زنجیرە چیاکانی قەوقاز ١١٠٠ کیلۆمەتر لە دەریای ڕەشەوە بۆ دەریای کاسپیان درێژ دەبێتەوە. لە باکوورەوە هەردوو ڕووباری کوبان و تەرەک لە باشووریش هەردوو ڕووباری ئاراس و کورە، لە باوەشی دەگرن. سنوورێکی سروشتیی نێوان تەختاییەکانی یورۆئاسیا و ڕۆژهەڵاتی نزیکە و لە هەمان کاتیشدا، لە ژینگەی ئەناتۆلیا و میسۆپۆتامیا، جیاوازە. دەوڵەمەندیی ئەو ناوچەیە بە شوێنەوارەکان، دەریدەخات مرۆڤ لە کۆتاییەکانی چاخی بەردیینی کۆنەوە، لەو ناوچەیەدا ژیاوە. ناوچەی قەوقاز ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە سەردەمانی پێش مێژووی مرۆڤایەتیدا، هەبووە
شێوازی ژیانی سەردەمی دەرکەوتنی کشتوکاڵ لە هەزارەی شەشەمی بەر لە زایین لە قەوقاز دەرکەوتووە. لە هەزارەی دوای ئەوەدا، قەوقاز ڕۆڵێکی زۆر چالاکی لە گەشەکردنی شارەکانی میسۆپۆتامیادا هەبووە. سەرچاوەی هەندی ماددەی خام، لەوەڕگە و دار بووە. لە هەزارەی چوارەمی بەر لە زایین هەردوو کەلتووری کور-ئاراس و مایکۆپ دەرکەوتوون. کور-ئاراس بە هەردوو دیوی چیاکانی قەوقازدا بڵاوبووەتەوە و نیشانەی پێوەندی نێوان باشوور و باکووری قەوقازیشە. هەرچی مایکۆپە، دەستپێکی کەلتوورێکی دەوڵەمەندی ڕۆژئاوای یورۆئاسیایە. بە گۆڕەکانی سەر گردەکانی ناسراوە، بە تایبەتیش شینەوارە نەناسراوەکەی مایکۆپ لە شاری ئادیاگیای ئێستە. ئەو گۆڕانە نیشانەی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی نوێیە
دەشتاییەکانی ناسراو بە پۆنتیک کاسپیان لە باکووری دەریاچەی کاسپیان (قەزوین) و ئەوەی یورۆیاسیا لە تەنیشت قەوقاز ڕۆڵێکی گرنگیان لەو سیستەمە ئابوورییە لێکبەستراوەدا هەبووە، باوەڕ وایە هەر ئەوێ لانکەی ماڵییکردنی وڵاخ/ئەسپ بووبێ کە ئەوکاتە شۆڕشی لە گواستنەوەدا بەرپاکرد و بەو هۆیەوە توانرا ماڵییکردن و بەڕێوەبردنی مێگەلی مەڕوماڵات ئاسانتر بێ. کەلتووری یامنایا لە نێوان ٣٣٠٠ تا ٢٦٠٠ پێش زایین هەر بەهۆی ماڵییکردنی ئەسپ بوو توانی پەرە بستێنێ و بڵاو ببێتەوە. (وشەی یەمنایا واتا کونەگۆڕەکان – ئەو کونانەی لاشەی مرۆڤی مردوویان تێدا دەنێژرا. یەمنایا تێکەڵەیەکی نێوان کۆمەڵە ڕاوچییەکانی قەوقاز و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بوون)
ئەو گۆڕانکارییەی لە شێوازی ژیانی یەمنایا ڕوویدا، وایکرد کۆچ بەرەو ئەوروپا ئاسانتر بێ، بۆیە کۆێ جینەکانی ئەوروپا لە هەزارەی سێیەمی بەر لە زایین، گۆڕانی بەسەردا هات و لەوێ نەوەیان خستەوە. بە هەمان شێوە، کۆچبەرانی یەمنایا لە باشووری ئاسیادا دەرکەوتوون و جینەکانیان بەویدا بڵاو بووەتەوە. بەڵام بەر لەو کۆچە گەورانەی یەمنایا، گواستنەوەی کاڵا و هاتووچوون لە هەزارەی پێنجەمی پێش زایینەوە لە نێوان ناوەڕاستی ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، قەوقاز و زنجیرە شاخەکانی کارپاتیا لە ناوەڕاستی ئەوروپا بە دۆزینەوە بەڵگەی شوێنەوار و پشکنینەکان دی ئێن ئەی ، سەلمیندراوە. هەموو ئەو ڕاستییانەی سەرەوە ڕۆڵی پڕ بایەخی ناوچەی قەوقاز لە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتییدا، دەردەخەن
