ڕووەک و وشکانیی

زانست بە بەڵگەوە دەڵێ ئەو خانانەی تیشکی خۆریان بەکاردەهێنا بۆ وەرگرتنی وزە و دروستکردنی خۆراک، بەر لە ١ ملیار ساڵ لە ناو ئاوی شیرین و سەر وشکانیی، هەبوون. ئەوان یەکەمین قەوزەکانی ناو ئاو بوون. بە هەمان شێوە ئەوانەی فرە خانە بوون و وزەی خۆریان بەکارهێناوە، بەر لە ٨٥٠ ملیۆن ساڵ لەسەر وشکانیی هەبوون. لە ناوەڕاستی چاخی (دیڤۆنی)دا، واتا ٣٩٠ ملیۆن ساڵێش لەمەوبەر ڕووەک بەو جۆرەی ئێستە هەیە، گەڵا و ڕەگی هەبووە. لە کۆتایی هەمان چاخدا، دارستانەکان پەیدابوون و ڕووەک تۆوی پەیدابووە. لە کاتی قڕبوونی سەردەمی تریاسیکدا نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، زۆربەی ڕووەکەکان دەربازیان بوو. دوای ئەوە، واتا بەر لە نزیکەی ٢٠ ملیۆن ساڵ گوڵ، دەرکەوتووە. بە شێوەیەکی گشتیی، هەرچی ڕووەکی سەر زەوی هەیە بۆ جۆرە قەوزەیەکی سەوزی بەر لە ٨٥٠ ملیۆن ساڵ دەگەڕێتەوە

 

هەر لە سەردەمی دیڤۆنیدا، لەبەر نزمبوونەوەی ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ساردبوونی کەشوهەوا، ڕووەک بۆ زۆرکردنی توانای مژینی ئەو گازە و چنینەوەی وزەی زۆرتری خۆر، گەڵای بۆ دەرکەوت. بە دەرکەوتنی گەڵا، ڕووەکەکان توانیان لە قڕبوون دەرباز بن. دووجۆریش گەڵا هەن. ئەوانەی باریکۆلە و درێژن و ئەوانەی پانن. دیارە ئەو دوو جۆرە لە دوو کاتی جیاواز و بە دوو هەنگاوی جیا، دەکەوتوون. بەر لە دەرکەوتنی گەڵاکان، رووەکەکان هەر لە قەدەکانیانەوە وزەی خۆر و دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان وەردەگرت

 

وەک ئاشکرایە، هەموو ژیان لەسەر هەسارەی زەوی بە بۆماوەیی بۆ نەوەکانی داهاتوویان دەمێننەوە و زۆردەبن. ڕووەک لەو جۆرە مانەوە و زۆربوونە بەدەر نییە. بەڵام هەروەک چۆن کێبەرکێ لە ژیانی ئاژەڵاندا هەیە، بەهەمان شێوە لە ناو ڕووەکەکانیشدا هەیە. نزیکەی ٤٢٠ ملیۆن ساڵ کەڕووەکان (سەر بە خێزانی قارچکەکانن) بە هەموو وشکانیدا بڵاوبوون و لەگەڵ ڕووەکەکانی دیکەدا لە کێبەرکێدا بوون. ئەوکاتە قارچک هێندە مەزن و گەورەبوون چەندین جار لە باڵای مرۆڤێک بەرزتر بوون

 

بەربەستی هەرە گەورە بۆ بڵاوبوونەوەی ڕووەکەکان و دروستبوونی دارستان، کەڕوو و قارچکەکان بوون. لەبەرئەوە ڕووەکەکان دەبوایە بەرەنگاریان ببنەوە و بتوانن جێ پێی خۆیان لەسەر وشکانی بکەنەوە. ڕووەک دوو جینی بۆخۆی دروستکرد بە ناوی پین ١ و  ئیس وای پی ١٢٢ و توانیان بەربەستی کەڕووەکان ببڕن. ئەو دوو جینە دژە کەڕوون، توانیان داگیرکاریی کەڕووەکان ڕاگرن. دەرکەوتنی ئەو دوو جینە نەبووە لەناوچوونی کەڕوو یان ڕووەکەکان خۆیان. چونکە جینەکان بۆ ئەوەبوو کەڕووەکان ڕووەکەکان نەخۆن و داگیریان نەکەن

 

لە نوێترین توێژینەوەی زانستیدا لە دانیمارک زانایان توانیان کاری ئەو دوو جینە ڕابگرن، یان بیانکوژێننەوە. ئەو کارەیان وایکرد کەڕووەکان بتوانن ئەو ڕووەکەی لە تاقیکردنەوەکەدا بوو، داگیربکەن و بیخۆن. ئەگەرچی هەموو کەڕوویەک هەر ناتوانێ هەموو ڕووەکێک یان دارێک بتەنێ، بەڵام تا ئێستە هەندێ کەڕوو هەیە دەتوانن هێرش بکەنە سەر ڕووەکەکان و تووشی نەخۆشییان بکەن. جارێ نازانرێ بۆ هەندێ ڕووەک ناتوانێ بەرگری هەندێ جۆری کەڕوو بگرێ. بەڵام مەزەندە وایە لە چاو ئەو مێژووە دوورو درێژەی لە سەرەوە باسکرا، کەڕووەکان خۆیان گۆڕیبێ و میکانیزمی نوێ بۆ داگیرکردنی ڕووەکەکان بگرنە بەر

 

باوەڕ وایە، دەرکەوتنی ئەو دووو جینە وایکردبێ هەردوو کەڕووەکان و ڕووەکەکان، بتوانن بۆ چەندان ملیۆن ساڵ پێکەوە لەسەر وشکانیی بژین و بمێننەوە. دوای ئەوە، کەڕووەکان هاوشانی ڕووەکەکان لە دارستانەکاندا بڵاوبوونەوە و هیچیان نەبووە هەڕەشە بۆ ئەوی دیکە. ٥٠٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر گڵ و خۆڵ وەک ئەوە نەبووە ئێستە هەیە. ڕووی زەوی تەنیا بەرد بووە. دەرهێنانی ماددەی پێویست لە بەردەکانەوە بۆ کەڕووەکان کارێکی قورس نەبووە، بەڵام ئەوە بۆ ڕووەکەکان نالوێ

 

کەڕووەکان ناتوانن کاربۆهایدرات بۆخۆیان دروست بکەن، بۆیە پێویستە ڕووەکەکان بخۆن، جۆرێک لە هاوسەنگی لەنێوان کەڕووەکان و ڕووەکەکان پەیدابوو، دواتر وایکرد ڕووەکەکان بەهەموو وشکانیدا بڵاوببنەوە. ئەوە وایکرد ژیانی ئاژەڵان ئاسانتر بێ و ئەوانیش بە دوایاندا بتوانن بڵاوببنەوە

 

سەرچاوە

https://scitechdaily.com/two-genes-crucial-for-plants-colonizing-the-earth-470-million-ago-have-been-identified/?fbclid=IwAR0kwxxqXs-ps1N-GD8gEMB7W1oCmk66AEec1mQBBjCzSFC9w_5TDF1Ln3Y