میترا و زەردەشت

بە دەیان ساڵ لە لایەن بیرمەندانەوە، لە جێگای ئایینی میترا، ئایینی مەزدەیەسنا وەکو میترایی ڕەسەن، دەبینرا. میترایی هاوشێوەی خۆرپەرستیی و سەرکەوتنی رۆح بەرەو نەمریی، شرۆڤە دەکرا. ئایینی میترا سەرکەوتنی رۆح بەرەو ئاسمان/خۆر و ڕەهایی لە جەستە، نەبووە. بەڵکو بریتییە لە ڕەهایی جەستە لە ڕۆح و دابەزین بەرەو دونیای ژێرزەوی و تاریکیی. میترایی هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ نەمری ڕۆح و بەهەشت و ئاسماندا نەبووە، خۆرپەرستییش نەبووە. بەڵکو ئایینێکی کۆمەڵایەتی بووە. خودای میترا لە واتای گرێبەستی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوەی گرتووە. واتای میترا لە زمانی مادەکانی ٢٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین، بریتییە لە بەرزنرخاندن و پیرۆزدانانی بەڵێنە فەرمییە ئاڵوگۆڕکراوەکان، واتا پەیمان و گرێبەست.


میترا کەسێک نییە و ناپەرسترێ. هەرکاتێک ڕێککەوتنێکی یەکسان لە نێو تاک و گروپەکاندا هەبێ، ئەوە گرێبەستە و میترا لە نەبوونەوە دەیهێنێتە نێو پانتایی کۆمەڵگە. بە واتایەکی دیکە، هەر شتێک لە دەرەوەی بازنەی گرێبەست و پەیمان بێت، لە پەراوێز دادەنرێت. کەوایە میترا لە بنەڕەتدا خودای پەیمان و گرێبەست بووە. لە دواییدا بە پەرەسەندنی بەرەو ئێران و هیند، واتاکەی بۆ خودای هەتاو وشەڕ گۆڕدراوە. میترا نێر و مێی نییە، بەڵکو واتای سەروو نەتەوەیی و ئایین و ڕەگەزیشە. میترای هیندستان ئایینی نێرینەیە، بەڵام میترای ماد، ئایینێکی بێ ڕەگەز بووە.


لە ئایینی میترادا، ڕاز و نیاز و پەرستن نەبووە، بەڵێنی ئەخلاقی لە ژێر ناوی داب و نەریت بێ واتای گرێبەست و لیکتێگەیشتن، نەبووە. لە میترادا دەبێ بەر لە هەموو شتێک کۆمەڵگە لەسەر بناغەی ڕێککەوتن و دیالۆگ دابڕێژرێت. پێش ڕێککەوتن و گرێبەست، میترا هیچ واتایەکی نییە و پیرۆزیش نییە. خەڵات و سزادان لەسەر پابەندبوون بە گرێبەست یان شکاندنی بەڵێن، داڕیژراوە. بە پێچەوانەی هەموو ئایینەکانی دیکەیە کە بە پاڕانەوە و ڕاز و نیاز و پەرستن پاداشت لە خوا وەردەگرن. خەڵک لە ئایینەکانی دیکەدا بە هیوا و ئاخهەڵکێشان، قوربانییکردن و پەرستن،  ناچار کراون. بەڵام میترا واتایەکی پیرۆزە بۆ ژیانی واقیعیانەی کۆمەڵگە.


 لە بیری زەردەشتدا، پەیمان و گرێبەست بریتییە لە زنجیرەی پلە و پایەی دەسەڵات لە نێوان باوەڕمەندان و خاوەن پەیامی ئاسمانیی (وەحی)، یان لە نێوان خەڵک و خاوەن دەسەڵات. ئەمەکداربوون بە سیستەمی پاشا (کە لە ئاسمانەوە هەڵبژێردراوە) لە ڕێگەی یاسا و فەرمانەکانی زەردەشت یان پاشا، بەڵێنی ئەخلاقیی، پەیمان و گرێبەستی زەردەشت دەگرێتەوە، گرێبەستەکانی زەردەشتیش لە دەرەوەی گرێبەستەکانی زەوی نێوان تاکەکان و گروپەکانە. لە ڕوانگەی ئایینی میتراوە، پەیمان و گرێبەست لەگەڵ هەرکەسێک بێت دروستە و جێگای باوەڕە، چ لایەنەکان مەزداپەرست بن، چ دێوپەرست یان هەر ئایینێکی دیکەیان هەبێت. گرێبەست و ڕێککەوتن لە لایەن دوو لایەندا دەبێتە بنەمای چاک و خراپە و ڕەوایی. بەر لە هەبوونی گرێبەست، چاک و خراپ نییە. هەموو خراپەکان لە نەبوونی ڕەزامەندی و زۆرەملێوە سەرچاوە دەگرن.


