مەسعود محەمەد لە کتێبی (زمانی کورد) لە ساڵی ١٩٨٧دا گەلێک لە ئاڤێستا و ئەو زمانەی پێی نووسراوە دەدوێ. گومان هەڵناگرێ زمانی ئاڤێستا نە فارسی کۆنە و نە پەهلەویشە. هەرچەندی نووسەر و ئەدیبانی فارس بۆ چەندین سەدە هەوڵیان دا و سەراوژێریان کرد، نەیانتوانی بەڵگەی یەکلاکەرەوەی فارسی بوونی زمانی ئاڤێستا بدەنە دەست. جگەلەوەی ئەوان باڵادەست و لەسەرکارن، دەتوانن بە مەیلی خۆیان چیان بوێ بنووسن و بڵاویش بکەنەوە، هیچی دیکەیان بۆ نەکرا. ئەوە پیشەیان بووە، هەروایان هێناوە و جارێ هەروا دەمێنێتەوە
هەر لە (زمانی کورد) دا دەڵێ "ئەگەر کێشانە و پێوانە بکەین دەبینین ئەوەندەی کوردی بە ئاڤێستاوە وابەستەیە، فارسی نوێ بە فارسی کۆنەوە وابەستە نییە و بەڵگەی سەرباریشمان بۆ ئەم بۆچوونە هەیە کە پێوەندییان لە ڕووی زمانەوانی و شیکارییەوە، پرد لە نێوان کوردی و ئاڤێستادا دروست دەکات". مەسعود محەمەد چەندین وشەی کوردی شەن و کەو دەکات و دەیانگەڕێنێتەوە سەر زمانی ئاڤێستا، ئەو وشانەی ئەو وەک نموونە دەیانهێنێتەوە لە فارسیدا نین. نموونەکانیش یەک و دوو نین
پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئاڤێستا بەو زمانەی نزیک لە زمانی کوردی نووسراوەتەوە؟ ئەگەر زەردەشت ماد/کورد بووبێت، نووسینەوەی ئاڤێستا لە ژینگەی ژێردەستەیی ساسانەکان و هخامەنشییەکان چۆن کراوە و چۆن ئەو بوارە دراوە؟ بۆچی ماوەتەوە یان لەلایەن دەسەڵاتی پڕ هەژموونی پارسەکان (ساسانەکان و هخامەنشییەکان) نەفەوتێندراوە؟ کورد کە ئەوەندە گلەیی لە مێژووی خۆی و سەرکردەکانی دەکات بەوەی یەکگر و ناتەبا بوون، ئەی چۆن توانیویانە ئاڤێستا بنووسنەوە و لە فەوتان ڕزگاری بکەن. لەگەڵ ئەویشدا بۆ چوار هەزار ساڵ بیهێڵنەوە؟
تا چەند ساڵێک لەمەوبەر، دۆزینەوەی وەڵام بۆ ئەو پرسیارانە زۆر قورس بوون. هەموو نووسەران، توێژەران، مێژوونووسان و ڕۆژهەڵاتناسان لەسەر ئەوە کۆکن، مادەکان هیچی نووسراویان لە دوای خۆیان بەجێنەهێشتووە تا ئێمە وەکو سەرچاوە وەریبگرین و مێژووی خۆمانی پێ بنووسینەوە. دەی باشە چۆن تاکە نووسراوی هەرەپیرۆزی زەردەشتیی بە زمانی ڕەچەڵەکی کوردی ئێستا نووسرایەوە و پارێزگاریشی لێکرا؟
پارسەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئێرانی ئێستەوە بەرەبەرە بەرەو ڕۆژئاوا، یان سنووری مادەکان کۆچیان دەکرد، تا دەهات زۆرتر دەبوون. وایلێهات لە تەک مادەکاندا بوونە خاوەن ئیمپراتۆریەتی خۆیان، ئینجا بە گژ مادەکاندا چوون. کۆتا ئەنجام، بەسەر مادەکاندا سەرکەوتن و ماد سڕایەوە. بەڵام پارسەکان زمانی نووسین و تۆمارکردنیان نەبوو چونکە کۆچبەر بوون، ژیانی شاریان نەبوو. لەبەرئەوە تەنانەت نووسراوە بەردینەکانی تەختی جەمشید و چیای بێستون بە و زمانە نییە پێی دەگوترێت فارسی کۆن. چونکە فارسی کۆن نەمابوو. دوای نەمانی مادەکان بۆ تۆمارکردنی سەرکەوتنەکانی خۆی بەسەر مادەکاندا کۆرش تەنیا شتێک سەروو چوارسەد وشەی بەجێهێشتووە، ئەویشیان فارسی نییە. تێکەڵەیەکە لەو زمانەی ئاڤێستای پێ نووسراوە لەگەڵ ئەو زمانەی خۆیان قسەیان پێدەکرد. ئەو نووسینانە لە لایەن نووسەرانی عیلامی و بابلیەکانەوە نووسراوە و زمانی مادەکانیان بەکاربردووە بۆ دەربڕینی سەرکەوتنی کۆرش بەسەر ئاستیاگدا
