کۆتێ بەرچەم

کۆتێ بەرچەم نیشتەجێیەکی سەرەتاکانی شۆڕشی کشتوکاڵە و بە پێی پشکنینی کاربۆن ١٤ لە نێوان ساڵانی ١٠٢٠٠ ساڵ تا سەردەمی هاوچەرخ بە بەردەوامیی ژیانی تێدا بووە. نیشتەجێیەکە دەکەوێتە پارێزگای دیاربەکر و ٤٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای دیاربەکرە لە باکووری کوردستان. لە دامێنی بەرزاییەکانی تۆرۆس لە نزیک لقێکی ڕووباری دیجلەیە ( بە تورکی ناوی بۆگاز چای واتا چۆمی بۆگاز)، ٨٣٢ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. سروشت و خەسڵەتەکانی نیشتەجێیەکانی زاگرۆسی تێدایە و گرێدراوی نیشتەجێیەکانی فوراتی باکوور و فوراتی ناوەڕاست بووە. بێگومان تورک ناویان گۆڕیوە بۆ تەپەی چایۆنو. نزیک هەردوو شوێنەواری گرێ مرازا و نەوالی چۆرییە

 

ئەو شوێنەوارە لە ساڵانی نێوان ١٩٦٤ بۆ ١٩٩١ بە هاوبەشیی زانکۆی ئەستەنبوڵ و شیکاگۆ کنە و پشکنینی تێدا کراوە. پاشماوەکانی لە قووڵایی ٤ مەتر و نیو تا ٦ مەترو نیوە. لە جوانترین شوێنەوارەکانی چاخی بەردینی نوێیە. لەو چاخەدا دوای کۆتایی چاخی بەستەڵەک دار بەڕووی زۆر ئەو ناوچەیەی داپۆشیوە. بۆیە دارستانی چڕروپڕی لێ بووە و شوێنێکی نموونەیی بۆ ڕاوچییەکانی ئەو سەردەمە بووە. لەگەڵیدا، هەمەجۆرەی ڕووەکی خۆڕسک و بەروبوومی میوەی هەبووە. جارێ ئاژەڵداریی دەرنەکەوتبوو و کشتوکاڵ پشتی پێ نەدەبەسترا. کەواتە لە ژیانی ڕوژانەیاندا ڕاوی ئاژەڵە کێویەکان هەبووە. هەڵکۆڵینەکانی ساڵی ١٩٩١ تا ٦٠ چینی لەو شوێنەوارەدا دەستنیشان کرد. تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ سەروو ٧٠٠٠ مەتر دووجا لەو شوێنەوارەدا هڵکۆڵراوە

 

تەنیا لە ساڵانی ٧٠دا ٣٥٠٠٠ پارچە ئامرازی بەردین دۆزراونەتەوە، هەمەجۆرەی ئامرازە بەردەکانی چاخی بەردینییان تێدایە. لە ناویاندا بەردێکە لە شێوەی دەموچاوی مرۆڤ کۆڵدراوە. لە کۆتێ بەرچەم پارچە قوماشی چندراو و پاشماوەی تواندنەوەی مس دۆزراونەتەوە. ١١٣ پارچەی جیاجیای مس دۆزرانەوە تەمەنیان لە نێوان ٨٢٠٠ تا ٧٥٠٠ ساڵ بەر لە زایینە. لە گەڵیاندا پەیکەرێکی بەرد لە دوو سەری ئافرەت پێکهاتووە، پێدەچی خواوەندیان بووبێ. دەشکرێ سەرەتای دەرکەوتنی هزرو بیری دوانەیی بێ، تاریک و ڕووناک، باش و خراپ، ژیان و مردن. یانیش هێمای دووبارەبوونەوەی ژیانە لە ئافرەت. کۆتێ بەرچەم لە کۆمەڵگە هەرە لە پێشەکان بوون مسیان دۆزیوەتەوە و فێر بوون بە ساردیی بیکوتن