ئەوە پێچەوانەی زەردەشتییە کە هەر لە سەرەتاوە لایەنگرانی خۆی بە نموونەی هێمای چاکە ودژبەرەکانی بە نموونە و هێمای شەڕ و ناحەزی دادەنرێن. کۆمەڵگەی زەردەشت وەکو هەموو کۆمەڵگەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کۆن لە ناویاندا سۆمەریەکان، بابلیەکان، ئەکەدی و ئاشووریەکان، لەسەر بنەمای پیرۆزبوونی پاشا و زنجیرەی پلەو پایەی دەسەڵات و کۆمەڵگەی چینایەتی دامەزراوە. سیستەمی دەسەڵاتدارییەتی پاشا بە درێژەپێدەری سیستەمی ئاسمانی و دەسەڵاتی خوا، دادەنرا. پاشا، نوێنەری خوا (ئەهورا، مەردوک و ئەڵڵا) بوون. بڕیاریان وەکو یاسا لێی دەڕوانرا، هەموو جەماوەر دەبێ ملکەچ و ژێر دەستەی پاشا بن.


کەچی لە میتراییدا، تەنانەت پێوەندییە سیاسییەکان لەسەر گرێبەستی کۆمەڵایەتیی و رەزامەندی و ڕیککەوتن داڕێژراوە. سیستەمی سیاسی دەبێ بە پێی ڕەزامەندی خەڵک و ڕیککەوتنی دوو لایەن پێکبێت. نەک وەکو سیستەمی ئێران و میزۆپۆتامیا لەسەر بناغەی مافی پاشاکان یان ڕەچەڵەکیان دابڕێژرێت. بەڵگەی ڕاستەقینە و شایەتی ئاشکرا و بەرچاوی ئەم بۆچوونە، هەڵبژاردنی دیاکۆ وەک پاشای مادەکانە، کە بەپێی هەڵبژاردنی گشتیی و ڕەوایی زەمینیی یان گرێبەستیی، هەڵبژێردراوە. سەرۆکی خێڵ و سەرۆکی وڵات بۆیان نەبووە بەڵێن و پەیمان بشکێنن. لە میتراییدا، پاشاکان خاوەن مافی خودایی و خاوەن شکۆ و مەزنایەتی خودایی نەبوون. لە کۆمەڵگەی ئێرانی زەردەشتیی بە ناوی ئەهورامەزدا و دونیای چاکە، پاشا و پیاوانی ئایینی ئێرانی هەموو پەیمان و مرۆڤایەتییەکیان پێشێل دەکرد.


میترا، ئایینی ماد/کورد، هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ میترای ئێرانی/ئاڤێستایی و هیندی/ودایی، نییە کە بە میترای خودای هەتاو و خودای شەڕ، گۆڕدراوە. نموونەی دیاری میترا لە مادەکان و بزووتنەوەکانی دوایی وەکو مەزدەک و خوڕەمدینەکان ... هتد، خۆی نواندووە. کۆمەڵگەی ئێرانی لەسەرەتای دروستبوونییەوە، چ بە فۆرمی دروستبوونی زەردەشت، یان فۆرمی سیاسی هەخامنشی لەسەر بناغەی پلە و پایەی ئاسمانیی و بنەڕەتە زووتر دانراوەکان، لە ژێر ناوی ئەهورامەزدا و چاکە، داڕێژراوە.


لە دوایین قۆناغی حەوت خانی میترا، کەسی فێرخواز وەکو کەسێکی بەتەمەن بە ئەزموون خۆی دەنوێنێت، قۆناغی کۆتایی لە ڕەهابوون لە ڕۆح و خەیاڵاتی ئایینی/ئاسمانیی و گەیشتن بە زەمین و عەقڵی مرۆییە. کەسی بە تەمەن سونبولی گرێبەستی کۆمەڵایەتییە و لە گۆرانییە عیرفانییە کوردییەکاندا هاتووە دەڵێت: " ئامان ئامانە، یا پیر ئامانە، ئەمشەو شەوەکەی عەهد و پەیمانە". پیر شالیار بۆنەیەکی ئەوڕۆیی لە هەورامانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە، کە لە وەرزی بەهاردا بەڕێوەدەچێت و لەو بۆنەیەدا لە ناو سەماو هەڵپەڕکێ و خۆشییدا، گاکوژی دەکەن. پیر شالیار واتا پیر شەهریار(پاشا)، یان بە واتایەکی دیکە پاشای پیر و بە ئەزموون.


بەپێی نووسینەکانی (هیرۆدۆتس)ی مێژوونووسی یۆنانی کۆن، ئەوە هەمان شیوازی هەڵبژاردنی دیاکۆ بووە. دیاکۆ، واتا دێوی ئەکوان، یان ئەکوان دێو کە نازناوی میترایە و لە شاهنامەی فارسیدا سونبولی ناپاکییە. لە شاهنامەدا ئەوەیش هاتووە، رۆستەمی زەردەشتی/ئێرانی کراو، بەنوێنەرایەتی پاشا/خودا، دەبێ میترا لەناو بەرێت. بە واتایەکی دیکە، دژایەتیکردنی ڕەوایی ئاسمانیی یان مافی خودایی پاشاکان، وەک بکوژی ئەکوان دێو و ئاژی دهاک، خاوەنی مافی خودایی و مەزنایەتیی و شکۆی خودایی بووە. پاشای ئێران بەپێچەوانەی پاشای ماد، لەلایەن خوداوە هەڵبژێردراوە و ڕەوایی خۆی لە مەزنایەتیی و شکۆی خودایی، وەرگرتووە.