لە چەند ساڵی ڕابردوودا، جگەرەی ئەلکترۆنی دەرکەوت. بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکرێت زیانی لە جگەرەی ئاسایی کەمترە. زۆریش بە خێرایی لە ناو هەرزەکاراندا، ئینجا لە ناو جگەرە کێشاندا بڵاو بووەوە. ئەوە کێشەیەکی گەلێک گەورەی تەندروستییە ڕووبەڕووی کۆمەڵگەکان دەبێتەوە. کێشەکان لە کۆمەڵگەکانی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان و وڵاتە دواکەوتووەکان، گەورەترە. چونکە بەرەڵایی و قۆرخکاریی ڕۆڵی زۆرتری لە دامودەزگەکانی تەندروستیی و کۆنترۆڵی جۆریی، هەیە
تویژینەوەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو هەروادێ و زۆرتر مەترسییەکانی جگەرەی ئەلکترۆنی بۆ سەر تەندروستیی بە گشتی و سییەکانی ئەو لاوانە، دەردەخەن. دەزگەکانی تەندروستیی وڵاتان زەنگی مەترسیی لێدەدەن. گەورەترین مەترسییش لەوەدایە، ئەوانەی بەکاری دەهێنن پێیان وایە زیانی کەمە. توێژینەوەکان لە ئوسترالیا دەڵین زۆر ماددەی قەدەغەکراو لەو جگەرانەدا هەیە، سییەکان تووشی (نەخۆشی گەنمەشامی) دەکەن. واتا سییەکان فشەڵ دەکەن و خانە و شانەکانی دەکوژن. وەکو ئیسفنج و گەنمەشامی برژاو، ناو بەتاڵ دەبن
دەزگەی بابەتە چارەسەرییەکانی ئوسترالیا دەڵێ ٣١٪ی ئەو ٢٤١ ماددە کیمیاییەی لە جگەرەی ئەلکترۆنیدا هەیە ئاستی ڕێپێدراوی ماددە زیانبەخشەکانی تێپەڕاندووە. لەوانە، ڤیتامین e ترشکراو و دوانە ئەسیتیل (شلەیەکی زەردە تامێکی توندی ڕۆنەکەرە دەدات). هەردوو ماددەی زیادکراو وەک سەرچاوەی نەخۆشییەکانی سی چاویان لێدەکرێت. ڕێڕەوەکانی هەوا لە ناو موولوولەکانی ناو سی تێکدەشکێنێت و کاری سیکڵدانۆچکەکان، دەشێوێنێ. تەنیا لە ماوەی ئاداری ٢٠١٩ تا شوباتی ٢٠٢٠ لە ئەمەریکا زیاتر لە ٢٨٠٠ کەس بە نەخۆشییەکانی جگەرەی ئەلکترۆنی دروستی دەکات، لە نەخۆشخانە کەوتوون
بەشێکی هەڵخڵەتاندنی هەرزەکاران بۆ بەکارهێنانی جگەرەی ئەلکترۆنی ئەوەیە وەکو جگەرەی ئاسایی زیانەکانی ١٩٠ ماددەی زیادکراو بۆ ئەو جۆرە جگەرەیە لەسەر پاکەتەکان نانووسن تا بەکاربەران لێی ئاگاداربن. لە زۆربەی وڵاتان، ئەوە پێشیلکارییە. زیادکردنی تامی میوە و شیرینی دیکە، جگەرەی ئەلکترۆنی چیژبەخش دەکات. بۆیە هەرزەکار بێ گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی تەندروستیی و دەزگە پسپۆرەکان، خۆی بڕیار دەدات، کە ئەو جۆرە جگەرەیە زیانی کەمە
