری ئینگلیزی لە چەقێکدا کۆدەکردەوە تا تەواوی پەخش و تۆماری عێراق لە خزمەت خۆیاندا بێت. هەردوو توێژەر لەو بابەتە ستیفن بلوم و ئەمیر حەسەنپوور پێیان وایە پەخشی ڕادیۆ وای لە گوێگرانی کورد کرد، ڕۆژانە گوێیان بە گۆرانی و میوزیک ئاشنا بێت. بەڵام چۆن توێژەران لەو مێژووە تێدەگەن ئەگەر لەوهێزە داگیرکارەی لە سەرەتاوە لە پشتییەوە بووە، شارەزا نەبن
لەم گوتارەدا، پێشنیاز دەکەم بۆ تێگەیشتن لەو پرۆسەیەی داگیرکاردا بە وردی سەرنج لە ڕێگەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆرانیبێژ و میوزیکژەنە کوردەکان بۆ میراتی داگیرکار، بدەین. گەڕان و ڕەخنەگرتنیان، گوێنەدانیان بە سنووری ساسیی و زمانەوانییی و کلتووری کە داگیرکەران هێڵەکانیان بۆ کێشابوون، ڕوون بکەینەوە. بەڵام بەر لەوەی بچمە سەر ساتە هەرە سەرەتاییەکانی پەخشی ئێستگەی بەغداد بە کوردی، دەمەوێ ئاکارەکانی چەقبەندیی داگیرکاریی لە تەواوی ئێستگەکەدا نیشان بدەم. ئینجا، نیشانی دەدەین چۆن ئەو هێڵە سنوورییانە دوایی لە تەواوی توێژینەوە ئەکادیمییەکانیشدا دووبارە کرانەوە. پاشان، چۆنییەتی، ڕێگە و شێوازەکانی دووبارەبوونەوەی هێڵە سنوورییەکان لە گوتاری ئەکادیمیدا، لە ناویاندا گوتارەکانی نیشاندانی جیاوازی میوزیک لە نیوان خەڵکانی دابەشبوودا، بەو جۆرە کوردیان بۆ هێزی داگیرکاریی دەستەمۆ کرد
بە گەڕانەوە بۆ مێژووی ڕێگەکانی بەرەنگاربوونەوەی میوزیکژەنە کوردەکانی ناو عێراق دژ بە شێوازی دیکەی هێزی داگیرکاریی، ئێمە مۆدێلێکی نوێ (پێشنیازێکی نوێ) بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری لەسەر میوزیکی کوردی دەخەینە بەردەست
سەرەتای دەستپێکردنی پیشەسازی تۆمارکردن لە داهاتهێنان دووربوو. بەڵکو بایەخی هێزی داگیرکاریی، هاوپەیمانیەتیی و دەستگەیشتن بە سەرچاوەکان بووە. بۆ نموونە دابەشکردنی شوێنی چالاکییەکانی کۆمپانیای ڤیکتۆر تۆکینگ مەشین و گرامۆفۆنی بەریتانیا لە نێوان ڕۆژئاوا، چین و ژاپۆن لەلایەک و ڕۆژهەڵات بۆ بەریتانیا لە لایەکی دیکە، هاوپەیمانییەتی داگیرکاریی نێوان ئەو دوو کۆمپانیایە بوو. ئەڵمانەکان زوو کەوتنە خۆ، لە ماوەیەکی کەمدا هاتنە بازاڕ، تەنیا کۆمپانیای ئۆدیۆن لە سالی ١٩٠٦دا ١١ هەزار تۆماریان لە عەرەبی، تورکی و یۆنانی بەرهەمهێنا. زۆر ڕووداو و پێشهاتی دیکە کێبەرکێی داگیرکاریی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیایان بۆ بازاڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیشان دەدا