 

سەرەتای دەرکەوتنی ئەو نیشتەجێیە، ماڵەکان لە شێوەی بازنەیی و هێلکەییدا بوون، بە قامیش و لقوپۆپی دار و دەوەن داپۆشرابوون و دواتریش بە قوڕ سواغ درابوون یان بە پێستی ئاژەڵان داپۆشرابوون. هەیانە زەویەکەی بەردڕێژ بووە، هەیانە وا نەبووە. دۆزینەوەی ژمارەیەک بەردی نووک تیژ لە کۆتێ بەرچەم، نیشانەی ئەوەیە ناوە ناوە ڕاویان کردووە. هەر لەو سەردەمەدا ئاگردان، یان شوێنی ئاگرکردنەوەیان هەبووە. لە کۆنترین نیشتەجێیەکانی چاخی بەردینە دەرگای خانووەکانی لە لایەکییەوە لەگەڵ دیوار جێگیر کرابێ و بە ستوونی بکرێتەوە. دیارەکۆتێ بەرچەم زانیاری ئەندازیارییان زۆر بەرز بووە. تەنانەت شێوازی دابەشکردنی خانووەکان و سواغدانی دیوارەکانیان زانایی زۆری تێدا بووە

 

ڕووبەری نیشتەجێی کۆتێ بەرچەم لەچاو نیشتەجێیەکانی دیکەی ئەو سەردەمە لەو ناوچەیەدا، لە هەموویان گەورەترە. کەواتە کۆتێ بەرچەم نیشتەجێیەکی گرنگ و سەرەکیی ناوچەکە بووە. چەند سەد کەسێکی تێدا ژیاوە. شێوازی بیناسازیی و دابەشکردنی ڕووبەرەکان زۆر سەرنجڕاکێشە لە چاخی بەردیندا کرابێ. ژووری خانووەکانی ڕێکن و هەیوان، شوێنی فڕێدانی خاشاک، گۆڕستان و ڕووبەری کراوەی ناو لادێی تێدا بووە. وا دیارە ژیانێکی جێگیری تێدا بووە و هەنگاوی بەرەو شارستانیبوون هاویشتووە، لەوەدا لە پێشەنگی نیشتەجێیەکانی دیکەدا بووە. ئەگەریش هەیە یەکەم چاندن و کشتوکاڵی میزۆپۆتامیای باکوور، لێرە بووبێ. بەڵگەی چاندنی گەنمی جۆری (ئیمەر) لە چینەکانی ٢٤ و ٢٥ و ماڵییکردنی بەرازی لێ دزراوەتەوە. بە گشتیی نموونەی زۆری دانەوێڵەی لێ دۆزراوەتەوە

 

دواتر بناغەی هەڵچنراوی بەرد و پێکهاتەی لاکێشە دەردەکەون. زۆربەی خانووەکان ڕووبەریان نزیکەی ٣٥ مەتر دووجا بووە. گەورەترینیان ١١ بە ١٠ مەتر بووە و زەوییەکەی بە بەردی بچووکی خزێنراو لە قوڕ، سواغ دراوە. لە نزیکەی ساڵی ٩٢٠٠ بەر لە زایین گۆڕان بەسەر پێکهاتەی ژوورەکان و هەڵچنینی دیوارەکاندا هاتووە. ئەو کاتە بووە خانوو لە شێوەی بازنەیی بۆ لاکێشە گۆڕاوە. پاشماوەی چنین، دروستکردنی خشڵی جوانیی و خۆشکردنی پێستی ئاژەڵ دۆزراونەتەوە. ئەو کاتە مردووەکان لە زەوی ژوورەکان، یان لە ژوورە بەتاڵەکان دوو دوو و سێ سێ دەنێژران. لە هەمان سەردەمدا دروستکردنی پەیکەر بۆ مرۆڤ دەردەکەون

 

