کۆنترین تۆمار بۆ ناوی کورد لە سواڵەتێکی ٣٠٠٠ ساڵ بەر لە زایینی سۆمەریەکان هاتووە. لە سەدەی ٧ ی زایینییدا عەرەب زۆربەی خەڵکی ناوچەکەی کردە موسوڵمان، دواتر کوردەکان رووبەڕووی هێرشەکانی گەلانی ئاسیای ناوەڕاست بوونەوە، کە تورکەکانیان بۆ خاکی تورکیای ئێستە هێنا. لەسەدەی ١٣ و ١٤ دا عوسمانییەکان دەردەکەون، لەو کاتەوە تا جەنگی جیهانیی یەکەم ئەو شوێنانەی کوردی لێ نیشتەجێ بوون، یان لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان بووە، یانیش فارسەکان. لە کۆتایی سەدەی ١٩ تا جەنگی جیهانیی یەکەم، ئێران و تورکیا زۆر لە کوردەکانیان بەرەو گورجستان و ئەرمەنستان ڕاگواست. جینی ئەو کوردانەی گورجستان لەوانەی ئێران و تورکیای ئێستە نزیکە. تێکەڵییەکی زۆر کەم لە نێوان کوردانی گۆرجستان و خەڵکی گورجستان (قەوقاز) ڕوویداوە. گۆڕینەوەی جینەکان لە نێوانیاندا لەوپەڕی کەمییە
کوردەکان لە پانتاییەکی گەورەی خاکدا دەژین. هەیانە لە نزیک یەکتری دەژین بەڵام بە دوو شیوەزاری جیا دەدوێن وەکو کرمانجی و زازایی، هەردووکیان لە باکوورن و لە تەنیشت یەکن. هەیە لەوان دوورترە بەڵام هەر کرمانجی دەدوێن، وەکو ئەوانەی لە تورکمانسیا دەژین. ئەو کۆمەڵە کوردانە لە ڕووی جینناسییەوە چەندە لەیەک نزیکن؟
ئەو توێژینەوەیە ١١٤ نموونەی لە باکوور وەرگرتووە، ٢٧ لەوانەی بە زازایی دەدوین، ٨٧ لەوانەی بە کرمانجی دەدوێن و لەگەڵ ٢٥ نموونەی دیکە لە کوردانی گورجستان، کۆی گشتیی بووە ١٣٥ نموونە. زانیارییەکانی دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریای (واتا لە دایکانەوە بۆیان چووە) ٢٩ کوردی دیکە لە توێژینەوەکەی (کۆماس و تیمەکەی ساڵی ٢٠٠٠) و لە قەوقاز، ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئاسیا و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لێرەدا بەکارهێندرانەوە. ئەو ١٣٩ نموونەیە بۆ پشکنینی کرۆمۆسۆمی وای(واتا لە بابەوە بۆیان هاتووە) بەکارهێندران. هەموو نموونەکان تێستی توخمی زینک و جینی پرۆتینیان بۆ کرا تا نێر لە مێ جیابکرێتەوە، دەرکەوت ٢٥ نموونە لە نێر وەرگیراوە
پشکنینەکانی دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریا نیشانی دەدەن چوار کۆمەڵەی کوردەکان (زازایی باکوور "تورکیا"، کرمانجی گورجستان، کوردی ڕۆژهەڵات "ئێران" و کوردەکانی باکوور "تورکیا") زۆر لەیەک نزیکن، بەڵام کوردانی تورکمانستان و ئەوانەی باکوور کەمێک جیاوازن و لە نێوان خۆیشیاندا جیاوازن. تەنانەت ئەوانەی لە باکووریش دەژین لە نێوان خۆیاندا جیاوازییەکی کەمیان هەیە و لەگەل ئەوانەی بە کرمانجی دەدوێن لە گورجستانیش هەر جیاوازن. زازاییەکان و کرمانجەکانی باکوور لەگەڵ ئەوانەی گورجستان و تورکمانستانیش، جیان. زازایی وەکو شیوەزارێکی کوردی داندراوە، ئەگەرچی زازاییەکان خۆیان بە کورد دەزانن کەچی لە هەندێک شوێن دەگووترێ زمانێکی سەربەخۆیە
دەیڤد نیل ماکنزی دکتۆرای لە شێوەزارەکانی زمانی کوردی هەبووە و لە ساڵی ١٩٦١ پەرتووکێکی بە ناوی (بنەچەی زمانی کوردی) بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دەڵێ شێوەزاری زازایی لە باکووری ئێران دەرکەوتووە و زازاییەکان لەوێوە کۆچیان بۆ باکوور کردووە. ئەنجامی پشکنینی جینەکانی ئەو نموونانەی لە زازاییەکان وەرمانگرتوون، دەریدەخەن ئەو بۆچوونە هەڵەیە. زازایی لە دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریا لەگەڵ کوردەکانی باشووری قەوقاز و لە کرۆمۆسۆمی وای لە کرمانجی تورکمانستان تەواو نزیکن
زمانی کوردی بە لقێکی زمانە ئێرانییەکان لە ناو زمانی هیندۆ-ئەوروپیەکان دادەندرێت. ئایا لە ڕووی جینناسییەوە کوردەکان چەند لەوانە نزیکن بە هیندۆ-ئەوروپی دەدەوێن و چەندیش لەوانە دوورە بە هیندۆ-ئەوروپی نادوێن؟ پشکنینی هەردوو جۆری دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریا و کرۆمۆسۆمی وای دەڵێ کوردەکان لە گەلانی دیکەی ڕۆژئاوای ئاسیا نزیکترن وەک لەوانەی لە ناوەڕاستی ئاسیا، ئەوروپا و قەوقاز دەژین. بەڵام دئ ئێن ئەی مایتۆکۆندریا (واتا دایک) بە پلەی دووەم دوای ڕۆژئاوای ئاسیا، لە کۆمەڵەکانی ئەوروپا نزیکن. هەرچی کرۆمۆسۆمی وای (واتا باوک) بە پلەی دووەم دوای ڕۆژئاوای ئاسیا لە قەوقاز و ناوەڕاستی ئاسیا نزیکن
بە پێی توێژینەوەکەی (ڕیچارد و تیمەکەی لە ساڵی ٢٠٠٠) سەبارەت بە گەلانی ڕۆژئاوای ئاسیا و لە ناویاندا کوردەکان، لێکدانەوەی نزیکیی دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریای کوردەکان لە ئەوروپاییەکان، دەبێ کۆچی پێچەوانەی گروپەکانی مرۆڤی کۆن بێ لە ئەوروپاوە بەرەو ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا. هەرچی کۆچەکانی ناوچەی قەوقاز و ناوەڕاستی ئاسیایە، کە زۆرتر پیاوان لەو کۆچانەدا بەشدار بوون، نزیکیی کرۆمۆسۆمی Y کوردەکان لەوان، نیشان دەدات
سەرچاوە
https://onlinelibrary.wiley.com/doi/abs/10.1046/j.1529-8817.2005.00174.x