بۆ کورد، بە لاوازبوونی ڕۆڵی عوسمانییەکان هەلی نوێ بۆ کۆمپانیاکانی تۆمار ڕەخسا تا ئەوانەی خۆیان دەگەیەننە بەغداد و خەرجی ئەو جۆرە گەشتەیان هەیە، تۆماریان بۆ بەرهەمبهێنن. هونەرمەندانی وەکو عەلی ئەسغەری کوردستانی، مریەم خان و محمد عارف جزیری ئەو دەرفەتانەیان بۆ ڕەخسا. ئەوکاتە جارێ ئاکاری بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد بە تەواوی دەرنەکەوتبوو، بەڵام کاریگەریی ئەو جۆرە تۆمارانە هەتا دەهات زۆرتر دەبوو. بە لەدایکبوونی پیشەسازی پەخشکردن، تەواو بە هێزبوو. لە پاڵ بەرهەمهێنانی ئێستگەکانی پەخش، دەستکەوتی گۆرانیبێژانی لە کۆمپانیاکانی تۆمارکردن، ڕەوڕەوەی پێگەیاندنی گۆرانیبێژ و میوزیکژەنی نوێی خێراتر دەکرد و ئەوان لە دواییدا بوونە پێشەنگی ئەو پیشەسازییە گرنگە. لەویش گرنگتر ئەوەیە بە داڕمانی عوسمانییەکان، بەرەنگاریی نەتەوەخوازەکان/نەتەوەپەرستە کوردەکان پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ لە دژی وڵاتە نەتەوەپەرستەکانی دوای پەیمانی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣دا بەسەریاندا دابەشکران، واتا تورکیا، عێراق، سوریا و ئێران. لە ناکاو کورد لە خۆی ڕوانی بۆ چوار پارچە دابەشکراون
لە دوای پەیمانی لۆزان، هەر چوار وڵات یاسای پاڵپشتی کلتووری نیشتمانیان داڕشت. لە زۆربەی باردا زمانی کوردی و کەمینەکانی دیکە پشت گوێ دەخران. لە تورکیای تازەدا، کە دەگووترێت بە درێژایی سەدەی بیستەم، کوردەکانی لەسەر خاکی خۆیان داگیرکردووە. تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣وە سیاسەتی جینۆسایدی زمانی دژی کوردەکان پیادە کردووە. وەکو زمانی فەرمی وڵات، باڵادەستیی درایە زمانی تورکی و کوردەکان لەسەر ئاخاوتن یان نووسین بە زمانی کوردی، سزا دەدران و تووشی توندوتیژیی دەبوونەوە، سزا دەگەیشتە دابڕاندن لە خێزانەکانیان. تەنانەت پێش دروستبوونی تورکیای نوێ، بی هودە هەوڵیان داوە دەست بەسەر ولایەتی مووسڵدا بگرن. لەوەیاندا داگیرکارانی کورد بەریەککەوتن، بەریەککەوتنێک تا ئێستا زایەڵەی لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا و عێراق بە بیانووی پەکەکە، دەبیسترێت
لە ئێراندا، لە سالی ١٩٠٦ زمانی فارسی بە زمانی فەرمی دەوڵەت داندرا. لە سەردەمی ڕەزاشادا لە نێوان ١٩٢٥ تا ١٩٤١ لەسەر ئاخاوتنیان بە زمانی خۆیان، کوردەکان دەخزێندرانە زیندانەکان. کوردەکانی عێراقیش لە سایەی داگیرکاری ئینگلیزدا چی وا لەوان باشتر نەبوون. بە دانانی پاشا بۆ عێراق و شلکردنی زەبروزەنگ لەسەر کوردەکان، چەندی دەهات بایەخی بازاڕی عێراق بۆ تۆمارکردنی گۆرانی کوردی لە هەرچوار پارچەوە، زۆر دەبوو. بۆیە دوو کۆمپانیا بە ناوی بەیدافۆن ( لوبنانی بوو) و چەخماخچی لە ١٩١٨، کرانەوە. چەخماخچی لەسەرەتادا وەکو کۆمپانیای فرۆشتنی کەلوپەلی ئەلکترۆنی دامەزرابوو، تۆماری دەنگی نازم غەزالی و محەمەد قوبانچی کردبوو. پێناچێت کوردەکان لەوکاتەدا هیچ تۆماریکیان بۆ کرابێت. لە هەموو لایەکەوە، دژیان بوون.