لەو نیشتەجێیەدا شوێنەکانی کارکردن لە کوخی بچووکدا بوون و لە تەنیشتیانەوە ئاگردان هەبووە. لە بەشی باشووری نیشتەجێیەکەدا پێکهاتەی گەورەتر هەن ئاگریان لە ناودا کراوەتەوە، هەرنەبێ ١٠٠٠ مەتر دووجا بوون و بڕێکی زۆر کەللە سەری مرۆڤ و ئێسقانەکانی تێدابوو. لە کۆتایی چاخی بەردینی نوێدا مردووەکان لە دەرەوەی خانووەکان نێژراون. لە وەرزەکانی هەڵکۆڵیندا لە گۆڕستانەکەی دەرەوەی ناو ئەو نیشتەجێیە، بینرا لەگەڵ مردووەکان، خواردن و خشڵ داندراون ، لەوانە ملوانکەیەکی پارچەی ئێسقانە

 

لە ناوەڕاستی ئەو نیشتەجێیە بناغەیەکی بەردی گەورە گەورەی دیواری ژوورێکی یەکجار گەورە هەیە ڕووبەرەکەی دەگاتە ١٣٠٠ مەتر دووجا، دوو چین بەردی دیوارەکان ماون. بەردی دیکە لە ناوەڕاستی ئەو ژوورە گەورەدا دۆزرانەوە، بەردەکان تا درێژیی ٢ مەتر و نیوی تێدایە، دیار نییە مەبەست لەو بەردە گەورانە چی بووە. بەڵام خانووەکانی دەورەی ئەو ژوورە گەورە تا دوور دەکەونەوە بچووکتر دەبنەوە. ئەوە نیشاندەری کۆمەڵگەیەکی چینبەندە، هەژارەکان دوور لە ناوەندی ئەو نیشتەجێیە خانوویان هەبووە. ئەو چینبەندییە بۆ چاخی بەردینی نوێ کەمێک سەیرە هەبووبێ

 

سەرنجڕاکێشترین خانوو لە کۆتێ بەرچەم خانوویەکی چوارگۆشەیە، زەمینەکەی بە بەردی پەمەیی لە شێوەی مۆزایک ڕێکخراون، داپۆشراوە. ئەوە کۆنترین مۆزایکی جیهانە دۆزرابێتەوە. وا دیارە ئەو خانووە پەرستگا بووە. لە تەنیشتییەوە ژوورێکی دیوار ئەستوور هەبوو نزیکەی ٣٠٠ پەیکەری ئێسقانی مرۆڤی تێدا بوو

 

لەبەرئەوەی شوێنەواری کۆتێ بەرچەم لە ناوچەیەکی شاخاوییە، بۆیە ئەشکەوت و پەنا بەردی زۆرە. گوندی هیلار و ئەو سروشتەی شاخەکانی چەند سەد ساڵێکە ناسراوە. جوگرافیناسی ئەمەریکا ئێڵسۆرث هەنتینگتن لە سەرەتای ساڵانی ١٩٠٠ سەردانی ئەو پەنا بەرد و ئەشکەوتانەی هیلاری کردووە و وەکو پاشماوەی هیتیت لەقەڵەمی داوە. دوای ٦٣ ساڵ کەسێکی دیکەی ئەمەریکایی بە ناوی ڕۆبەرت برایدوود لەو شوێنەدا هەڵکۆڵینی کردووە و بووە خاوەنی مێژوویەکی یەکجار کۆن وەک ئەوەی کۆمەڵە ڕاوچییەکان بۆ یەکەم جار نیشتەجێ بوون و کشتوکاڵیان کردووە

 

