کۆنترین ٥ شار لە مێژوودا

لە ماوەی چەند هەزار ساڵی ڕابردوودا، مرۆڤ بە زۆر گۆڕانکاریدا تێپەڕیوە تا گەیوەتە ئەوەی ئێستە هەیە. سەرەتا بە کۆمەڵ بە دەشت و کێواندا دەگەڕاین، ڕاومان دەکرد و خۆمان دەخزاندە ئەشکەوتەکان. دواتر فێر بووین ڕووک و ئاژەڵ ماڵیی (کەوی) بکەین، فێری کشتوکاڵ بووین و زانیمان بە مانەوە لەسەر خاک، کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی، بەرهەمی دەبێ. نیشتەجێی هەمیشەیی، وایکرد ژمارەمان زۆر بێ و پێکەوە بین. کۆمەڵگەکان دروست بوون و شار و وڵات دەرکەوتن

 

بەڵام پێناسەی شار چییە و دەبێ چۆن بووبێ تا ناوی شاری لێبنرێ؟ کام نیشتەجێیەی ئەو کاتە دەکرێ بە شار ناوی بنرێ؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە وەک پرسێکی شوێنەوارناسیی، شوێنەوارناس گۆردن چایەڵد لە نووسینێکیدا بە ناوی (شۆڕشی شارستان) لە ساڵی ١٩٥٠دا ١٠ خاڵی دەستنیشان کرد تا شار لە نیشتەجێی دیکە، جیا بکەینەوە. دەبێ نیشانە و بەڵگە شوێنەوارناسییەکان ئەو ١٠ خاڵە بسەمێنن تا بە شوێنەوارێک بگوترێ شار بووە. ئەو نیشانانە، ئەمانەی خوارەوەن

 

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان: هەر نەبێ دەبێ ٢٠٠ هەزار مەتر دووجا بووبێ و دانیشتووانی لە ١٠ هەزار کەس کەمتر نەبووبێ

 

شار دەبێ پیشەوەری هەبووبێ: لە لادێ، هەر کەسەو بەشی خۆی و خێزانی پێویستییەکان دروست دەکات و دابین دەکات، لە شاردا هەمەجۆرەی پیشە هەیە خەڵک پێداویستی بەدەر لەوانەی خۆی دروسی دەکات و دەیانفرۆشیتەوە. کەی دوکان و شوێنەکانی کارکردن لە شوێنەوارێکدا دۆزرایەوە، کەواتە مەرجی شاری تێدا هەبووە

 

دەبێ دانیشتووان خەرجیی بدەنە حوکوومەتەکەیان: چەندی کۆمەڵگەکان ئاڵۆزتر دەبوون سەرکردەکان کاریان زۆرتر دەبوو، بۆیە دەبوایە دانیشتوان جۆرێک لە باج و کرێ بدەنە ئەوانەی کاروباری ڕۆژانەیان لە ئەستۆ گرتووە، ئەو خەرجییە لە شیوەی دانەوێڵە و خۆراک و کارەستەی دیکە بووە، کەواتە حوکوومەت شوێنێکی بۆ هەڵگرتنی ئەو شتومەکانە دەبێ هەبووبێ. ئەوە کرۆکی دامەزراندنی کۆمەڵگە و دامودەزگەکانی بەڕێوەنردنی شارەکان بووە. ئەگەر شوێنێکی لەو شیوەیە (وەکو کۆگا بووە) لە شوێنەوارێکدا دۆزرایەوە، کەواتە مەرجێکی شاری هەبووە

 

بە گەورەبوونی کۆمەڵگە، چینەکان دەردەکەون. فەرمانبەرانی حوکوومەت، پیاوانی ئایین و سەرکردە سەربازییەکان بە ئاسانی دەستیان بەو کۆگایانەی شتومەک گەیشتووە، ئەوان دەبوونە دەستەبژێر و چینێکی جیایان لێ دروست بووە

 

کۆبوونەوەی دەسەڵاتەکان لەیەک خاڵدا یان لە تاکە کەسێکدا. لە کۆمەڵگە یەکسانەکاندا (بێ چین و توێژ) دەسەڵات بەسەر خەڵکەکەیدا بڵاوبووەتەوە. بەڵام دەسەڵات لە شار و دەوڵەتدا چەق دەگرێ. ئەو خەسڵەتەی شار بە دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێ و فەرمانڕەوایی لە شوێنەوارەکاندا دەدۆزرێتەوە و دەستنیشان دەکرێ

 

هەبوونی تەلار و کۆشکی گەورە. ئەوانە هێمای هەبوونی کەسانی بەدەسەڵاتن لە کۆمەڵگەکاندا، بۆیە بۆ نیشاندانی دەسەڵاتیان تەلار و کۆشکی گەورە دروست دەکەن. لەو شوێنانەدا بە خەڵک دەگوترێ چۆن هەڵسوکەو بکەن و کۆمەڵگە لە دەسەڵات جیا دەکرێتەوە

 

تۆماری ژیانی ڕۆژانە و نووسینی گرێبەست و ماف و ئەرکەکان. لە هەموو شارەکاندا ئەو جۆرە تۆمارانە هەبووە و هەیە

 