بەرهەڵستکارانی سیاسەتی جووداکاریی و زەبر و زەنگی تورکیا و ئێران دەهاتنە بەغداد، لەوێ گۆرانی کوردیان تۆمار دەکرد. سەرکردەکانی کورد لە عێراق نەخشەڕێگایان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستوەردانەکانی ئینگلیز داڕشت. ئەوەبوو شێخ مەحمود لە ساڵی ١٩١٩ شۆڕشی کرد، هەر زوو پەلامار درا و نێردرایە هیندستان. لە ١٩٢٢ هێنایانەوە، ئەویش شۆڕشێکی دیکەی هەڵگیرساندەوە، ئینجا لە ئاسمانەوە بە ناپاڵم سلێمانی بۆردومان کرا و بۆ یەک مانگ فڕۆکەکانیان لە ئاسمانی سلێمانی نەبڕا. بایەخی کلتووری و سیاسیی ئەو شۆڕشە، کاوێس ئاغا دوای چەند ساڵێک لە تۆماری گۆرانی "شێخ محمود" دا هۆنییەوە. تێکۆشانی کلتووری کاوێس ئاغا ئاوێنەی تێکۆشانی شیخ مەحمودە و بە بولبولی کوردستان ناسراوە. هەرچەندە نەمانتوانی یەکەم تۆمارەکەی کاوێس ئاغامان دەست بکەوێت بەڵام وێنە واڵاکەی سەرکەوتنی کاوێس ئاغا باس لە هەڵوێستی فراوانتر سەبارەت بە بەرەنگاریی دژی پیشەسازیی تۆمارکردن و هێزی داگیرکاریی ئینگلیز، دەکات
کاوێس ئاغا هەرکی بوو، ئەوان بە کرمانجی دەدوێن و کاریگەریی زۆریان لە شۆڕشە نەتەوەییەکەی شێخ عوبەیدوڵللای نەهریدا هەبوو. دواتریش پاڵپشتی قازی محەمەد بوون. لە پەلاماری ڕوس بۆ ڕەواندز، کاوێس ئاغا وەکو هەموو خەڵکی دیکە ئاوارە بوو. دواییش بڕیاری دا نەگەڕێتەوە شارەکەی. فێری بەشێکی زۆری گۆرانییەکانی ناوچەی خۆی بوو. لە هەموو کوردستاندا ناوبانگی دەکردبوو، بۆیە لە ساڵی ١٩٣٠ بۆ تۆمارکردنی گۆرانییەکانی، بەرەو بەغدا چوو. هەرچەندە دەنگێکی بەرز، ساز و خۆشی هەبوو، بەڵام لە قسەکردنی ئاساییدا، زمانی تەتەڵەی دەکرد (زمانی دەگیرا). لە چەند سەرچاوەیەک باسکراوە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی تۆمارکردن لە بەغداد بە پێکەنینەوە لە هەوڵی گرێبەستی تۆمارکرن بۆ یەکێک تەتەڵەی ئاخاوتنی هەبێت، ڕوانیوە. تێیانگەیاندووە، نەتوانی قسەبکەی چۆن گۆرانی دەڵێی! کاوێس ئاغا، بە دڵشکاوی دێتە دەرێ و خەم دایدەگرێت، لەولاتر لە چایخانەیەکی خاوەن کورد دادەنیشێت. لە داخی خۆی، دەست بە چڕینی گۆرانی گەنج خەلیل دەکات. دەنگی زوڵاڵ و پڕزرنگی کاوێس ئاغا کۆڵان و هەوا دەهەژێنێ. تا ژوورەکەی سەرەوەی کۆپانیای تۆمارکردن پڕ دەکات. ئینجا بەڕێوەبەران تەنگەتاو دێنەخوارێ بزانن ئەو دەنگە کێ بوو، کاتێک هەست بەهەڵەی گەورەی خۆیان دەکەن، بە پاڕانەوەی زۆر داوای لێدەکەن گۆرانییەکەی بۆ تۆمار بکەن، بەوجۆرە یەکەمین تۆماری کاوێس ئاغا لاوکی گەنج خەلیل دەبێت. زۆر زیاتر لە چیرۆکێکی شاراوەی ئەرشیفێکی بن تۆز، چیرۆکی سەرکەوتنی کاوێس ئاغا تا ئێستا بەشێکە لە گوتاری میوزیکی کوردستانی عێراق
لە دیدی منەوە، ئەو چیرۆکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ باس لە هەڕەشەیەکی واڵای هێزی داگیرکار لە زمان و کلتووری کوردی دەکات و کاری بچووکی بەرهەڵستکاریی لەلایەن میوزیکژەن و گۆرانیبێژانی کورد، نیشان دەدات. هەر ئەو چیرۆکە گەواهیدەری هێزی گۆرانی کوردییە. لە کۆتاییشدا، گۆرانی گووتن نەوەک دوین، نیشانی دا کاربەدەستانی پیشەسازیی تۆمارکردن لە بەغداد چەندە ئاستی نزمیان بۆ جوانیی و بەهای کلتووری کورد، دانابوو. لە سەروو ئەویشەوە، بایەخی ئەو شوێنەی کاوێس ئاغای لێوە بەگژ کاربەدەستانی کۆمپانیای تۆماردا چووەوە، چایخانەیەکی