گردی تلێ لە دەشتی ڕانیە

گردی تلێ دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری ڕانیە، لە نزیک شارۆچکەی سەروچاوەیە. گردێکی تۆزێک گەورەیە وپێدەچی نیشتەجێیەکی گرنگ بووبێ. لە بن لووتکەکەی سەرەوەی ئاستێکی بنچینەی ٢٥٠ بە ٢١٠ مەتر  لە دیواری بەردی پان، هەیە. بەشی دەرەوەی ئەو نیشتەجێیە بە ڕووبەری ٤٠٠ بە ٦٠٠ مەتر لە تەختایی دەورووبەری دیارە. لای چەپی ئەو گردە بە لێدانی ڕێگایەکی نوێ تێکچووە. کاری شوێنەوارناسیی لە ٢٠١٥ لە گردی تلێ لە لایەن تیمێکی ژاپۆن بۆ ڕووماڵکردن، دەستیپێکردووە. لە ساڵی ٢٠١٦ بەرنامەی ٥ ساڵەی تیمی زانکۆی  ئیۆتڤۆس لۆراندی هەنگاریا دەستیپێکردووە و تا ساڵی ٢٠١٩ بەردەوام بووە

 

دیار نییە ژیان لەو شوێنەدا تا کام سەردەم بەردەوام بووە. بەڵام شوێنەوارەکانی لە چاڵی ١ دۆزرانەوە تا سەردەمی نەینەوا ٥ دەڕوات، واتا سەرەتای هەزارەی سێیەمی پێش زایین، دەکاتە سەرەتای چاخی برۆنز. شوێنەواری بەجێماوی ئاشووری نوێ ٤ مەتر لە ژێر ئاستی سەرەوەدا دۆزراوەتەوە. لە هەندێ شوێنیش لە قووڵایی ٨ مەتر بووە. لە هەڵکۆڵینی چاڵەکاندا و ئەو ئاستانەی هەڵکۆڵین پێی گەیشت دەردەکەوێ ئەو گردە ٢٢ تا ٢٤ مەتر لە سەردەمی چاخی بەردینی کۆن، لە دەشتایی دەورووبەری بەرزتربووە. دواتر لەسەردەمی ئاشووری نوێدا، لەسەر هەمان شوێن دیوار و پێکهاتەی تازەیان داناوە و قەڵایەکی نوێیان بەرزکردووەتەوە

 

ڕووبەری ئەو شوێنەی دروستکراوەتەوە لە نێوان ١٥٠ تا ٢٠٠ مەتر دووجا بووە. تیمەکە ٣٥ مەتر دووجای لێ هەڵکەندووە و لە چوار شوێندا گەیشتنە پاشماوەی سەردەمی ئاشووری نوێ. دوو ژوور و هەیوانێک دەرکەوتن. لە بەردڕێژ کردنی زەوی خانووەکە دیارە ئەو کەسەی لەو شوێنە ژیاوە، دەسەڵاتداری پایە بەرزی ئاشووری بووە، چونکە ئەو جۆرە بەردڕیژییە لە خانووە ئاساییەکانی ئاشووردا نەبووە. مۆرێکی ئاشووری لوولەیی دەسک برۆنزی هەمان سەردەم دۆزراوەتەوە، لە داخورانی مۆرەکە دیارە یەکجار زۆر بەکارهاتووە، بە واتای ئەوەی لەو سەردەمەدا، شوێنێکی ئیداری گرنگی ناوچەکە بووە

 

