هیچ گەلێک نییە بێ ئازار و کێشمە کێش ئارامیی و ئازادیی بۆخۆی دابین کردبێ. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، ئەوروپا بەدەست رق و کینەی ئایینەکان و هەڵپەهەڵپی پاشاکانی، دەیناڵاند. دواتر هەموو وڵاتانی ئێستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەمەریکای باشوور و ئەفریقا لە بن چنگی ئەوروپییەکاندا بوون. سەردەمی فراوانخوازی و چاوبڕین لە داهاتی دەرەوەی شانشینەکانی خۆیان بوو. بە هەر هەوراز و نشێوێکدا بێ گەلانی جیهان بە مرازیان گەیشتن.
چیرۆکەکانی ئەو هەوراز و نشێوانە زۆر زۆرن، بگرە لە شۆڕشەکانی سەدەی ناوەڕاستی ئەوروپا دژی شانشینەکان، داهاتنی ڕەوتی تازەگەریی، جەنگی نێوخۆیی ئەمەریکا، وەدەرنانی ئیسپانیا و پورتوگال لە ئەمەریکای باشوور، سەربەخۆیی ئەندۆنیسیا و دەرکردنی ژاپۆن لە چین و کۆریا. ئینجا تا دەگاتە ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی کرمێبووی عوسمانی و پارچەپارچەبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەرچەندە ئەرمەنستان لە ساڵی ١٩٩١ بووە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەڵام سەروو ١٠٠ ساڵە گەلی ئەرمەنستان لە هەوڵ و کۆشش و لۆبیکردندایە بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنەکان. ئەگەر جەنگی جیهانی دووەمی لێدەربێنین ئەو کوشت و بڕەی لەوان کراوە لە مێژووی هاوچەرخدا تەنیا لە ڕواندا دووبارە کراوەتەوە. یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنی ڕووتێندرانەوە، هەڵواسران، ڕاگوێزران، دەرکران، گوللەباران کران، سکیان هەڵدڕا، سووتێندران، زیندەبەچاڵ کران و کۆمڵکوژکران...هتد.
وڵاتێکی بچووکی نەداری وەک ئەرمەنستان هەرگیز ناتوانێ مافی ئەو جینۆسایدەی لە تورکیا وەرگرێتەوە، بەڵام نابێ چیرۆکەکانی لە یادی نەوەکانی خۆی و جیهان بچن. ئەرکی وەبیرهێنانەوە، نەفەوتان و نەهێشتنی شێواندنی ئەو مێژووە هەر لە ئەستۆی ئەرمەنستان و گەلەکەیدایە. ئامرازەکانیشی هەمان ئەو ئامرازە سادانەن گەلانی دیکە بەکاریان هێناوە، نووسینەوەی مێژوو و ئینجا بەکارهێنانی سینەمایە.
سینەما لە ئامرازە هەرە شارستانی و پێشکەوتووەکانی جیهانە. گەلان بۆ دەرخستنی ئێش و ئازاریان پەنا بۆ سینەما دەبەن. ناواخنی پڕ دەکەن لە ڕووداوی مێژوویی تا چیرۆکەکە بگێڕنەوە. فیلمێکی سینەما هێندەی سەدان بڵاوکراوەی نووسراو کاریگەری بەسەر بینەرانیەوە هەیە. سینەما ئامرازێکی هێندە ئاست وپایە بەهێزە، هەندێ جار وڵاتان بە هەموو هێزیانەوە لە دژی دەوەستنەوە. فیلمی (ئازارەکانی مەسیح) نموونەی نیگەرانی ئیسرائیلە. فیلمی کاتین نموونەی نیگەرانی چین و ڤێتنامە.