کورد بوو، ئەو بایەخەی ئەوەندەی دیکە بەرزکردەوە. لە سەردەمانی زوو، چایخانەکان بە تایبەتیش کوردەکان لە پێشەنگی ئەوانە بوون فۆنۆگرافیان کڕی دواتریش ڕادیۆ، ئەوانە شوێنی کۆبوونەوەی خەڵک، بۆ گوێگرتن لە میوزیک و گۆرانی بوون. بۆ کوردێک خاوەنی چایخانەیەک لە بەغداد بێت، دەنگی پڕ سۆز و خەمباری کاوێس ئاغا هەرگیز کپ ناکات. نزیکیی ئەو چایخانەیە لە کۆمپانیای تۆمارکردن، نیشانەیەکی هەرە بەهێزی نزیکیی کلتووری کوردە، لێیانەوە. لە هەمان کاتدا، ئەوە کۆمپانیاکانی تۆمارکردنی گۆرانی و میوزیک بوون نەک کاربەدەستانی حکوومەت لە بەغداد، کلتووری کوردیان تۆمار کرد و بۆ نەوەی داهاتوویان هێشتەوە
دوای کۆچی دوایی کاوێس ئاغا گۆرانییەکانی بەبەردەوامی لە ئێستگەی بەغداد و یەریڤان، پەخش دەکران و کاوێس ئاغایان بە هەر چوارپارچە ناساند. لە کارەکانی پەیمانگەی کەلەپووری کوردی لە سلێمانی دووبارە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی پاکی گۆرانییەکانی کاوێس ئاغا بوو. لە بەرهەمەکەیاندا پەیمانگەکە ٥٢ گۆرانی کاوێس ئاغایان لە خەوشە دەنگەکان پاککردەوە. ٦ لەو گۆرانییانەی بەستە بوون، ٨ حەیران و ٣٨ی دیکە لاوک بوون. لاوک باس لە جەنگ و خۆشەویستیی دەکات و شێوازێکی قورسی گۆرانی گوتنە، بە دەنگ و ئاوازێکی پڕ ئازار و خەمباریی دەگووترێت. ئەگەرچی هەریەک لەو جۆرە گۆرانییانە لە ناوچەیەکدا لە چاو ئەوی دیکە زۆتر هەیە و کورد هەمووی بەهەمان زاراوە نادوێ، بەڵام بۆخۆیان دەزانن کام جۆر گۆرانی لە کوێی نیشتمان بڵاوە. نەخشەیەکی میوزیک و گۆرانی کوردی بەڵگەیەکی بەهێزی ڕەتکردنەوەی هێزی داگیرکارییە و دەریدەخات سنوورە کێشراوەکانی داگیرکاران لە نێوان کورد و کورد، کێشراوە
کاوێس ئاغا تەنیا بە شیخ مەحمودی هەڵنەداوە، سمکۆی شکاک و شێخ ئەحمەد بارزانیش لە گۆرانییەکانیدا بوون. جگە لە هەوڵی ئینگلیز بۆ سانسۆرکردن، هیچ بەڵگە نییە ئینگلیز هەرگیز گوێیان لە کاوێس ئاغا و گۆرانییەکانی بەسەر شێخ مەحمود و سمکۆی شکاک، گرتبێت و تێگەیشتبن باسی چی دەکات. بەڵام میوزیکژەن و گۆرنیبێژانی کورد لە کاریگەریی داگیرکار بەدوور نەبوون. تەنانەت لە ستۆدیۆکانی تۆمار لە بەغدادی ئەوکات، کوردەکان دەبوایە خۆیان لەگەڵ هێزی داگیرکار و کاریگەرییەکانیدا، بگونجینن. بۆ مریەم خان و محمد عارف جەزیری، وەڵام ئەوەبوو تورکیا بەجێبهێڵن و کۆچ بەرەو بەغداد بکەن. ئەوکاتە تەنانەت ئاخاوتن بە زمانی کوردی وەکو تاوان لە دژی دەوڵەت لەقەڵەم دەدرا. ئەوانەی لە تورکیا مانەوە تورکێندران. سەدان گۆرانی فۆلکلۆری کوردی کرایە تورکی و لە ئێستگەی پەخشی دەوڵەت بە گوێی خەڵکدا دەدرایەوە. تا کاوێس ئاغا وەڵامی داگیرکەر بداتەوە، پاڵەوانییەتی شێخ مەحمودی لە لاوکێکدا، تۆمارکرد. تەکنۆلۆجیای بۆمب و فڕۆکە بە تەکنۆلۆجیای تۆماری دەنگ و گۆرانی، وەڵامدرایەوە
شێوازە جیاجیاکانی بەرهەڵستکاریی گۆرانیبێژانی کورد لەو سەردەمەدا، بناغەی بەدەستهێنانای مافی زمانی کوردی بوو و کورد دەستی بە پەخش گەیشت. ئەنجامی ئەو کارە بەرهەڵستکارییانە ئامانجی بڵاوبوونەوەی شێوەزاری دیکەی زمانی کوردی بوو بەناو کوردی دیکەی دەرەوەی ئەو شێوەزاراوانەدا. ئامانجی دووەمیش پاراستنی فۆلکلۆر و کلتووری میوزیکی کوردی بوو، کە لە نیوەی دووەمی ئەو سەدەیەدا دووچاری دڕندەترین شیوازەکانی داماڵین و لێکردنەوەی دەبێتەوە