لە ساڵی ٢٠١٨ و لە لای باکووری گردەکە خانوویەکی دیکەی سەردەمی ئاشووری نوێ دۆزرایەوە. لە ناوچەیەکی بچووکی ئەو خانووەدا چەندین پارچە و بابەتی دیکە دەرهێندران. سووراحی، کوپ، دەفری نانخواردن، دەفری چێشت لێنان وهەندێ بەردی کاری چیشت لێنان لەسەریەک ڕیز کرابوون. زۆربەی ئەو بابەتانە لە سەردەمی چاخی ئاسندا، لەو شوێنە دروست کرابوون. ئەو خانووە ١٠ مەتر لەوەی یەکەم نزمتر بووە، بەڵام تەنیا ٩ مەتر لەو دووربووە. لە هەمان ساڵدا لە بەشی باشووریش خانوویەکی دیکە دۆزرایەوە

 

دوای ئەوە هەرنەبێ بۆ ماوەی ٣٠٠ ساڵ کەس بە لایدا نەچووە، تا سەردەمی ساسانییەکان و ئیمپراتۆریەتی فارس دیسانەوە قەڵایەکی لەسەر دروستکراوە. لە سەدەی ١٨ و ١٩دا، لە سەردەمی میرنشینی سۆران، قەڵایەکی دیکەی لەسەر دروستکراوە. شێوازی دانانی دیوارەکان لە نێوان سەردەمەکاندا گۆڕانێکی وای بەسەردا نەهاتووە. هەموویان بناغەیەکی بەرد کراوە، ئینجا خشتەی قوڕ بۆ دانانی دیوارەکان لەسەر ئەو بناغەیە، بەکارهاتووە. لە ڕووبەری دەرەوەی دیوارەکان، و لە ئاستەکانی سەرەوەدا چەند کوورەیەک دۆزرانەوە بۆ برژاندنی نان بەکارهاتوون. هەندێک نەخش لەسەر ئەو کوورانە هەیە نیشانەی زەردەشتییەکانی پێوەیە

 

لە سەردەمی ساسانیەکاندا چەند کوورەیەکی دیکە دۆزرانەوە دەتوانین بڵێین وەکو خۆیان مابوون و بڕێکی زۆر خەڵووزیان تێدا بوو. لەو قەڵاتەدا چەند پارە کانزایەکی سەردەمی سەفەویەکانی لێ دۆزراوەتەوە. یەکیان بۆ تواندنەوەی ئاسن بەکارهاتووە. پێدەچی ئەو شوێنە بۆ ماوەیەکی درێژ وەکو خاڵێکی پیشەسازیی بەکارهاتبێ. چەندین سەرە ڕم و سەرە تیری ئاسن لە چەند ئاستێکی جیای هەڵکۆڵین دەرهێندران. ژمارەی ئەو سەرەتیرانە بەڵگەی ئەوەن ڕووداوی گرنگ لەو ناوچەیەدا هەبووە. بە هەمان شێوە پارەی کانزایی سەردەمی ئەسکەندەری مەکدۆنی لە ساڵی ٣٠١ بۆ ٣١٠ پێش زایینی لێبووە

 

لەوێدا ماوەی کارەکانی تیمەکەی هەنگاریا تەواو بوون و هیچ چاڵێکیان نەگەیشتە قۆناغەکانی بەر لە مێژوو. بەڵام ئەوەندەی کاری تێدا کراوە، بە پێی ئەو ئامرازە بەردانەی لەگەڵ پارچە و پووچی گڵسازیی ڕەنگکراو، لێی دۆزراوەتەوە، مێژووی کۆنی ئەو شوێنەوارە بۆ هەزارەی شەشەم یان حەوتەم پێش زایین (سەردەمی حەلەف)، دەگەڕێتەوە. لە هەزارەی پێنجەمی پێش زاییندا (سەردەمی عوبەید) ژیانی تێدا بووە. بۆ بەردەوامبوون لە دۆزینەوەکان پێویستە تیمی دیکەی شوێنەوارناسیی سەردانی گردی تلێ بکەنەوە، بەڵکو بەڵگەی کۆنتر لە هەزارەی شەشەمی پێش زایین دەدۆزنەوە

 

سەرچاوە

 http://real.mtak.hu/105584/1/Kalla_E19T.pdf