مار لە شوێنەوارەکانی چاخی بەردیندا

دیار نییە سەرەتای دەرکەوتنی ئایین و بیروباوەڕەکان بە تەواوی کەی بووە. بەڵام لێکدانەوەی زۆر بۆ ئەو بابەتە هەن. کۆنترین هێما و هەڵکۆڵدراوی مار لە ئایینی میتراییدا بۆمان ماوەتەوە. ئایینی میترایی بەر لە زەردەشت بە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە و دەوڵەتانی ئەو کاتەی جیهاندا، بڵاوبووە. لە میتراییدا، مار، دووپشک و ئاو هێمای هاتنەخوارەوەن بە ناخدا و گەڕانەوەیە بۆ خاک، چونکە خاک خۆی سەرچاوەی ژیان و مرۆڤە

 

لە توێژینەوەیەکی بەهائەددین چەلیک، توێژەری بواری شوێنەوارە کۆنەکان لە نەخش و هەڵکۆڵدراوەکانی مار لەسەر بەرد و پەیکەرەکانی بەر لە مێژوو، لە شوێنەوارە دۆزراوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان)، دەکۆڵێتەوە، شێوەکانی مار، سەری سێگۆشە و لەشی چەپ و ڕاست سووڕاوە لە شوێنەوارەکانی گرێ کۆرتک، گری مرازا، نەوالا چۆری، کۆتێ بەرچەم، هەللان چەمی، حەسەنکێڤ، گرێ کەچەڵ و شوێنەوارەکانی ناو سوریا وەکو جرف الاحمر، تل مرابط، تل عبر و تل قەرەمیل. لێرەدا ناوەڕۆکی ئەو توێژینەوەیە دەخەمە بەردەستتان

 

بە شێوەیەکی گشتیی لە هەموو بیرو باوەڕ و ئایینەکاندا، مار گوزارشت لە مردن و جیهانی ژێرەوە دەکات. هەموو ئەفسانەکان ماریان وەکو هێمای مردن یان نەمریی بەکارهێناوە. لە کۆمەڵگەکانی چاخی بەردییندا، ئەوانەی لە ئەنادۆڵدا بەر لە مێژوو و بەر لە دەرکەوتنی گڵسازیی لەو ناوچەیەدا ژیاون، زۆر بە چڕیی شێوەی ماریان لەسەر بەردەکان و دەفرە بەردەکانیان، هەڵکۆڵیوە. بێگومان نازانین بۆ ماریان بەکارهێناوە. ئەوانەی لە گرێ مرازا ژیاون، نەک تەنیا مار، بەڵکو شێوەی گا، ئاسک، کەر، بەراز و ئاژەڵی کێوی دیکەیان کێشاوە و هەڵکۆڵیوە

 

لە گرێ کۆرتک بەشێکی زۆری شێوەی مار لەسەر ئەو بابەتانە هەبوون لەگەڵ مردووەکان نێژرابوون، کەمێک هەبوون لەسەر دەفرە بەردەکانیان کۆڵدرابوون. بەشیکی دیکەیان لەسەر ئێسقانی ئاژەڵان نەخشێندرابوون. گرێ کۆرتک لە گرێ مرازا کۆنترە. دەبێ ئەوەی لە گرێ مرازا کراوە بەردەوامیی یان وەرگیراوی ئەو هێما و شیوانەیە لە گرێ کۆرتک هەبوون

 