پشکنینەکانی دی ئێن ئەی هەندێ گرفتی خەڵکی ئەوروپای کۆنی ئاسان کرد و تێگەیشتنی نوێی خستە بەردەست. بەپێی ئەو پشکنینانە، کۆمەڵە ڕاوچییەکانی ئەوروپای پێش کشتوکاڵ، بە هەموو کیشوەرەکەدا بڵاوبووەتەوە و پاشماوەیان لە خەڵکی ئێستەی ئەوروپادا هەیە. ئەوان لەو کۆچبەرانەی لە لێڤانت و ئەناتۆلیاوە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییان بۆ ئەوروپا گواستەوە ، تەواو جیان. دەمێکە بڕوای زانایان وابوو کشتوکاڵ لە ئەناتۆلیاوە بۆ ئەوروپا چووە، بەڵام کۆمەڵێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بوون و سەرەتا وەکو کۆمەڵە ڕاوچی ژیاون بەر لە نزیکەی ١٠ هەزار ساڵ لە گورجستانەوە چوونەتە ئەوروپا. دوای ئەوانیش بەر لە دەرکەوتنی کشتوکاڵ لە تەختاییەکانی ئێرانەوە (مەبەست وڵاتی ئێران نییە) هەندێ کەس گەیشتوونەتە ئەوروپا
لە ماوەی دوو هەزار ساڵدا، لە نێوان کۆتایی چاخی بەردیینی نوێ و دەرکەوتنی چاخی برۆنز، ئەو سێ کۆمەڵەیەی باب و باپیرانی ئەوروپاییەکانی ئێستە بوون، لە نێوان خۆیاندا تێکەڵ بوون و جیاوازی جینەکانیان کەمبوونەوە. هاوتەریب لەگەڵیاندا تێکەڵەیەکی دیکەی کۆمەڵە ڕاوچییەکانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئەوانەی گورجستان/ئێران لەگەڵ چەند کەسێکی ناوچەی سامارا (نزیک ڕووباری ڤۆڵگای ڕووسیا) ٥٢٠٠ تا ٤٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین، هەیە. ئەو تێکەڵەیە بەرەو ڕۆژئاوا چووە و شوێن پەنجەی لە کرۆمۆسۆمی ئەوروپاییەکانی ئێستەدا ماوە. لە هەمان کاتدا، هەیانە بەرەو ڕۆژهەڵات بۆ بەرزاییەکانی ئەڵتای کۆچی کردووە و لەوێشەوە دواتر گەیشتووەتە باشوری ئاسیا
زانیارییەکانی دی ئێن ئەی ئەوانەی لە ناوچەی کورگانی باکووری قەوقاز نێژراون و تەمەنیان بۆ چاخی برۆنز دەگەڕێتەوە جینەکانی کەسانی باکووری ئێران، ئەرمەنستان و جۆرجیایان تێدایە و لەیەک نزیکن، هەموو ئەوانە دەکەونە باشووری چیاکانی قەوقاز. بەڵام ئێستە دانیشتووانی باکوور و باشووری ئەو زنجیرە چیایە لەیەک جیان. کەواتە لە سەردەمانی کۆندا هاموشۆی نێوان ئە وناوچانە زۆر بووە و خەڵکانی باکووری قەوقازی ئێستە جینیان لە دانیشتووانی باکووری چیاکان وەرگرتووە. چیاکانی قەوقاز بەربەستی هاتووچوونی نێوانیان نەبووە و کەلتووری باکوور و باشووری لەیەکتر بەستووەتەوە. دۆزراوەکانی شوێنەوار لەو ناوچانەدا ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن
جینی قەوقازییەکانی باشوور لە دانیشتووانی باکووری چیاکانی ئەوێدا بۆ ساڵی ٤٥٠٠ پێش زایین دەگەڕێتەوە، هەر ئەو کاتە بووە کشتوکاڵ لە دامێنی ڕووبارەکانی باکووری چیاکانی قەوقاز لە کەلتووری دارکڤێتی-میشۆکۆدا، دەرکەوتووە. ١٥٠٠ ساڵ بەر لەوە قەوقازییەکان لە باشووریی چیاکان دەستیان بە کشتوکاڵ کردبوو. لەو دەشتاییانەی یۆرۆئاسیاوە بەر لە ٥٠٠٠ ساڵ کشتوکاڵ بەرەو ڕۆژئاوا و باکوور، چووە
زانستی شوێنەوارناسیی جینەکان، باپیرەگەورەکانی لە تەختاییەکانی یورۆئاسیا ژیاون بە تێکەڵەی کۆمەڵە ڕاوچی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و قەوقازەکان، ناوناوە. بەڵام دیارنییە ئەوان لە کوێوە هاتوون و ئایا کاریگەرییان لە دەرکەوتنی کەلتوورێکی گڵسازیی ٤ هەزار ساڵ پێش زاییندا بە ناوی کور ئاراس، هەبووە. ئەو کەلتوورە وایکرد کۆمەڵگەکانی ماڵییکردنی ئاژەڵان کە بە زمانە هیندۆئەوروپییەکان دەدوان، پەرە بستێنن
سەرچاوە