کات لە سەیر و سەمەرەترین سیفاتەکانی گەردوونە. زنجیرەیەکی لە یەک بەستراوی ڕووداوی بەردەوامە بە یەک ئاراستەدا دەڕوات و ناگەڕێتەوە. لە رابردوو بۆ ئیستە ئینجا ئاییندەیە، پێچەوانەی نییە. لە گەردووندا، کات یەکەی پێوانەی نێوان رووداوەکان یان ماوەی نێوان ڕووداوەکان، یانیش ڕێژەی گۆڕانی بڕەکانی جیهانی ماددەیە لە واقیعی خۆماندا. لە بیردۆزی ڕێژەیی ئاینشتایندا بە ڕەهەندی چوارەمی گەردوون داندراوە و لە هاوکێشەکانیدا هەر وا خۆی نیشان دەدات. کات بەرەو پێشەوە دەڕوات و ناگەڕێتەوە. ئەوە تێگەیشتنمانە بۆ تەمەن و چۆن مرۆڤ تەمەنی زۆر دەبێ بەڵام کەم نابێتەوە، پیر دەبێ بەڵام گەنج نابیتەوە.
تێڕوانینمان بۆ جیهان لە ڕوانگەی فیزیک و بە تایبەتیش لە ڕوانگەی فیزیای تەنۆلکەکانەوە، دەڵێ هەموو شتێک لە تەنۆلکەکان پێک دێ، واتا تەنۆلکەکانن گەردیلە دروست دەکەن، ئەوان یەک دەگرن تا ماددە و پێکهاتەکان دروست بکەن و دواتر هەر ئەوانن خانەی زیندوو دروست دەکەن و ئاژەڵ و ڕووەکیان لێوە پەیدا بووە. زانست لێی ئاشکرایە کات لە جیهانی بچووکی تەنۆلکەکاندا بە هەردوو ئاراستەدا دەڕوات، تەنۆلکەکان لە هەردوو ئاراستەی کاتدا وەکو یەک دەردەکەون، لە جیهانی ئەواندا کات دەکرێ بەرەوپێش بێ و دەشگەڕێتەوە. لێرەدا پرسیاری هەرە گەورە ئەوەیە ئەی ئەگەر هەموو شت لەو تەنۆلکانە پێکهاتووە، بۆچی کات لە جیهانی ماددی خۆماندا یەک ئاراستەی هەیە؟ ڕووداوەکان تەنیا یەک ئاراستەیان هەیە، ناگەڕێنەوە؟
وەڵامی ئەو پرسیارە دەبێ ئەوە بێ لە جیهانی ماددیدا تەنیا یاساکان نین ڕووداوەکان دیاریدەکەن، بەڵکو چۆنییەتی ڕیککەوتن و ڕێکخستنی تەنۆلکەکانیش لەگەڵ یەکتریدا ڕووداوەکان دیاریدەکەن. ئەوان ئاراستەی کات دیاریدەکەن. بەڵام زانست بەوەندە ناوەستێت دیاردەیەک یان رووداوێک ببینین، بەڵکو لە دوای لێکدانەوە و شییکردنەوەی ئەو جۆرە دیاردە و ڕووداوانەدا دەگەڕێ. باشترین لێکدانەوەی زانست-فیزیک بۆ یەک ئاراستەیی کات پێی دەڵێین ئینثرۆپی ئینثرۆپی چەمکێکی زانستییە بۆ لێکدانەوە و باسکردنی ئاستی ناڕیکخراویی، هەڕەمەکیی یان نا دڵنیایی بەکاردێت. سەرەتا بۆ سیستەمەکانی دینامیکی گەرمیی هاتە ئارا، دوایی لە زۆر بواری دیکەی زانست بە کارهات و ئێستە تەنانەت لە کیمیا، بایۆلۆجی، گەردوونناسیی، ئابووریی، کۆمەڵناسیی، کەشناسیی، گۆڕانی کەشوهەوا و سیستەمەکانی زانیاریدا بەکاردێت.
