دەرکەوتنی زەردەشت

لەگەڵ هاتنەپێشی قەیران و تەنگوچەڵەمە، مرۆڤ بۆ سەرکەوتن بەسەریاندا هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەریان دەدات. زۆر جار بۆ چارەسەری قەیرانێک، فەلسەفە دەردەکەوێ. ئاینیش بە هەمان شێوە بۆ چارەسەری گرفتەکانی ژیانی مرۆڤ دەرکەوتوون. ئەگەر قەیرانی بتپەرستی و ڕەوشتنزمیی نەبوایە ئاینی ئیسلام لە دوورگەی عەرەبیدا دەرنەدەکەوت. ئەگەر قەیرانی تەسکبیریی جولەکە و پێوەندی توند و تیژیی لەگەڵ خوا نەبوایە، عیسا بە پەیامی خۆشەویستیی دەرنەدەکەوت. کەوایە، پێشتر قەیرانێک هەبووە تا زەردەشت بۆ چارەسەر و چاکسازیی ئەو قەیرانە، خۆی بنوێنێ


پێشتر باسمان کرد، کە شوێنکەوتووانی ئاینی میترایی ساڵانە لە بۆنە پیرۆزەکانیاندا گای نێریان دەکوشتەوە و لەگەڵیدا لەدەم کانیاوەکان و لە ناو ئەشکەوتە تاریکەکاندا سەما، هەڵپەڕکێ و مەستیی بەڕێوەدەچوو. بەهەشتی خۆیان لەسەر زەوی دروست کردبوو. بەپێی ناوەڕۆکی گات  ٢٩ گای نێر سکاڵا دەکات، گا دەڵێت "پاشایەکی جەنگاوەر پێویستە بو پاسەوانی و پارێزگارییکردن لە من ... و تا زوڵم و نایەکسانیی لە ناوبەرێت". ئەوە سکاڵای ڕۆحی گایە بەرانبەر بە قوربانیبوون، ئەوە ئەو قەیرانەیە چارەسەری پێویست بوو. ئاهورامەزدا بۆ پاڵپشتی گا، زەردەشت هەڵدەبژێرێت. زەردەشت بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە دەرکەوتووە. بەهۆی گا کوژیی میتراییەکانەوە هەست و دڵی زەردەشت بریندار دەبێت و لە یەسنای ٢٨ لە ئاڤێستادا ڕایدەگەیەنێت ئەو بۆ پاڵپشتیی و دڵخۆشکردنی ڕۆحی گا هەڵبژێردراوە و بۆ ئەو ئامانجە هەنگاو دەنێت. کەواتە بنەمای دەرکەوتنی زەردەشت دژایەتیکردنی میترا و ئاینەکەیەتی


زەردەشت لە گاتەکاندا دژایەتی هەموو بۆنەکانی گا کوژیی و سەما و خواردنەوەی هوم دەکات (هوم خواردەنەوەیەکی کۆنی مادەکان بووە، لە ڕووەک دەرهێندراوە و مرۆڤی مەست کردووە). نازناوی (ئەکێ) وەک ئاماژە بە هێز و ناپاکی و جنێودان بە میترا بەکارهێندراوە. هەرچی لە شانامەی پارسیشدایە، وشەی (ئەکوان دێو-ئەکواندێو) بۆ ئاماژە بە میترا بەکارهاتووە


ناوەڕۆکی یەسنا ٣١ بریتییە لە هەڕەشە و بە کافردانانی ئەوانەی لە بۆنەکانیاندا گا دەکوژنەوە، هوم دەخۆنەوە و سەما و هەڵپەڕکێ دەکەن. داوا لە زەردەشتییان دەکات بە چەک و کەرەستەی جەنگ هێرشبکەنە سەر درۆپەرستان (واتا میتراییەکان). هەرچی یەسنا ٣٢ە، لەگەڵ دێوەکاندا دەدوێ و پێیان دەڵێ دێوەکان ڕێگای ڕاستیان هەڵنەبژاردووە، توندوتیژن و ژیانی خەڵکیان ئاڵۆز کردووە. پێیان دەڵێ "ئەی دێوەکان ئێوە هەموو لە ڕەچەڵەکی هەڵسوکەوتی خراپ دروستبوون". ئینجا دەڵێ " ئەی مەزدا، ئەو کەسانەی لە کاتی سەمادا گا کوژیی دەکەن، ئەوانە درۆزنەکانن، ئەوانەی دەڵێن دەبێ گا بکوژرێ، درۆ دەکەن"


بۆنەی گا کوشتنەوە لە ناو بۆنەکانی پیرشالیار و ئێزدییەکاندا ماوەتەوە، بەڵام سەما و هەڵپەڕکێی کوردی/میترایی ڕەنگ و ڕواڵەتی عیرفانی بەخۆوە گرتووە. ئەگەر ئێستە بۆ قوربانیکردن بکرێت، مادەکان بۆ قوربانیی نەیانکردووە