فیلمی (بەڵێنەکە-the promise) کۆمەڵکوژی و قەڵاچۆکردنی ئەرمەنەکان دەگێڕێتەوە. ئەگەرچی ئەوە تەنیا یەک چیرۆکی ناو هەزارانە، بەڵام خۆ هەموویان هاوشێوەن و هەمان هەڵمەتی پاکتاوکردن نیشان دەدەن. کەچی هەر یەکێکیان بایەخی خۆی هەیە و مێژوو لە چاوێکی دیکەوە دەگێڕێتەوە، ئازار و مەینەتییەکانی ئەرمەنەکان بە دەستی تورکەکان تۆمار دەکات. هەرچەندی تورکیا ویستی ئەو بابەتە دیزە بە دەرخۆنە بکات و لە بیر جیهانی بباتەوە، فیلمێک دەردەکرا و هەستی جیهانی دەجووڵاندەوە. سینەما ئامرازیكی ناو ئامرازەکانی لۆبی دروستکردنە. لە کۆتادا ئەرمەنستان لەو هەوڵانەیان سەرکەوتوو بوون و چەندین وڵات ڕووداوەکانیان بە کۆمەڵکوژیی ناساند.
چیرۆک و بەسەرهاتەکانی کورد هیچی لەوەی ئەرمەنەکان کەمتر نییە، بەڵام یان خەمخۆری نییە (وەکو هەموو بابەتێکی دیکە پشتگوێ خراوە)، یانیش نەزانینە نەیهێشتووە ئەو جۆرە فیلمانە مێژووی کورد بگێڕێتەوە. سینەما کەسانی عاقڵ و خەمخۆری خۆی دەوێ، کاری سیاسییەکان نییە، بۆیە پەکی کەوتووە. بە بەڵگەی ئەوەی پێشتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی چەند فیلمێکی باشی کردووە، پێم وانییە لە بایەخی سینەما تێنەگات. بەڵام سینەما، کاری بەردەوامی دەوێ. کێ لەو بابەتە کەمتەرخەمە؟ ئایا سینەماکارمان هەیە؟ دەتوانن فیلمی گەورەی مێژوویی بەرهەمبێنن؟ دەتوانن بەو کەرەستانەی لەبەر دەستیاندایە ئەو کارە بکەن؟ ئایا تەکنیکاری هێندە شارەزا و بە توانامان هەیە کارێکی وا بخەنە ئەستۆی خۆیان؟
وەڵامی زۆربەی ئەو پرسیارانە یان نەخێرە، یان بەڵێ هەیە بەڵام بە جیهاندا پەرت و بڵاون. نەخێر چاری دەکرێ، هاندانی کەسانی ئەکادیمی کۆلیژی هونەرەجوانەکانە بۆ ئەوەی لە دەرەوەی وڵات بخوێنن و بگەڕێنەوە، بەرنامەی ستراتیژی چەند ساڵەی دەوێ (کە لەوانەیە لە هیچ بوارێکدا حکوومەت نەیبێ) لایەنێکی سەرپەرشتیاری کوردپەروەری دەوێ (لەوانەیە تەنیا لایەنی حیزبی ببێتە سەرپەرشتیار، بەرنامەکە شکست دەهێنێ). ڕوانگایەکی فراوانی دەوێ، دەبێ بزانێ دوای چەند ساڵ چەند کەس ئامادەدەبێ تا بتوانن کارێکی مێژوویی لە سینەمادا بۆ کورد و کوردستان بکەن، مێژوو لە زمانی کوردەوە بگێڕێتەوە.
ئەگەر وەڵام ئەوەیە بەڵێ سینەماکاری کوردی بە توانامان هەیە بەڵام پەرت و بڵاون، کەواتە دەکرێ کۆ بکرێنەوە و بەرنامەی نەتەوەیی دابڕێژرێ، تێیدا پلانی ٢٠ ساڵی داهاتوو دابنرێ. ئامانجەکانی نووسینەوەی هەرنەبێ مێژووی هاوچەرخی کورد بەدەستی کورد لە ئەستۆ بگرێ. هیچ کارێک نییە بێ ماندووبوون و شەونخوونی بکرێ، بەڵام کار هەیە کاری وڵاتان و حکوومەتەکانە بە هەوڵی تاک ئەنجام نادرێت.
ئەگەرچی تێچووی بەرهەمەکانی سینەما زۆرن و کاری زۆریشی دەوێ، بەڵام کارە باشەکان پارەی خۆیان دەهێننەوە، بۆیە وەبەرهێنان لە سینەمادا مەرج نییە هەردەم لەسەرشانی حکوومەت بێ، بەڵام بەبێ بەرنامەڕێژی حکوومەت بەدینایەت.