ئێکسۆن مۆبیل لە ئافریقا

٣ ساڵ لەمەوبەر، ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکا، گەورەترین کۆمپانیای نەوتی جیهان (٢٠٠ ملیار دۆلار قازانجی ساڵانەی هەیە) و چەندین ساڵیش گەورەترین کۆمپانیای جیهان بوو. گومانی بەرتیل دانی لەسەر بوو (لە دوو توێژدا شاردرابووەوە)


ئەو بەڵگەنامانەی نێردەی (ذە گاردیەن) دیتوونی نیشان دەدا ئێکسۆن مۆبیل کڕین و فرۆشتنێکی  گوماناوی کردووە، حکوومەتی لایبیریا مافی گەڕان بە دوای نەوتی لە بلۆکی ١٣ دابووە کۆمپانیایەکی لایبیریا بە ناوی (پێپەرکۆست). ئەو ماف پێدانە هەر لە سەرەتاوە گومانی لەسەر بوو. پێپەرکۆست خاوەن مافی ئەو بلۆکە بوو. مافی خۆی بۆ کۆمپانیایەکی دیکە فرۆشت بە ناوی کۆمپانیای نەوتی دەرەوەی کەنەدا لە دوورگەی بەرمۆدا تۆمار کراوە، ئەویشیان، هەر هەمان ڕۆژ مافی خۆی بە ئێکسۆن مۆبیل دەفرۆشێتەوە. ڤیسکۆنت ئاستەر، باوکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا دەیڤد کامیرون بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی دەرەوەی کەنەدایە


https://www.theguardian.com/business/2018/mar/29/exxonmobil-liberian-oil-deal-went-ahead-despite-anti-corruption-concerns

 

پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٠ بۆ پێپەرکۆست بفرۆشرێ، مافی ئەو بلۆکە بۆ کۆمپانیای (برۆدوەی کۆنسۆلیدەیتد) بوو. لە هاوبەشانی ئەو کۆمپانیایە پارێزەرێکی لایبیریا بوو، کە زۆر لە کەسێکی گەورەی حکوومەت نزیکە (وابزانم باسی سەرۆکی لایبیریا دەکات). ئەو کەسە خۆی لە فرۆشتنی مافی بلۆکی ١٣ دەستی هەبووە. ڕاپۆرتی سەرۆکی وردبینانی لایبیریا دەڵێ "پرۆسەی فرؤشتنی بلۆکەکە بۆ برۆدوەی کۆنسۆلیدەیتد بە بەرتیل و فشار بووە. گوتەبێژی  کۆمپانیای نەوتی دەرەوەی کەنەدا یش دەڵێ "پرۆسەکە بێ گرێ بووە، ئەنجوومەنی پیران و پەرلەمانی لایبیریا و چەندین وەزارەت بەو فرۆشتنە، ڕازی بوون". بەو قسانە شانی خۆیان تەکاند


نێردەی گاردیەن بەڵگەیەک دەبینێ تێیدا نووسراوە (لەبەر نیگەرانیی ئێکسۆن مۆبیل، دەبێ دوو گرێبەست بکرێ). لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە نیسانی ٢٠١٣ دا، مافەکان بۆ پێپەرکۆست، ئینجا بۆ کۆمپانیای نەوتی دەرەوەی کەنەدا دواییش بۆ ئێکسۆن گوازرایەوە. ئێکسۆن مۆبیل ١٢٠ ملیۆن دۆلاری بۆ دەوڵەمەندترین بلۆکی لایبیریا داوە. چالاکوانانی لایبیریا پێیان وایە زۆر لە نرخی خۆی کەمترە. کۆمپانیای نەوتی دەرەوەی کەنەدا ڕێژەی ١٧٪ ی مافی بلۆکەکە وەک بەشی خۆی لە قازانج دەگێڕێتەوە