لە گەردووندا دەبینین هەموو سیستەمەکان بەرەو زۆربوونی ئینثرۆپی دەڕۆن، واتا ناڕێکخراویی زۆرتر دەبێ. پێکهاتەی سیستەمەکان لەیەک دەبنەوە بەڵام یەک ناگرنەوە. ئینثرۆپیش تەنیا بە یەک ئاراستەی کاتدا زۆر دەبێ، پێچەوانەی نییە، ڕابردوو هەرگیز وەک داهاتوو نییە، ئەوە بەشێکی لێکدانەوەی یەک ئاراستەبوونی کاتە. ئەو لێکدانەوەیە گرفتێکی تازە پەیدا دەکات، ئەگەر ئینثرۆپی بە یەک ئاراستەدا زۆر دەبێ، کەواتە لە رابردوودا بچووک بووە. بە گەڕانەوە بۆ دواوە دەگەینە ئەوەی ئینثرۆپی بەر لە دایکبوونی گەردوون نزیکەی ١٣.٨ ملیار ساڵ، زۆر بچووک بووە. زۆربوونی ئینثرۆپی گەردوون هەموو شتێکی ناو گەردوونیش دەگرێتەوە، بەڵام مەرجی نییە زۆربوونەکان لە هەموو سیستەمەکاندا وەکو یەکبن.
لە جیهانی گیانداراندا دەبینین گیاندار هەیە دەتوانێ کۆنترۆڵی ئینثرۆپی خۆی بکاو نەهێڵێ لە ماوەیەکی کورتدا ئینثرۆپی زۆر ببێ، بەو پێیە تەمەنی خۆی درێژدەکات. بۆ نموونە کیسەڵ لە چاو شیردەرەکان تەمەنی زۆر درێژترە، ڕووەکەکانیش هەیانە تەمەنی چەند سەد ساڵ یان تا هەزار ساڵیشە، ئەوان ناهێڵن ئینثرۆپییان خێرا هەڵکشێ، تەنانەت ماسی جەلی، ئەوەی بە ئینگیزی پێی دەڵێن جێڵی فیش هەر نامرێ، تەمەنی نییە، کەواتە ئینثرۆپی ماسی جەلی هەر ناگۆڕدرێ. ئەو جۆرە گیاندارەی ناو ئاو دەبێ گیاندارێکی دیکە بیخوا یان بیکوژێ، دەنا پیرنابێ. خەونی ئێمەی مرۆڤیش هەر ئەوەیە چەندی پێمان بکرێ ئینثرۆپی جەستەمان کەم بکەینەوە تا تەمەنمان دەگاتە چەند ملیۆن ساڵێک، ئەگەر زۆرتریش نەبێ.
بە تێگەیشتن لە چەمکی ئینثرۆپی، دەبینین ئینثرۆپی هەموو شتێک لە گەردووندا زۆر دەبێ، بە واتای ئەوەی هەموو شتێک بەرەو مردن دەڕوات بەڵام بە ڕێژەی خێرایی جیاوازە. کارلێکی تەنەکانی گەردوون بەرەو پشت دەڕۆن، ئەوەی ڕوویدا ناگەڕیتەوە، هەموو دەم ئینثرۆپی زۆر دەبێ تا وای لێدێت هیچ نەماوە ئینثرۆپی زیاتر بکات، سیستەمەکان لەبەر یەک هەڵوەشاون و ناڕێکخراویی لە ترۆپکە، لەو خاڵەدا ئیدی ڕووداو نامێنێ چونکە هەموو شت لەبەریەک هەڵوەشاوە و ڕوداوی تازە دروست نابێ. بە زمانی زانست ئەوە پێی دەگووترێ مردنی گەرمیی گەردون. ئەوکاتە گەردوون نەماوە و هیچ ڕووناکییەک نییە، تەنانەت تەنۆلکەکان شیی دەبنەوە و واتای ماددە نامێنێ.
بابەتی مردنی گەرمیی گەردوون، بابەتێکی گەلێک ئاڵۆزە و زانایان لەسەری ڕێکنەکەوتوون چونکە هەرچی باسی بکەین تەنیا بیردۆزەکانی فیزیایە بۆ چۆنییەتی کۆتاییهاتنی گەردوون. بەڵام لە ڕوانگەی ئەوەی ئینثرۆپی لە گەردووندا بەرەو زۆریی دەڕوات و ناگەڕێتەوە، کۆتاییەکەی ئەوەیە گەردوونێکی سارد و تاریک بەجێدەمێنێ. مشتومڕ لەسەر ئەو جۆرە کۆتاییەی گەردوونیش زۆرە، بیردۆز و بیروبۆچوون هەیە دەڵی گەردوون بەو شێوەیە تەواو نابێ.