لە هەڵکۆڵینەکاندا شارەزایانی زانکۆی ئەستەنبوڵ و شیکاگۆی ئەمەریکا، بۆیان دەرکەوت ئەوانەی نیشتەجێی کۆتێ بەرچەم بوو، شارەزاییەکی سەرەتاییان لە تەلارسازیی هەبووە و یەکەمین هەنگاویان بەرەو شارستانییەت، ناوە. هەرچەندە ئەو شارازاییەیان هەبووە، بەڵام نەیانزانیوە گڵسازیی بکەن، واتا جارێ نەیانتوانیوە ئامرازەکانی دیکە لە گڵ دروست بکەن. بەڵام زانیویانە بەرد کون بکەن و ئامرازی کونکردن دروست بکەن. هەندێ دەنکە دانەوێڵەی بە بەردبوویش دۆزرانەوە

 

لە هەڵکۆڵینەکاندا، گۆڕێکی بەرد دۆزرایەوە پەیکەری ئێسقانی منداڵێکی تێدا بوو، ئەژنۆکانی بە سنگیەوە نووسابوون. وەکو منداڵ لە ناو سکی دایکیدا بێ، ئاوا داندرابوو، ئەوە شوێنەوارناسەکانی زۆر تاساند. لە ژێر زەوی ئەو پێکهاتە گەورەیەی لە بەشی یەکەمدا باس کرابوو و وەکو پەرستگە بەکارهاتووە، لە هەڵکۆڵینەکانی ساڵی ١٩٨٤دا ٢٤٣ پەیکەری ئێسقانی مرۆڤ دۆزرانەوە. هەموویان سووتاوبوون. لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆریان پەیکەری منداڵی ساوا بوون، سەرەتا پێیان وابوو ئەوانە وەکو قوربانی بۆ خوا، لە ئاگردا سووتێندراون. بەڵام پێناچی ئەو بۆچوونە ڕاست بێ. بە دۆزینەوەی ٢٤٣ پەیکەر، لەوە دەچێ لە ڕۆژهەڵاتی نزیکدا، کۆتێ بەرچەم گەورەترین نیشتەجێی چاخی بەردین بووە

 

پەیکەرەکان بۆ سێ کۆمەڵ جیاکرانەوە و شیککردنەوەیان بۆ کرا. ٧٢ لەوان سووتاو بوون. ١٥٥ پەیکەریش لەوانە بوون کوروش بووبوون. ١٦ پەیکەریش ئاسایی بوو. ڕێژەی ٤٨.٦٪ منداڵی خوار تەمەن ٥ ساڵ بوون. ئەوە ڕیژەیەکی یەکجار بەرزی مردنی منداڵانە. تەنیا ٢ کەس لە ناویاندا تەمەنی سەروو ٥٠ ساڵ بووە

 

دۆزینەوەکەی دیکەی بە هەمان بڕ، سەری شوێنەوارناسانی سووڕاند ئەوەبوو، زەوی هەندێ لە پێکهاتە و خانووەکانیان بە مۆزاییک دروست کرابوو. مۆزاییک بە دووری ٧ مەتر و نیو بە ٩ مەتر و نیو لە بەردی ورد و بچووکی لووسکراو پێکهاتووە ولەسەر تەختێکی قوڕی پەمەیی داڕێژراوە، بۆ ٦٧٠٠ پێش زایین، کارامەییەکی یەکجار زۆر و ئاستێکی بەرزە. تا ئەو کاتە وا دەزانرا مۆزاییک ڕۆمانەکان دایانهێناوە، پێش ئەوان کەس نەیزانیوە و نەبووە

 

بەر لە دۆزینەوەی شوێنەواری کۆتێ بەرچەم، کۆنترین شوێنەواری ناوچەی ئەنادۆڵ گرێ چەتاڵ بوو کە ٧١٠٠-٦٣٠٠ لەمەوبەر ژیانی تێدابووە. گومان نییە زۆر شوێنەواری دیکە ماوە بدۆزرێتەوە

 

سەرچاوە

https://www.tf.uni-kiel.de/matwis/amat/iss/kap_a/advanced/ta_1_2c.html

https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC388049/

https://www.saradistribution.com/erxeni.argonia.ergani.htm