خۆراکی کۆمەڵە ڕاوچییەکانی بەر لە دەرکەوتنی شۆڕشی کشتوکاڵ بریتیی بووە لە گۆشت و ڕووەک و گیا خۆڕسکەکانی دەشت و دەر و چیاو چۆڵ. ئەو جۆرە خواردنانە جیڕن، شەویلاگ و ددانی بەهێزیان دەوێ بیانهاڕێ و بیانجوێ. بە دەرکەوتنی شۆڕشی کشتوکاڵ بەر لە ١١ تا ١٢ هەزار ساڵ، بەرەبەرە مرۆڤ خواردنی خۆی بەرهەمدەهێنا و جۆری خواردنەکان دەگۆڕان. بەر لە ٦٠٠٠ ساڵ زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵە مرۆڤەکان نیشتەجێی هەمیشەییان هەبوو و کەم تا زۆر زەویان دەکێڵا و دروێنەی بەروبوومی خۆیان دەکرد. هەموو ئەو بەرهەمانەی کشتوکاڵ دەیهێنایە بەردەمی مرۆڤی سەردەمی کشتوکاڵ نەرمتر بوون و سووکتر دەجووران. بەوپێیە شەویلاگی بەهێز و شێوەی ڕێککەوتنی ددانەکانی سەردەمانی کۆمەڵە ڕاوچییەکان پێویست نەمان، گۆڕانی بەسەردا هات.
بە خواردنی گۆشت و ڕووەکە جیڕەکان، شەویلاگی خوارەوەی منداڵی مرۆڤ بەرەبەرە بۆ پێشەوە دەچوو. ددانەکانی سەرەوە دەچوونە پشت لێوی خوارەوە. ئەوە ئەنجامی جوینی خواردنی جیڕە. کشتوکاڵکردن وایکرد خواردنی نەرم زۆرتر ببن، بۆیە منداڵی مرۆڤ ئەوەندەی خواردنی جیڕ نەدەخوارد، ئەو هاتنە پێشەوەی شەویلاگی خوارەوە کەمتر ڕوویدا و پێویست نەما. ئێستە، زۆربەی هەرە زۆری دەم و پلی خەڵک ئەوەیە هەردوو لێو و هەردوو ڕیزی ددانی سەرەوە و خوارەوە لەسەر یەک جووت دەبن. خواردنی دانەوێڵە و بەروبوومی شیر، لە ٧٠٠٠ ساڵ لەمەوبەرەوە بوونەتە خواردنی ڕۆژانەی زۆربەی مرۆڤ. لەگەڵ دەرکەوتنی شۆڕشی پیشەسازیی لە ساڵانی ١٧٠٠، هاتنە دەرەوەی شەویلاگی سەرەوە زۆرتر بووە.
ئەو گۆڕانە لە شەویلاگی خوارەوە بووە بەرەوپێشچوونی زمان. لەو شەویلاگانەی خوارەوەیان زۆر هاتووەتە دەر، ناتواندرێ بەئاسانی هەردوو دەنگی (ف و ڤ) بگووترێ. جووتبوونی هەردوو لێو لەسەر یەک یان تەنانەت گەڕانەوەی شەویلاگی خوارەوە بۆ پشتەوە تا وایلێدێت ددانەکانی سەرەوە دێنە سەر لێوی خوارەوە، گووتنی ئەو دوو دەنگەی ئاسانکرد. لە هەموو کۆمەڵگەکاندا زمانەکان گۆڕانیان بەسەردا هات و وشەی تازەیان بەرهەمهێنا. وشەی تازە زمانەکانی دەوڵەمەند کرد و تواندرا دەربڕینی نوی بۆ هەست و بیروڕایەکان بکرێ. شتیكی ئاساییشە لە زمانەکاندا ئەو دەنگانەی بە ئاسانی دەگووترێن زۆرتر لە وشەکاندا دەربکەون و زۆرتر بەکاربهیندرێن.
نزیکەی ٥٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر گۆڕانی سەرەکیی و ڕیشەیی لە قورگی مرۆڤی سەر دووقاچ ڕوویداوە. قورگ یان ژووری دەنگ کە ژێیەکانی تێدایە هاتنە خوارەوەی مل، کاتێک مرۆڤی نوێ بەر لە ٣٠٠ هەزار ساڵ دەرکەوت ئەو خەسڵەتەی لە باوانییەوە وەرگرت و ئەندامەکانی قورگی ئامادە بووبوون قسە بکەن. توێژینەوە لە ٢٤٠٠ کۆمەڵگەی جیاجیای مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان دەریخستووە دەنگەکانی (ڤ و ف) لەو کۆمەڵگەیانەی زۆرتر خواردنی خۆیان لە کشتوکاڵ بەدەست دەهێنن زۆرتر لە وشەکانیاندا هەن و بەکاردەهێندرێن. کۆمەڵگەی دیکەی مرۆڤ لە باشووری ئافریقا، ئوسترالیا و گرینلاند زۆرتر پشت بە ڕاوی گیاندارانی دەریا دەبستن ئەو دوو دەنگە لە وشەکانیاندا کەمتر بەکاردێن. ئەوەی لە ناو زمانە ڕەسەنەکەی ئەو جۆرە کۆمەڵگەیانەدا هەیە، وەک توێژەران دەڵێن، ئەوانەن لە زمانەکانی دیکەوە بۆیان گواستراوەتەوە.
سەرچاوە:
https://www.sciencenews.org/article/rise-farming-altered-our-bite-and-changed-how-people-talk