مێژوونووسی کوردی ئەمەریکا نیلای ئۆزۆک-گوندۆغان لە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٨یدا دیدێکی تەواو ڕەوای بۆ توێژینەوە لە کورد دەخاتە ڕوو. دەنووسێت "کوردناسی لە نێوان دوو کارنامەی لە ڕواڵەتدا دژبەیەک و تەواو بنچینەییدا گیری خواردووە. کوردناسی وەکو ئاراستەیەکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە ئەمەریکای باکوور دادەمەزرێت و لەهەمان کاتدا بۆ ڕزگاربوونی لە ڕکێفی توێژینەوە ناوچەییەکانیش، خەبات دەکات". بۆ توێژەرێکی وکو نیلای ئاڵنگارییەکان دوو توێن، یەکێکیان ئەوەیە ڕەوایی بە بواری کوردناسی بدرێت و پاڵپشتی دەزگەکانی هەبێت، دووەمیان ئەوەیە بواری کوردناسی فراوان و فرەپسپۆر بکرێت. لە ژێر ڕەحم و بەزەیی بوارەکانی دیکەی توێژینەوەدا، بێتە دەرێ. لەو بوارەدا سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا تووشی ڕەخنەی توند بووە، بەوەی لەسەردەمی جەنگی سارددا، پێکهاتە کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و کلتووریی کەمینەکان باجی پاڵپشتی ئەمەریکایان بۆ وڵاتە نەتەوەییەکانی ناوچەکە، داوە. لە دیدی سیاسەتی ئەمەریکا ئەوانە بەشێکی دانەبڕاوی وڵاتە نەتەوەییەکان بوون. لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەیاندا، پرس و ڕاوێژێکی ئەوتۆیان بە ڕۆژهەڵاتناسان و شارەزایانی ئەو بوارە نەکردووە
سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕکێشە، تاکە ئەنجامی سەپاندنی هێزی داگیرکاران نییە، بەڵکو گوتاری ئەکادیمی کە هەر لە بنچینەوە لە ڕۆژئاواوە دێت، بۆخۆی سنووری دیکەی داناوە و کۆی پرۆژەکانی دەرهێنانی میوزیکی کوردی لە داگیرکاریی دەکاتە ئەرکێکی یەکجار قورس. ئەو جۆرە کاولکردنەی داگیرکاران وا لە کورد دەکات تەنیا لە دەوڵەتی نەتەوەییی خۆیدا، هەست بە پارێزراویی خۆی بکات. ئەو پێداگرییە بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی نەتەوەیی تەنیا مێژووی چەند سەدەیەکی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کورد پشت گوێ ناخات، بەڵکو گوتاری نەتەوایەتی کوردیش دادەڕێژێتەوە و لە چارەسەری گرفتەکانی گەندەڵی و مافی مرۆڤیشان دەپەڕێنێت. وا لە توێژینەوە ئەکادیمییەکانیش بۆ ناسەوانی و بەرهەمهێنانی ناسەوانی دەکات ڕێگە ناوخۆیەکانی ناسینی هێزەکانی داگیرکاریی و بەرەنگاربوونەوەی، ون بکات. ڕووخان و کاولکاریش بۆ چینەکانی گوتاردەر ئەوەیە چۆن توێژەران دەستیان بە مێژووی ئەو کەسانە دەگات لە ناویاندا کاردەکەن و دەنگیان بگەیەنن
نموونەیەکی گرنگی ئەو جۆرە کاولکارییە لە چەمکی (ڕەسەنایەتیی) دایە. ئەو چەمکە بۆخۆی واتای تێگەیشتنە لە داگیرکاریی ڕابردوو و لابردنی کاریگەرییەکانی ئەو داگیرکارییە، کەچی بە ئاگا یان بەبێ ئاگا، چاوەڕوانین دەنگی خەڵکە ڕەسەنەکان لەڕێگەی هەمان ئەو کەسانەی داگیریان کردبوون، ببیستین. ئەو نموونەیە زۆر بە ڕوونی لە نیوزیلاند دیارە. بۆ کورد، گرفتەکە ئەوە نییە وەکو خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە و هەبوونیان مافیان نەدراوەتی، یان گرفتەکە ئەوە نییە لۆجیکی داگیرکار خۆیان لە ڕێگەکانی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی خەڵکە ڕەسەنەکە، دەدزنەوە (بەریتانیا هەرگیز نەیویستووە عێراق یەکلا ببێتەوە و سەقامگیر بێت)، بەڵکو گرفتەکە ئەوەیە تەواوی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی داگیرکار لە ناوچەکەدا و لەو کاتەی ئەوی تێدایە، بیرۆکەی ڕەسەنایەتیی "بە تایبەتی لە ناو سیاسەتی جیهاندا" ڕەت دەکاتەوە و ناهێڵێت دەستەواژەی خەڵکە ڕەسەنەکە لە جیاتی دەستەواژەکەی داگیرکار، دەرکەوێت