لە یەسنای ٤٨دا هاتووە زەردەشت دەڵێ " بەرەو کوێ هەڵبێم، بەرەو کوێ دەرچم، لە کاتێکدا خەڵک و دەسەڵاتی ئەم وڵاتە هەڵوێستی باشیان بەرانبەر بە من نییە". زەردەشت دوای هەڵهاتن لە وڵاتی مادەکان وێنەی جیهانی خراپە لە ئەندێشەیدا دروست بوو. بەو هۆیەوە بووە لە بیرۆکە و ڕێبازی زەردەشتییدا مادەکان و ئایینی میترا نموونەی جیهانی خراپە و شەڕ بوون. لەبەرانبەریشیاندا زەردەشت خوای چاکە و خێر دروست دەکات. هەرزوو خۆی بە چاکە و میترای بە خراپە وێنا کردووە. بە وتەی هیگڵ، گەڵاڵە کردنی ڕۆح و خوا بەرانبەر بە میترا، وەکو دەستپێکی مێژوو بووە. سەرەتای هەڵەی مێژوویش بووە، بە هۆیەوە چەند هەزار ساڵێک تێپەڕی تا نیچە و فۆکۆ هاتن و مرۆڤیان بۆ ئامانجی سەرەکیی خۆی گەڕاندەوە، واتا بۆ زەمین و پژەڵ و خۆشیی


چاکە و خراپە لە دەرەوەی هەناوی مرۆڤدا نییە. ئەوە دەستکردی ئەندێشەی کەسانی وەکو زەردەشت و ئەفلاتۆن بوو. بەپێی هەموو ئایین و ئەفسانە دێرینەکانی میللەتان، خوای چاکە و خێر دوای کوشتنی دێوێک جیهانی ئەفراندووە. لە بابل دێوی تیامات دەکوژرێ، لای جولەکە یەهوە دێوی لویاتان دەکوژرێ، لە کەلتووری ئەفسانەیی ئەڵماندا ئۆدین دێوی ئیمیر دەکوژێ و لە یۆنانیشدا زیۆس دێوی کرونوس دەکوژێ و سەرلەنوێ سیستەمی ئایینی و ئاسمانی دروست دەکاتەوە. ئەی باشە بۆ لە کەلتووری ئەفسانەیی ئێراندا لایەنی قوربانیکراو دەبێتە خێر و چاکە نەک ئەو لایەنەی قوربانی دەکات؟؟ بۆچی میترا کە گا دەکوژێتەوە دەبێتە ئەهریمەن نەک بە پێچەوانەوە؟ دەبوو وەکو ئەفسانەی گەلانی دیکە ئاهورامەزدا ئەهریمەن/میترا بکوژێ. کەچی وانییە


ئەم بۆچوونە ئەوە دەسەلمێنێ پارسەکان کەلتوور و شارستانییەتی مادیان دزیوە و جارێکی دیکە بە ناوی خۆیانەوە نووسیانەوە. ئەفسانە و چیرۆکە میللیەکانی مادیان بۆخۆیان برد، هەڵیانگێڕایەوە و بە ناوی خۆیانەوە لە مێژوودا تۆمارکرا. ئەوە دژوێژییەی لە ئەفسانەی ئێرانییەکاندا هەیە بۆ دروستبوونی جیهان زۆر پێچەوانەی هەموو ئەفسانەکانی گەل و میللەتانی دیکەیە! هۆیەکە وەکو خۆر دیارە، چونکە دژایەتییکردنی پارسەکان بۆ مادەکان هەر ئەوەندە نەبووە دەست بەسەر زەوی و خاکی ماددا بگرن، بەڵکو لە کەلتوور و مێژووی خۆیان بێ بەشیان بکەن. تا وای لێهاتووە، زمانەوانەکانی کورد پێیان وابێ کوردی شێوەزارێکی فارسییە!! کوردیش بەشێکن لە خێڵەکانی هیندۆ-ئەوروپی


جیاوازی ئایینی زەردەشت لەگەڵ هەموو ئەوانی دیکە لە جیاوازی شوێن و جوگرافیاوە سەرچاوەی گرتووە. لە هیچ ئایینێکی دیکەدا پەیامهێنێک/پەیامبەرێک نەبووە لە دژی کەلتوور و ئایینی کۆمەڵگەی خۆی شۆڕش بکات، هەموویان بە مەبەستی چاکسازی و باشترکردنی ژیانی خەڵک ئاڵای چاکسازییان بەرزکردووەتەوە. زەردەشت بەرانبەر بە ئەفسانە هیندییەکان چاکسازیی کرد، بەڵام شۆڕشەکەی تەنیا بەرانبەر میترای ڕەسەنی ماد بوو


زەردەشت بە پێچەوانەی ئایینەکانی دیکە، کە دژ بە خراپە و شەڕ پێكهاتبوون، خۆی لە ناو مادەکان، کە بەلای زەردەشتەوە ناوەندی خراپە و شەڕ بووە، گەشەی کرد. بە بیری خۆی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ خراپە و شەڕدا بووە، هەربۆیە بیرۆکەی ڕزگارکەر (المنقذ)ی داڕشت. لەویشەوە بۆ جولەکە، مەسیح و ئیسلام گوازرایەوە