هێمای هاوشێوە لە شوێنەوارەکانی ڕۆژئاوا دۆزراونەتەوە، سەریان سێگۆشەیە و لەشیان ڕاست و چەپی دریژکۆلەن لە شوێنەواری جرف الاحمر و چەندی دی، دۆزرانەوە. لە شوێنەواری تل عبر ٣ و تل قەرەمیل لە سوریا، چەند هێمایەکی سەر سێگۆشەی مار بەدیکراون، لەسەر دەفرەکان و ئامرازە بەردەکانیان دروستیان کردووە، وەکو ئەوانە لە گرێ مرازا دۆزرانەوە. هەرچی ئەوانەی لە هەللان چەمی دۆزرانەوە، لەسەر ئێسقان و لە ئێسقانی ئاژەڵان دروستکرابوون. هاوشێوەی ئەوانیش لە شوێنەواری گرێ جەعفەر هەبوون. لە کۆشکی گردی ئەکسەرای لە باکووری مێرسین شێوەکانی مار و هەڵکۆڵدراوەکانی مار، دۆزرانەوە

 

ئەگەر لە شێوەی ئەو مارەی لە پاشماوەکانی شوێنەواری  سوماکلی (دەکرێ ناوە کوردییەکەی لە سماق وەرگیرابێ و تورک لی بۆ داناوە) وردببینەوە، دەبینی لەوانەی گرێ کۆرتک، نەوالا چۆری و گرێ کەچەڵ و شوێنەوارەکانی ناو باکووری سوریا (ڕۆژئاوا) ناچێت. سەری ئەو مارە شێوە هێلکەیی هەیە، هەرچی ئەوانی شوێنەوارەکانی سەرەوەیە، شێوە سێگۆشەی هەیە. ئەوەی سوماکلی تەنیا لەگەڵ ئەوەی سەر پایەی ژمارە ٥٧ لە گرێ مرازا و هەندێکی دیکەی هەمان شوێنەوار، لێکدەچن. ئەوانەی لە سوماکلی دۆزرانەوە، تەواو لەو مارانە دەچن لەو ناوچەیە دەژین

 

زۆر پایە، یان کۆڵەکەکانی شوێنەواری گرێ مرازا، کە لە شێوەی پیتی تی ئینگلیزی دروستکراون، هێمای ماریان لەسەر هەڵکۆڵدراوە. یەک دانە بەریدش شێوەی ماری لەسەر دروستکراوە لەگەڵ بابەتەکانی دیکە لە هەڵکۆڵینەکاندا، دۆزرایەوە. جگەلەوان، هەمان شێوەی ڕاست و چەپ لەسەر دەفرە بەردەکانی گرێ مرازا تێبینی کراوە. بەردێکیش لە نەوالا چۆری بە قەبارەی سروشتیی مار، وەکو مار دروستکرابوو، دۆزرایەوە. ئەوەیشیان سەری سێگۆشە و لەشی ڕاست و چەپ درێژکرابوو

 

شوینەواری گرێ کەچەڵ کۆڵەکەی وەکو ئەوانی گرێ مرازای لێیە و  شێوەی مار لەسەر دوویان دروستکراوە. یەکیان سەری شێوە هێلکەیی و لەشێکی درێژی هەیە. ئەوی دیکەیان سەری سێگۆشەیە. سەیر لەوەدایە ئەو دوو پایەیە لە تەنیشت یەک داندراون و وەکو جیاوازی لە یەکتر، هەریەکەیان بە شێوەیەک داندراوە واتای جیاوازی لەوی دیکەیان هەیە

 

سەرچاوە

 

https://dergipark.org.tr/tr/download/article-file/926494


لە کۆتایی ئەو توێژینەوەیەدا، توێژەرەکە دەڵێ ئەو جۆرە مارانە لەو ناوچانەی شوێنەوارەکانی تێدایە بڵاوە، دیارە لەبەر ئەوەی لە نزیک مرۆڤ ژیاون بۆیە مرۆڤ لەسەر بەردەکان وێنەی ماریان دروست کردووە. پێم وانییە ئە ولێکدانەوەیە ڕاست بێ

توێژەر لەسەرەتادا دەڵێ " بە شێوەیەکی گشتیی لە هەموو بیرو باوەڕ و ئایینەکاندا، مار گوزارشت لە مردن و جیهانی ژێرەوە دەکات."، هەڵبەت ئەوە ئایینی

میترایی ناگرێتەوە.