هەرچەندە مژاری ڕەسەنایەتیی تەوەرێکی سەرەکیی بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی کورد نەبووە، بەڵام چەندی دێت داواکان بۆ ئەوەی کورد بە تایبەتیی لە تورکیا داوای ڕەسەنایەتیی لەسەر خاکی خۆی بکات تا مافی یەکسانییی هاوڵاتییبوون، دانپێدانانی وڵات، مافی خوێندن بە زمانی کوردی و مافی چارەی خۆنووسین وەربگرێت، زۆردەبن. کێشەکە ئەوە نییە چەمکەکە لە سیستەمی سیاسیی جیهاندا جێی نەبووەتەوە، بەڵکو ئەوەیە دەبێ زۆربەی جار لۆجیکی داگیرکار لە کات و شوێنیێکی دیاریکراودا، قبووڵ بکەی. واتا دەبێت یەکەمجار دان بە داگیرکاریی و لۆجیکەکەی دا بنێی ئینجا داوای ڕەسەنایەتیی بکەی. بۆ نموونە، هەر چەمکی ڕەسەنایەتیی واتای ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ داگیرکار پێش ئەوەی خەڵکی ڕەسەن لەسەرە زەوییەکی دیاریکراو، ڕاگوێزێت. ئەو پێناسە تەسکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ کەڵکە
لە گووتارێکی پڕبایەخدا سەبارەت بە پیوەندییەکانی کورد و ئەرمەن لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، مێژوونووس جانێت کلیین دەڵێت پرسی خاوەندارییەتی زەوی لە نێوان کەمینەکاندا زۆر لەوەی مێژووی نووسراو تۆماری کردووە ئاڵۆزترە. لە کۆتایی دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ هەردوو ئەرمەنی نیشتەجێ و کوردی کۆچەر پێکەوە لەسەر هەمان زەوی بوون. پێکدادان لەنێوان ئەو دوو کۆمەڵەدا ئەنجامی ڕاستەوخۆی گۆڕانکاری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بوو، ئەو گۆڕانکارییانە مافی هەردوولای زەوت کرد. لۆژیکی داگیرکاریی زەوی وەکو ڕەنگدانەوەی جۆرێکی داواکاریی ڕەسەنایەتیی، بۆ دوورخستنەوەی کۆمەڵەکانی وەکو کورد و ئەرمەن و ئاشوورییەکان لە چەمکی ڕەسەنایەتیی، کاردەکات. مێژووی ئەو کۆمەڵە خەڵکەی بە ڕەسەن ناودەبرێن لەگەڵ هاتنی داگیرکار، دەست پێناکات. میژووی کورد، ئەرمەن و ئاشوورییەکان بە داگیرکردنی بەریتانیا بۆ عێراق لە ١٩١٤ەوە دەستی پێنەکردووە
هاوتا بۆ سروشتی بەرتەسکی گوتاری ڕەسەنایەتیی، داگیرکاریی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە میوزیکی کوردی پێویستە سنوورە دەستکردەکانی نێوان فۆلکلۆر و پەسەندکراوی خەڵک (ئەوەی لە ناو خەڵکدا بڵاوە) لە بەرهەمهێێنانی میوزیکدا، لەبەر چاو بگیرێت. زانای میوزیکی میللی رۆس کۆڵ لە ٢٠١٩دا نووسیویەتی (بیردۆزی "گۆرانی میللی" سیسیل شارپ لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە بەریتانیا بڵاویکردەوە و تا ئێستا کاریگەریی هەیە، لۆژیکی لێکبەستن و بەرابەرکردنی جووتیار و مرۆڤی سەرەتایی لەگەڵ "کۆمەڵگەیەکی ڕەگەزپەرست کە پێوەندیی پیرۆزی لەگەڵ خاکدا هەیە"، یەکسانکرد. تەنانەت ناساندنی گۆرانی میللی نەتەوەیەک بۆ جیاکردنەوەی لەوانی دیکە، هەر بە بیری داگیرکاریی بە شوێن و کاتەوە، بەندە. لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو هونەرمەندانی کورد لە تورکیا گۆرانییە میللیی و سیاسییەکانی خۆیان بە شێوازی ڕۆژئاوایی دادەڕشتەوە. ئەوە نموونەیەکی زیندووی نەمامی سنووری نێوان فۆکلۆر و ئەوەی پەسەندی خەڵکە، نیشان دەدات
