حەسەنکێڤ، چیرۆکی بەرەنگاربوونەوە

هەزاران ساڵە، ڕووباری دیجلە بە خاکی باکووردا گوزەر دەکا. بەردی جۆری لایمستۆنی کۆڵیوە و ڕێڕەوی خۆی لێ هەڵکۆڵیوە. ١٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر مرۆڤی چاخی بەردین هەمان بەردی شاخی کۆڵیوە و شوێنی نیشتەجێی خۆی لێ ساز کردووە. ئەوەی لە حەسەنکێڤە نموونەیەکە لە چەند سەد دانەیەک. لەو کاتەوە نیشتەجێی مرۆڤ لەوێ بەردەوام بووە. هەرنەبێ دەرزەنێک کەلتووری جیا جیا شوێن پەنجەیان لە حەسەنکێڤ بەجێهێشتووە. بەشێکی شوێنەوارە مەزنەکانی هەر لە مزگەوت، منارە، کۆشک، ئەشکەوتی هەڵکۆڵدراو و خانووی حەسەنکێڤ، تا ئێستە بە گژ کاتدا دەچنەوە و بە پێوە ماون

 

هەڵدێرێکی هەتا بڵێی جوان، بەسەر دۆڵی ڕێڕەوی دیجلەدا دەڕوانێ، نزیکەی ٢٠٠ گوندی لێیە و ٥٥٠٠٠ کوردی لێ دەژی. بژێویان بە کشتوکاڵ دابین دەکەن و وەکو باب و باپیرانیان ژیانێکی سادە بەسەردەبەن. لەبن کێڵگەکانیان مەزەندی هەبوونی ٣٠٠ شوێنەوار هەیە، تەنیا ١٤یان هەڵکۆلینی بۆ کراوە. ئەو ١٤یە سەردەمی بەر لە مێژوویان دووبارە نووسییەوە. لە ساڵی ٢٠١٣دا، ژیانی بەردەوامی ١٢٠٠٠ ساڵ هەڵوەستەی کرد. دروستکردنی بەنداوی ئیلیسو دەستی پێکرد، بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ نزیکەی ٤ ملیار وات/کاتژمێر کارەبا بەرهەم دەهێنێ. زۆربەی ئەو ٣٠٠ شوێنەوارە دەکەونە تەختی بنی ئاوی بەنداوی ئیلیسو. ئیلیسو بەنداوێکە لە ناو ١٤٠٠ بەنداودا تورکیا پلانی بۆ داڕشتووە

 

بەنداوەکە لە ساڵی ١٩٨٢ ڕەزامەندی لەسەر درابوو، لەبەر نەبوونی ئاسایش لە ساڵانی نەوەدەکان نەتوانرا دەستی پێبکرێ. لە ٢٠٠٦ بودجەی ١.٦ ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکرا. ڕێکخراوی (دەستپێشخەری ژیان لە حەسەنکێڤ – ئای کەی ئێچ ئەی) چالاکانە لە ناو کوردەکاندا دەجووڵایەوە. لە ئابی ٢٠٠٦ نزیکەی ١٠ هەزار کەس لە ڕێپێوانێکدا، کۆبوونەوە. لە ٢٠٠٧ دروشمی (١٠ هەزار ساڵ مێژوو بۆ ٥٠ ساڵ وزە تێکمەدەن)یان بەرزکردەوە و دەنگیان گەیشتە ئەوروپا. شوێنەوارناسان، تەلارسازان، مێژووناسان، میژووناسانی هونەر، ژینگە پارێزان و داکۆکیکاران لە مافەکانی مرۆڤ دەنگیان بەرزکردەوە تا وای لێهات لە ساڵی ٢٠٠٧ ڕیکخراوی جیهانی ئابوونەی شوێنەوارەکان (یان سندووقی مۆنیومێنتەکان)، حەسەنکێڤی خستە ناو لیستی چاودێری خۆی

 

لە ساڵی ٢٠٠٧ ئەڵمانیا، سویسرا و نەمسا ڕەزامەندییان دەربڕی لە ڕێگەی بانکی نێودەوڵەتییەوە، قەرزی ٤٥٠ ملیۆن یورۆ بە پرۆژەی بەنداوی ئیلیسو بدەن ئەگەر تورکیا مل بۆ مەرجەکانی (گەرەنتی قەرزی دەرەکی) کەچ بکات. بە شێوەیەکی گشتیی، ئەو مەرجانە ئامرازی دارایین بۆ قەرزی پرۆژەکان لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان، بەکاردەهێندرێن. بەو ئامرازانە مافی کرێکاران دابین دەکرێ، مافی مرۆڤ و ژینگە دەپارێزرێن. (هەڵبەت کاری بانک نییە ئەو مافانە بپارێزێ، بەڵام نابێ لەو پرۆژانەی ئەوان قەرزی دەدەنێ مافی کرێکار و مرۆڤ پێشێل بکرێن و ژینگە تێکبدرێ)