بازرگانیکردنی بەردەوام لەگەڵ کۆمەڵگەکانی دەورووبەر و شوێنە دوورەکانی دیکە. هەڵبەت بازرگانی بەر لە دەرکەوتنی سارەکانیش هەر هەبووە، بەڵام شارەکان بە قەبارەی گەورەتر و دوورتر لە گوندەکان، دەتوانن بازرگانی بکەن. کەواتە بەڵگەی بازرگانیکردن لەگەڵ شار و کۆمەڵگەکانی دیکە واتای ئەوەیە ئەو شوێنەوارە شار بووە

 

هەبوونی زانستەکانی کردوە (پراکتیک)، وەکو بیرکاری، تەلارسازیی و فەلەکناسیی. ئەوانە بەر لە دەرکەوتنی شاریش هەر هەبوون، بەڵام هەموو شارەکان ئەوەیان هەبووە و شاریان پێشخستووە

 

شێوەیەک لە هونەر و هێمادان، ئەگەرچی ئەوەیان مەرجێکی هەرە سەرەکیی نییە بەڵام لە نووسینەکەی چایەڵددا هاتووە. هەرچی هونەرێک لە شارە کۆنەکاندا هەبووبێ لەوانەی سەردەمی چاخی بەردین و کەمێک دواتر پێشکەوتووتر نەبووە. زۆربەی کۆمەڵگەکان هەندێ هیماسازیی و نواندنیان هەبووە تا گوزارشت لە بەهاکانیان بکەن، بەڵام مەرج نییە هەموو ئەوانە لە ناو چوارچێوەی هونەردا بن

 

بە تێڕوانین لەو مەرجانە دەبینین جێریکۆ ( لە شینەوارناسییدا پێی دەڵێن تل السلطان) لە دەشتاییەکانی ئەردەن و ١٠ کیلۆمەتر لە باکووری ذەریاچەی مردوو، بە پێنجەمین کۆنترین شار دەژمێردرێ. جێریکۆ لە دەورووبەری ٣٠٠٠ پێش زایین هێندە گەورەبوو و دامەزراوەی تێدا دەرکەوت، ببێ بە شار. تا دەهات خەڵکی زیاتر بۆی دەهاتن تا لە ساڵی ٢٧٠٠-٢٦٠٠ پێش زایین، واتا سەرەتای چاخی برۆنز تەواو گەورە بووبوو. دواتریش بە بوومەلەرزە وێران بوو و چۆڵ کرا

 

پێش جێریکۆ، شاری سوسە لە ئێرانی ئێستە دێت. سوسە دەکەوێتە نێوان دەشتاییەکانی میسۆپۆتامیای خواروو و چیاکانی زاگرۆس. لە نێوان ساڵی ٣٧٠٠ تا ٣١٠٠ پێش زایین سوسە بووبووە ٢٥ هەزار مەتر دووجا. بەرلەوەی تەواو پەرە وەرگرێ لەگەڵ چوغەمیش بووەتە ناکۆکی و لە نێوان ٣٣٥٠ بۆ ٣١٤٠ پێس زایین سوسە چۆڵ کراوە. دواتر ئاوەدان بووەتەوە و عیلامیییەکان کردوویانە بە شار

 

بەر لە سوسە، ناخان لە دەم ڕووباری نیل لە میسر دێت. لە نێوان ٣٤٠٠ بۆ ٣٢٠٠ پێش زایین سیمای شاری لێوە دەرکەوتووە.  ناخان دوو کیلۆمەتر لە نیلەوە دوورە، بەڵام ڕەنگە ئەوکاتە لە نیل نزیکتر بووبێ. نووسینی میسری لە ناخان، دەرکەوتووە

 

لە هەرسێکیان کۆنتر شاری ئوروک لە میسۆپۆتامیا بووە. لە نێوان ساڵی ٤٠٠٠ بۆ ٣٧٠٠ پێش زایین ڕووبەرەکەی ٧٠٠ هەزار مەتر دووجا بووە. بەشەکانی ئایینی، پیشەسازی و نیشتەجێبوون جیا بوون. لە ساڵی ٢٨٠٠ پێش زایین ڕووبەرەکەی بۆ نزیکەی ٢٨ ملیۆن مەتر دووجا پەرەی سەندووە. ١٠ هێندەی سوسە بووە کە لە هەمان سەردەمدا هەبووە. ڕەنگە تا ٤٠ هەزار کەسی تێدا ژیاوە

 

کۆنترینیشیان شاری براک بووە. دوای ئەوەی بەڵگەی شوێنەواری نوێ بەدەست هاتن، براک جێی کۆنترین شاری لە ئوروک وەرگرت. براک دەکەوێتە کوردستانی ڕۆژئاوا (لە ناو سوریادایە). زووتر شارەکە بە ناگار ناسرابوو، بەڵام بەڵگە نییە لەو کاتەدا کام ناوەیان بەکارهاتووە. براک لە ساڵی ٣٨٠٠ بەر لە زایین، واتا کەمێک بەر لە ئوروک، دەرکەوتووە. ئەوکاتە ڕووبەرەکەی ١ ملیۆن و ٣ هەزار مەتر دووجا بووە. بەڵگەکانی شوێنەواری هەموو سیفاتەکانی شاربوونیان پێوە دیارە. بەڵام نووسینی لێ نەدۆزراوەتەوە