باوەڕمان بە چیرۆکەکان

مرۆڤ باوەڕی بە چیرۆک و گێڕانەوەی هەیە، نەک بە ژمارە و هاوکێشە. چەندی چیرۆکەکەیش سادە بێ ئەوەندە باوەڕ پێهێنانی ئاسانترە. هەر کەس و کۆمەڵ و نەتەوەیەکیش چیرۆک و ئەفسانەی خۆی هەیە. لە سەدەی بیستەمدا، سیاسەتوانانی جیهان لە نیویۆرک، لەندەن، مۆسکۆ و بەرلین سێ چیرۆکی نوێیان داڕشت، لیبراڵیزم، کۆمیونیزم و فاشیزم. بانگەشەی ئەوەیان دەکرد چیرۆکەکەیان هەموو ڕابردوو شیی دەکاتەوە و پێشبینی بۆ ئاییندەی هەموو جیهانیش دەکات


جەنگی جیهانیی دووەم، فاشیزمی بەدەر نا. لە ساڵی ١٩٤٠ تا ١٩٨٩ جیهان بووە شانۆی ململانێی دوو چیرۆکەکەی دیکە. ئینجا چیرۆکی کۆمیونیزم داڕما. لیبراڵیزم وەک تاکە کەتەلۆکی ئاییندەی مرۆڤایەتیی مایەوە. چیرۆکی لیبراڵیزم ئاهەنگی بەهابەرزیی و توانای خۆی دەگێڕا. دەیگووت مرۆڤ بۆ هەزاران ساڵ لە ژێر سیستەمی داپڵۆسێنەردا، بە کەمێک مافی سیاسیی، دەرفەتی ئابووریی و ئازادی تاک، ژیاوە. جموجۆڵی خەڵک و بیروڕا، سنووردار بوون. بەڵام خەڵک بۆ ئازادی جەنگان، بەرەبەرە ئازادی دەرکەوت. ڕژێمی دیموکرات شوێنی دیکتاتۆرەکانیان گرتەوە، لە جێی کۆت و بەندی ئابووری کۆمپانیاکان ئازادانە بازرگانییان، دەست پێکرد. تاک بۆخۆی بیری کردەوە و لە بری گوتاری قەشە و دابو نەریتی بەسەرچوو، گوێیان بۆ دڵی خۆیان هەڵخست. ڕێگاوبان، پرد و فڕۆکەخانە جێگای دیواری بەرز، خەندەق و سیمی بە دڕکیان گرتەوە


لیبراڵیزم دەیزانی هەموو شتێک لە جیهاندا باش نییە. گرفتی زۆر ماون ئاسان بکرێن. هێشتا دیکتاتۆر لە جیهاندا زۆرن، تەنانەت لە وڵاتە هەرە لیبراڵەکاندا خەڵک زۆرە بە دەست هەژاریی، توندوتیژیی و سەرکوتکردن دەناڵێنێ. لیبراڵیزم دەیگووت بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەوانیشدا ئازادیی زۆرتر پێویستە. دەبێ مافی مرۆڤ پارێزراو بێ، هەموو کەس دەنگی هەبێ، بازاڕی ئازاد دامەزرێنین و کاڵا و خەڵک بتوانن بە  ئاسانیی هەموو جیهاندا بجوڵێن. هەر وڵاتێک لەگەڵ لیبراڵیزمدا نەبوایە، پێی دەگوترا لەودیوی میژووە. هەر لەبەر ئەوە بوو لە ١٩٩٧ بیل کلینتۆن بە چینی گوت لە لای هەڵەی میژوودایە


لە سەرەتای قەیرانی ئابووری جیهان لە ساڵی ٢٠٠٨ خەڵک دیسانەوە لە چیرۆکی لیبراڵیزم کەوتنەوە گومان. دیوار  بەرزبوونەوە، دژایەتیی کۆچ و کۆچبەران هاتەوە سەر مێز و ڕیککەوتنەکانی ئابووری تەنگژەیان تێکەوت. پیاوە ئازاکانی تورکیا و روسیا تامی جۆرێکی دیکەی دیموکراسیی لیبراڵیزم و دیکتاتۆریەتی بێ باک، دەچێژن. ئێستە ئەوانەی بە چین دەڵێن لە لای هەڵەی میژووی، زۆر کەمن