گۆرانییە کۆنە کوردییەکانی لە سەرەتای سەدەی بیستەم تۆمارکراون ڕەگیان لە بیرەوەری میوزیکی کوردەکاندا داکوتاوە، وەک بڵێی پارچە شوێنەواری هەرە گرنگن و کات و شوێنی تایبەتی خۆیان بۆ داندراوە. هەریەکەیان دەربڕێنێکی زیندووی هەیە و بۆ هەلومەرجی تایبەتی هەر گۆرانییەک، داڕێژراوە. جگەلەوە، زۆر جار ئەو گۆرانییانە بە ئاسانی تێکەڵ بە کۆمەڵە گۆرانییەکانی عەرەبی، تورکی، فارسی و ڕۆژئاوا وەکو ئیتاڵی و ئینگلیزیش دەکرێن، ئەویش ئەو هەستە دروست دەکات، کە هونەرمەندانی کورد پیشەکەیان وەکو بەشێک لە هونەری ناوچەیی و تەنانەت جیهانییش، بەڕێوەدەبەن نەک وەکو پیشەیەکی ناوچەیی بەرتەسک. کەواتە چۆن بە چاوی هونەری فۆلکلۆر و میللی یان هەر چاوێکی دیکە لە هونەری کوردی، وەکو بەشێکی فراوانتری مێژووی هونەری کوردی، نەڕوانین؟ بە تایبەتیش ئەو هونەرەی لە پاڵ داگیرکار و دژی هێزی داگیرکاریی هاتووەتە بەرهەم
بگەڕێینەوە ئێستگەی بەغداد، بۆ کوردی ئەوکاتەی پڕ لە دڵە ڕاوکێ، بۆ پاراستنی کلتوور و زمانی کوردی، تەنکۆلۆجیای تۆمارکردن ڕێگەیەکی گرنگی دڵنیابوون بوو. هونەرمەندانی ساڵانی بیست و سییەکانی سەدەی ڕابردوو، ئەو گەشتە درێژانەیان بۆ بەغداد لەسەر ئەرکی خۆیان کردووە، ئەگەر جارجار پاداشتێکی کەمیان درابێتێ. کەم جاریش هەبووە میوزیکژەنە کوردەکانیان لەگەڵ بووبێت. میوزیکژەنە کوردەکان تەنیا لە ئاهەنگەکانی شارە کوردییەکان لەگەڵ گۆرانیبێژەکان دەبوون. ئەو کۆمەڵە میوزیکژەنانە دوایی لە هەرسێ شاری هەولێر و سلێمانی و کەرکووک بوونە ناوکی گروپی میوزیکی هەر شارێک. دوای کردنەوەی بەشی کوردی لە ئیستگەی فەرمی عێراق، یەکەم کورد لەوێ وەکو فەرمانبەر کاری درایە، هونەرمەند عەلی مەردان بووە
عەلی مەردان بە شای مەقامات ناسراوە. لە ساڵی ١٩٠٤ لە کەرکوک لە دایک بووە. باوکی توتن فرۆش بووە و سەرکاروانی توتن گواستنەوە بووە. بۆ عەلی مەردانی تازەپێگەیشتوو، گەڕان و گەشت بە ناوچەیەکی یەکجار واڵا بەردەست بووە. مەردان بە ئاوازی قورئان خوێندن و مەقامبێژان سەرسام بووە. لە گەڕانەکانی لەگەڵ بابی شارەزای جۆرەکانی مەقامی هۆرە، خورشیدی، قەتار و ئەڵڵاوەیسی و ئای ئای، بووە. لە گەشتەکانی بۆ بەغدا فێری مەقامی فارسی دەستگاس و عەرەبیش بووە، لە ناویاندا شارەزای مەقامی عێراقیش بووە. لە ساڵی ١٩٣٢ لەگەڵ ٣ میوزیکژەنی جولەکە بۆ ئامێرەکانی عود، قانون و کەمان، دەنێردرێتە کۆنگرەی میوزیکی عەرەب. سەردەمی عەلی مەردان میوزیکژەن و جۆری گۆرانییە کوردییەکانی لە کوردستانی عێراق و بەشەکانی دیکەی کوردستان لە بەغداد دەردەکەوتن، هونەری کوردی لە ناو کایەیەکی فراوانتری میوزیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ چێژ، دەسووڕایەوە. لە سایەی عەلی مەردان هونەرمەندانی دیکەی ناوداریی وەکو تایەر تۆفیق، ڕەسول گەردی، باکوری، نەسرین شیروان و حەسەن زیرەک خاوەنی ١٠٠٠ گۆرانی، دەرکەوتن. مەردان ئەرکی فێرکردنی میوزیکژەنە عەرەب، کریستیان و جولەکەکانی لە ئەستۆ بوو تا بتوانن ئاوازی کوردی، بژەنن. ئەوکاتە بوو میوزیکی کوردی عێراق گەشەی ستاند و بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی جودا، ناسنامەی خۆی جیاکردەوە و بناغەی میوزیکی هاوچەرخی کوردی چەقاند
لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تا دەهات ماوەی بەشی کوردی زۆرتر دەکرا، هەرچەندە عێراق جینۆسایدی کوردەکانی پیادە دەکرد، کەچی بەڕێوەبەرانی ئێستگە بایەخیان بۆ هونەری کوردی کەم نەدەبووەوە. خۆ ئەگەر بەشی کوردیش لە بەغداد داخرابا، کوردەکان دەستەوسان ڕانەدەمان و بەرەو ئەرمەنستان، ئێران، لوبنان و حەیفا دەچوون. ئەوکاتە لە بەرانبەر هەوڵەکانی ئەڵمانیای نازی لە دژی فەرەنسا و بەریتانیا لە ناو عێراق، هەردوو داگیرکەر پالپشتی پەخشی کوردییان دەکرد. ئەو کون و کەلەبەرەی لە سنوورەکانی نێوان وڵاتە دروستکراوەکانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم دا هەبوون، دەرفەتی ڕەخساند پیشەسازیی تۆمارکردن لە هەوڵەکانی داگیرکاریی و داپڵۆسینی حکوومەتەکانییش، جیابکاتەوە
ئەنجام
دەنگێکی ناڕازی لە جیهاندا هەیە داوادەکات سیستەمەکانی دەسەڵاتی داگیرکاریی هەڵبوەشێتەوە. ئەوان ئەوە بە مەزنترین کاری سەردەم لە قەڵەم دەدەن. وەکو ئەوەی ئیمە لێرەدا ڕوونمان کردەوە، کاری هەڵوەشاندنەوەی کاریگەریی داگیرکار لەسەر لکۆڵینەوەکان لە میوزیک تەنیا ماندوو بوون و لە خۆبوردەیی نییە. بۆ هەڵوەشاندنەوە دەبێت سنوورەکانی ئێمەی ئاکادیمی دیارییان دەکەین و دەیانپارێزین، بکێشین. هەروەکو نیشانماندا، تەنانەت زاراوە و چەمکی ڕەسەنایەتیی، کە وای لێ چاوەڕوان دەکرێت ڕێ نیشاندەرمان بێت، لە دیدی هزری ناوەوەی داگیرکارەوە، پێداچوونەوەی پێویستە
سەرباری ئەوەی سەرەوە، باسی ئەوەمان کرد، لە پرۆسەی دەرهێنانی توێژینەوەکانی میوزیک لە ژێر ڕکێفی داگیرکارییدا، هەنگاوێکی گرنگ ئەوەیە سەرنجی ورد لە ڕیگەکانی بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی داگیرکراو لە دژی داگیراکار، بدەین. بە هەمان شێوە بەرەنگاربوونەوەیان بۆ دەسەڵاتی وڵاتانی داگیرکار، کە ئەوانیش وەکو مۆدیلەکەی داگیرکاریی، دامەزراون. بۆ کوردانی ناو عێراق، واتای ئەوەیە مێژووی میوزیکی کورد لە عێراق تێگەیشتنی نموونەیی بزووتنەوە نەتەوەییەکانی کوردی نییە، بەوەی کورد قوربانین و بەرانبەر داگیرکار بێ دەسەڵات و زەلیلن، بەڵکو لە جیاتی ئەوە تۆڕێکی سنووربەزێنی لە هونەرمەندان دروستکرد، پیاو، ژن، کریسیتان، جولەکە، کورد و عەرەبیان تێدا بوو. لە ناو دەزگەیەکی حکومی، کە ئەو حکومەتە جەنگی بوون و نەبوونی لەدژ دەکردن، هونەرمەندانی کوردی عێراق شێوازێکی نوێی کلتووری کوردیان داهێنا، چەندان سنووری بەزاند و تا ئێستا کاریگەری لەسەر هونەر و هونەرمەندان، ماوە
دانپێدانان و ناسینی ئەو مێژووەی لێرەدا ئاکارەکانیم وێنا کرد، وەکو شێوەیەک لە شێوەکانی گوتاری میوزیکی ڕەسەن (لە جیاتی دورخستنەوە و بەلانانی کورد لە گوتاری ڕەسەنایەتیی) هەنگاوێکی گرنگی لابردنی داگیرکارییە لە توێژینەوەکانی ڕۆژئاوا لەو بارەیەوە، ئەگەر ئەوە نەکرێت و لە بەکارهێنانی چوارچێوە ناسراوەکان بەردەوام بین، مانای ئەوەیە تەنیا توێژەر و زاناکان دەتوانن کاریگەری داگیرکاریی لاببەن و لەسەر شانی ئەوانەی دەمانەوێت یارمەتییان بدەین تا لە کاریگەری داگیرکاریی دەرباز ببن، زۆرتر لەسەر دەسەڵاتی باڵادەست کەڵەکە بکەین. بێگومان بەتەواوی ئەوەش مەبەستەکەیە: کارەکە هەرگیز تەنیا هی ئێمە نەبووە بیکەین