 

بۆ ئەو مەبەستە ئەو ٣ وڵاتە ١٥٣ مەرجیان دانا. دەبوایە حوکوومەتی تورکیا مافی قەرەبووکردنەوەی زەویەکانیان و زانیاری لەسەر پرۆژەکە بداتە خەڵکی ناوچەکە و شوێنەوارەکان بگوازێتەوە. دەبێ زەوی بە پیتی وەکو ئەوەی خۆیانیان بداتێ، دەبوایە لەگەڵیان بکەوێتە گفتوگۆ و ڕێککەوتن وکەلتوور و شوێنەوارەکانیان بپارێزێ. بۆ دڵنیایی لەوەی تورکیا بەڵێنەکانی دەباتە سەر، باجدەرانی ئەو سێ وڵاتە لەگەڵ ئای کەی ئێچ ئەی کەوتنە هاریکاری و نامەیان بۆ هەرسێ حوکوومەت و بانک نووسی. لە ساڵی ٢٠٠٧ لیژنەی تایبەت لەو سێ وڵاتەوە هاتنە گوندەکانی دەورووبەری ئیلیسو. بۆیان دەرکەوت تورکیا هیچ زانیاری لەسەر بەنداوەکە بە خەڵک نەداوە، زەویەکانی لێ کڕیون و پێیان گوتوون لە حەسەنکێڤی نوێ زەویان دەدەنێ. لیژنەکە ئاشکرای کرد، زەوی حەسەنکێڤی تازە، بەردەڵان و هەڵدێرە! وشکانی و بێ ئاوە. قەرەبووی وەریانگرتووە نەیدەکردە نیوەی پارەی زەوی و خانووی نوێ. بێ زەوی و بێ خانوو کرابوون

 

خۆپیشاندان لەبەردەم بانکی یونی کرێدت، بانکی نەمسا و دێکەبانک لە ١١ شاری ئەڵمانیا سازدرا. لە ٢٠٠٨ لیژنەکە ویستیان بڕۆنەوە بۆ حەسەنکێڤ، سەرباز بە درێژایی ڕیگەکەیان هەبوون، نەیانهێشت بگەنە ئەو گوندانە. ڕاپۆرتەکانی لیژنەی گەڕان بەدوای ڕاستییەکاندا هێندە بەهێزبوون، ئەو سێ وڵاتە قەرزەکانیان ڕاگرت و ٦ مانگ مۆڵەتیان دایە تورکیا بەڵێنەکانی بەجێ بگەیەنێ. لە ساڵی ٢٠٠٩ لە کۆنفرانسی بەنداوی ئیلیسو لە بەرلین ڕۆبەرت گوودلاند، نووسەری ستانداردی کۆمەڵگە و ژینگەی بانکی نێودەوڵەتیی داوای کرد بانکەکە قەرزەکەی ڕاگرێ. چونکە تورکیا هەنگاوی بۆ پاراستنی ٦٠ هەزار کەس، نەناوە. ئینجا دەرکەوت گواستنەوەی شوێنەوارەکانی حەسەنکێڤ کاری نەکردەیە، تەنیا چوار شوێنەواری کەم بایەخ لە چاو ئەوانی دیکە دەکرێ بگوازرێنەوە. هەموو ئەوانی دیکە، هەر دەستیان بۆ ببرێ لەناودەچن

 

لەو ١٥٣ مەرجە، تورکیا تەنیا بە ڕێژەی ٨٠٪ بەڵێنەکانی بەجێگەیاندبوو. لە ئەنجامدا قەرزەکە ڕاوەستا و پرۆژەکە تەگەرەی تێکەوت. ئەوە یەکەم جار بوو قەرزی بانکی نێودەوڵەتیی لەبەر هۆکاری مافی مرۆڤ و ژینگە ڕابگیرێ. لە ئەیلولی ٢٠٠٩ وەزیری دارایی تورکیا چووە چین، بەڵام نەیتوانی قەرزی چین وەرگرێ

 

تورکیا بڕیاری دا بە بەکارهێنانی قەرزی بانکەکانی خۆی یاکبانک و گەرەنتی بانک (٢٥٪ی سەر بە بانکی بی بی ڤی ئەی ئیسپانیایە)، پرۆژەکە تەواو بکات. دوای یەک هەفتە هەردوو قایمقامی باتمان و دیاربەکری بە تۆمەتی دژایەتی پرۆژەکە، گرت. ئینجا تۆمەتی پەکەکە بوونی دایە پاڵ ئەوانەی دژایەتی پرۆژەکە دەکەن. لەگەڵ تیرۆر لەیەکی گرێدان

 

سەرچاوە

 https://www.academia.edu/2588226/Hasankeyf_A_Story_of_Resistance_2011_   https://www.fame2012.org/files/2019-05-27_Ilisu-Report_HYG_EN.pdf