چەند ساڵێک لەمەوبەر، مەبەستی جیهانی لیبراڵ (ئەوروپا و ئەمەریکا) ئەوە بوو بە زەبری چەک عێراق و لیبیا لیبراڵ بکەن، کەچی خۆی لە ساڵی ٢٠١٦ لە ناواخنی لیبراڵیزمدا برێکزیتی کرد و دۆناڵد ترمپی کردە سەرۆک. جیهان کەوتە ئەوپەڕی بێ ئومێدیی و تەمایەکی وای بە لیبراڵیزم نەما. هەندێک ئارەزووی سیستەمە قووچەکییە (دەسەڵات لە سەرەوە بۆ بنەوە) کۆنەکەیان دەکرد، نەیاندەویست دەستبەرداری دەستکەوتەکانی نەتەوەیی و ڕەچەڵەکی خۆیان بن. هەندێکی دیکەیش پێیان وابوو لیبراڵیزم و جیهانگیریی لەسەر حسابی خەڵک، دەستبژێرێک بە توانا و دەوڵەمەند دەکەن


بە چیرۆکەکانی سەدەی بیستەمی خۆماندا بێینەوە، دەبینین لە ساڵی ١٩٣٨ جیهان سێ چیرۆکی هەبوو، دەبوایە یەکیان هەڵبژێرێ. لە ساڵی ١٩٦٨ مانەوە دوو، لە ١٩٩٨ یشدا وا پێدەچوو تەنیا یەکیان دەمێنێ. بەڵام لە ٢٠١٨ ئەو دانەیەیشمان نەما. سەیر نەبوو دەستبژێری دەسەڵاتی جیهانی لیبراڵیزم، کە بۆ ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵ جیهانیان لەبەردەستدا بوو، واقیان وڕ مابوو. ئەو کاتەی یەک چیرۆکمان مابوو، پێمان وابوو هەموو شت لەوپەڕی باشیدایە، ئەوە هەموو شت لە بێژنگ دراو حەساینەوە، بەڵام ڕاستییەکی تاڵ بوو کاتێک لەناکاو ئەو خەونەیش نەما. سەرکردە شڵەژاوەکانی لیبراڵیزم وەکو ئەوانەی شیوعیەکانی سۆڤیەت لە کۆتایی هەشتاکاندا تێنەدەگەیشتن چۆن مێژوو لە هێڵی خۆی لایداوە. ئاوێزەی دیکەیان پێ نەبوو واقیعی پێ ببینن. هەندێک باوەڕیان وابوو بە برێکزیست و هاتنی ترەمپ کۆتایی بە شارستانیەتی مرۆڤ هات


سیستەمی سیاسی لیبراڵ لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازیی، بۆ بەڕێوەبردنی بزوێنەری هەڵم، پاڵاوتگەی نەوت و رادیۆو تەلەفزیۆن، دەرکەوت. ئێستە بۆی قورسە لەگەڵ زانیاریی تەکنۆلۆجی و تەکنۆلۆجیای زیندەیی هەڵکا. لە ساڵی ١٩٩٠ەوە ئینتەرنێت پەیدا بووە، لە هەموو هۆکارێک زۆرتر جیهانی گۆڕی، بەڵام کەس دەنگی لەسەر نەدا، ئەندازیارەکان نەک سیاسەتوانان، دروستیان کردووە. تا ئێستەیش شەپۆلەکانی گۆڕانکاری بە ئینتەرنێت دەکرێن لەوانەی سیسەتوانان دەیکەن کەمتر نییە. لیبراڵیزم نازانێ ئەو زللەیەی چۆن لێدرا و ئامرازیشی لەدەست نییە بەرگەی زللەی دووەمی تەکنۆلۆجیا بگرێ، وەک دەرکەوتنی ژیریی دەستکرد و ئەندازەی بۆماوەیی


لە چەند ساڵی داهاتوودا، کۆمپیوتەرەکان بودجەی حکوومەت دادەنێن و بەرنامەکان دادەڕێژن. مرۆڤ کۆنترۆڵی لەسەر دەرەوەی جەستەی خۆی هەبوو، بەڵام نەیدەتوانی پیریی ڕاگرێ، مێشک دیزاین بکات. لەمەودوا ئەوانە دەگۆڕێن. لیبراڵیزم و سیستەمی دیموکرات چۆن پێشوازی لەوانە دەکەن؟ جارێ دیار نییە.