مەرجی ئێکسۆن و کۆمپانیای نەوتی دەرەوەی کەنەدا ئەوەبووە، کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی لایبیریا و حکوومەتی لایبیریا دەبێ ڕازی بن، هیچ گرفتێکی پێشووتر لەسەر چۆنییەتی پێدانی مافی گەڕان بە دوای نەوتدا لە بلۆکی ١٣ نابێ خاوەنەکانی ئێستا بگرێتەوە. ئەوان دەبێ پارێزراو بن. کاتێک گاردیەن ویستی دەمی ئێکسۆن تاقی بکاتەوە، گوتەبێژی ئێسکۆن فەرمووی "ئێمە هەموو کارەکانمان بە پێی یاسایە، هیچ نا ڕوونی لە پێدانی ئەو بلۆکە بۆ خاوەنی یەکەمی نابینین، ئێمە بە پێی یاساکانی دژە گەندەڵی ئەمەریکا، کار دەکەین"


سەردانی دەیڤد کامیرون بۆ لایبیریا لە ساڵی ٢٠١٣ و بینینی سەرۆکی وڵات لەگەڵ کوڕەکەی، کە سەرۆکی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی لایبیریا بوو، هەر خۆشی سەرپەرشتی ئەو فرۆشتنەی بۆ ئێکسۆن کردووە، بێ موو نییە. لە ساڵانی شەری ناوخۆی لایبیریادا، چەند ملیار دۆلارێک وەک یارمەتی مرۆیی دراوە بە لایبیریا. وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاگەداری ئەو کەینوبەینە بووە. وەزیر لەگەڵ هاوبەشێکی کۆمپانیای نەوتی دەرەوەی کەنەدا چەندین ساڵ پێکەوە ئەندام پەرلەمانی پارتی پارێزگاران بوون. " زڕبابەکەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، خاوەنی کۆمپانیاکەیە و دوو هاوەڵی خۆی لە پارتەکەی یەکیان وەزیرە و ئەو دیکەیان بەشی لە کۆمپانیای کۆمپانیای نەوتی دەرەوەی کەنەدا هەیە، سەردانی لایبیریا دەکا"


ڕێکخراوی (شاهیدی نێودەوڵەتی) ئەمەریکاییە لە زۆر وڵاتانی جیهان چالاکیی هەیە، لە ساڵی ١٩٩٣ دامەزراوە و کاری مرۆڤانە و ژینگەپارێزی دەکات، لە گەڵیشیاندا ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت بەکاری خۆی دەزانێ. لە ٢٩ ئاداری ٢٠١٨ ڕێکخراوەکە ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی تێوەگلانی ئێکسۆن لە بەرتیلدان بۆ دەست گەیشتن بە بلۆکی ١٣ ی لایبیریا، بڵاو کردووەتەوە. ڕێکخراوەکە دەڵێ ئێکسۆن دەیزانی ئەو بلۆکەی لایبیریا بە گەندەڵی دراوە بەوانەی خۆیان ئەو کاتە لە حکوومەت بوون و خۆیان بەخۆیان داوە. بۆ ئەوەش چەند لایەنێکی حکوومەتەکە پارەی دراوەتێ، بەڵام ئێکسۆن بۆ سووڕانەوە لە دەوری یاسای دژەگەندەڵی ئەمەریکا، بە دوو گرێبەست بلۆکەکەی کڕیوە


هەر بە پێی هەمان ڕاپۆرت، کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی لایبیریا کۆی بەرتیلی٢٠٠ هەزار دۆلاری بە شەش کەس و لایەن داوە تا ڕەزامەندیی لەسەر ئەو فرۆشتنە بۆ ئێکسۆن بدەن. ئێکسۆن بە سەرۆکایەتیی ریکس تیلەرسن (لە کاتی ترەمپ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بوو) دەیزانی بەرتیل دراوە، بەڵام چاوپۆشی کردووە و دوو گرێبەستی گوماناویی لەیەک گرێداوە


سەرچاوە:

https://www.globalwitness.org/en/campaigns/oil-gas-and-mining/catch-me-if-you-can-exxon-complicit-corrupt-liberian-oil-sector/

https://www.globalwitness.org/en/press-releases/exxon-complicit-oil-sector-corruption-liberia/