جگەرەی ئەلکترۆنی بە هۆکاری دڵەراوکێ، سنگ ئێشە و سووتانەوەی قورگ و سییەکان دادەنرێ. پسپۆرانی تەندروستیی پێیان وایە زیان بە دی ئێن ئەی دەگەیەنێ، لووی پیس دروست دەکات، سەرچاوەی شیرپەنجەی سییەکانە و کۆمەڵێک کێشەی کۆئەندامی هەناسە دروست دەکات. لەوانە بۆڕییەکانی هەناسە لە قورگەوە تا دەگاتە بۆڕیچکەکان دەسووتێنێتەوە. سووتانەوەی ئەو بۆڕییانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە. بۆیە ئەگەر لە تۆ دەرنەکەوتووە، واتای ئەوە نیە ئەو زیانەت پێ ناگەیەنێت
لەوانەیە ئاستی نیکۆتین لە جگەرەی ئەلکترۆنیدا زۆر لە جگەرەی ئاسایی زۆرتر بێ و نەنووسراوە، یان بە ساختە، بڕێکی کەم نووسراوە، بێگومان نیکۆتین ئاڵوودەیی بە دواوەیە، ئەگەر بڕەکەی زۆربێ، ئاڵوودەییەکە قورستر دەبێ. هەرکەسێک جگەرەی ئەلکترۆنی بکێشێ، ئەگەر زۆرە ببێتە جگەرەکێشی بەردەوام. نیکۆتین بۆ ڕاگرتنی گەشەی مێشک، کزکردنی بیر، تێکدانی باری دەروونی و تەندروستیی عەقڵ، زیانی هەیە. لەگەڵ نیکۆتیندا گەلێک ماددەی زیانبەخشی دیکە هەیە، وەکو پۆڵیشی نینۆک، سپرای دژە مێروو، ماددەکانی چەوری لابردن (زاهی و تایت) و زۆری دیکە
https://www.lung.org/lung-health-diseases/lung-disease-lookup/evali
جارێ توێژینەوەی ورد و ماوەدرێژ بۆ زیانەکانی زۆربەی زۆری ئەو ماددانەی لە جگەرەی ئەلکترۆنیدا هەیە، نەکراوە. بەشێکی زۆر لەو ماددانە تازە بۆ پیشەسازیی و بەکارهێنانی مرۆڤ هاتوونەتە ناو پیشەسازیی جگەرە. بۆیە هەموو زیانەکان جارێ نەزانراوە، مەترسیی گەورە لەوەدایە نەزانی ئەوەی دەیخۆی چی تێدایە. بە هەموو شێوەیەک دەبێ خۆت و هەرچی لە دەورووبەرتە، لە جگەرەی ئەلکترۆنی دوورکەونەوە
بەپێی ماڵپەڕی دەزگەی فیدراڵی تەندروستیی ئەمەریکا بێ، مارکەی جگەرەی ئەلکترۆنی جوول، ناوێکی جگەرەی ئەلکترۆنی ناسراوە و وەکو هەموو جگەرەیەکی دیکە زیانی هەیە. بە هەمان شێوە ناوی ئایرۆسۆل وەک بانگەشەی بۆ دەکرێ تەنیا هەڵمی ئاوە، وانییە. ئایرۆسۆل ماددەی نیکۆتین، تەنۆلکەی زۆر بچووک دەگاتە ناو سیکڵدانۆچکەکان، ماددەی دیاسیتۆل، ماددەی شیرپەنجە هێن، کانزای قورسی وەکو نیکڵ، قورقوشم، و تەنەکەی تێدایە
لە هەمووی خراپتریش ئەو جگەرانەن لە چینەوە دێن. ئەگەر ناوە ڕۆژئاواییەکان هەندێ زانیاریی بدرکێنن و توێژینەوەیان لەسەر بکەن، ئەوانەی لە چینەوە دێن هەمووی ساختەکاریی تێدایە و ڕەنگە مەترسییەکانی لەوانی دیکە، گەلێک زۆرتر بێ. بێ هیچ گومانێکیش، هەموویان ماددەی دیکەی ئاڵوودەبوونیان تێدایە. وەکو ئەوەی لە توتنی نێرگەلەکاندا هەیە. ئەوەی تووشی بە تووشیەوە بێ، قورسە پێی بکرێ واز بێنێ