بە هەمان شێوە و لەسەر هەمان بناغە، نووسینەوەی ئاڤێستا بەو زمانە بووە مادەکان هەیانبووە. بۆیە کورد ئاڤێستا بە کۆنترین سەرچاوەی زمانی خۆی دەزانێ، لەوەیشیاندا مافی خۆیەتی. بەڵام ئاڤێستا مادەکان/کوردەکان نەیاننووسیوەتەوە. مەبەستیش هەڵگرتن و پاراستنی کەلتوور ومێژووی ماد/کوردیش نەبووە، بەڵکو ئەوە ساسان و هەخامنشییەکان بوون بۆ دزین و دەست بەسەرداگرتنی هەرچی لە کۆمەڵگەی مادەکاندا هەبووە، ئەو کارەیان کردووە. تەنانەت ئەوەی لە ئاڤێستادا هاتووە هەمووی دژی مادەکان و کولتووری ژیانی ڕۆژانەی ئەوانە. هەڵگێڕانەوەی ڕاستییەکانە بۆ پارس. بە میراتی مادەکان پارسی هەگبە بەتاڵی کۆچبەر بوونە خاوەن مێژوو، ئایین و کولتوور. ئەوە ئایینی میترایی بوو لە ناو مادەکاندا یەکسانیی بەرپاکردبوو
زەردەشت لە ناو مادەکاندا جێی نەبووەوە، کۆچی کرد. بە نەمانی مادەکان، گەڕایەوە و ئایینەکەی بڵاوەپێکرد و بووە ئایینی دەوڵەت. هەموو کۆڵەکەکانی زەردەشتیی دژ بە میترایی و بەها بەرزەکانی کۆمەڵگەی مادەکان داڕێژراوە. ئەگەر ئاڤێستا بە زمانی مادەکان نووسراوەتەوە لەبەر چاوی شینی مادەکان نەبووە. ئەو کارەیان هۆکاری سیاسیی و هەژموونگەرایی لە پشتەوە بووە. بە نووسینەوەی ئاڤێستا ئایینی میتراییان وەرگێڕا و ئایینی نوێی زەردەشتیان برەو پێدا، تا مادەکان بە کەرەستە و ئامرازی کولتووری و ئایینی خۆیان ژێردەستە بکەن و هەرچی هەیانبووە ببێتە موڵکی زەردەشتیی و پارس. پێدەچێ سەرکەوتوو بووبن، ئەوەتا کورد شانازی بە زەردەشتەوە دەکات و بە باپیرەی خۆی دەزانێ، کەچی زەردەشت ئەگەر ماد/کورد یش بووبێ ئایینەکەی چی بە ویست و ئارەزووی خۆی، یان بە سەپاندنی لەلایەن پارسەکانەوە بووبێ، لە دژی هەموو بەها و بیروباوەڕەکانی مادەکان داڕێژراوە و بەکارهاتووە
زەردەشتیی نەک هەر ئایینی مادەکان/کوردەکان نەبووە و نییە، بەڵکو لە دژی ئایینی ڕەسەنی کوردان داهاتووە و ڕەگی داکوتاوە. ئایینێک بووە بۆ بە ئێرانیکردنی میترایی هاتووە، تا ناسنامەی مادەکان بسڕێتەوە. مەزدەک شۆڕشی دژی پارسەکان و ئایینەکەیان بەرپاکرد. نەک ویستبێتی چاکسازیی لە زەردەشتییدا بکات. شۆڕشەکەی مەزدەک سەروو ٣٠ ساڵی خایاندووە و دژی دارودەستەی پارس بووە. شۆڕشەکە ئامانجی یەکسانخوازیی هەبووە، هەر بۆیە لە سەدەکانی دواییدا چەندین جاری دیکە سەرهەڵدانی گەلانی دیکەی ژێردەستەی پارسی جۆش و خرۆش داوە
مەزدەک و شۆڕشەکەی هێندە بۆ پارسەکان مەترسیی بووە، بۆ ماوەی ٤٠٠ ساڵ نەیانهێشت لە هیچ نووسراوێکدا ناوی بێت. نەوەک شێریان لێ بەئاگا بێتەوە