باسێکی گرنگی زانایانی مرۆڤناسیی و شوێنەوارناسیی ئەوەیە چۆن مرۆڤ لە بوونەوەرەکانی دیکە، ژیرتر بوو؟ دەیان ساڵە زانایان وێڵی وەڵامی ئەو پرسیارەن. سەرەکیترین هێڵی توێژینەوەکانیش دۆزینەوەی شوێنەوارەکانی بەکارهێنانی ئاگر، دروستکردنی ئامرازەکان لە بەرد و گڵسازیی ...هتد. بەڵام ئەی پاشماوەکانی کەللەسەری مرۆڤی کۆن هیچمان لەو ڕووەوە بۆ دەرناخەن
ئەگەر بەراوردی قەبارەی مێشکی مرۆڤی نوێ و باپیرە هەرەگەورەی خۆی (ئۆسترالۆپیثیکوس - وشەکە لاتینییە بە واتای مەیموونی باشوور دێت) بەر لە ٣ ملیۆن ساڵ ژیاوە، بکەین، ئەوا قەبارەکەی سێ هێندە و نیوی لێهاتووە. بە شیوەیەکی گشتیی تا ئێستە هەر وا تێگەیشتووین، کە قەبارەی مێشک ڕاستەوخۆ بە ئاستی ژیرییەوە بەندە. هەرنەبێ ئەو پێوەندییەی نێوان قەبارە و ژیریی بۆ هەموو شیردەرەکان ڕاستە. بەو پێیە قەبارەی مێشک گەورە بێت دەبێ ڕێژەی پاڵنانی خوێنیشی بۆ زۆرتر ببێ. ئەگەر وابێ ئەوا ڕێژەی زۆری خوێن واتای ئەوە دەگەیەنێ ئۆکسجینی زۆرتری پێویستە بۆیە خوێن زۆرتر دەبێ بگاتە مێشک
ئۆکسجینی زۆر لە مێشکدا ئەوە دەگەیەنێ چالاکیی زۆرتر و ژمارەی خانەکانی ناو مێشک زۆرتر بوون. ئەگەر ئۆکسجین تەنیا بۆ چەند چرکەیەک نەگاتە مێشک، ئە وکەسە دەبوورێتەوە. مێشکی هەموو مرۆڤێک نزیکەی ٧ میللی لیتر خوێنی لە هەر چرکەیەکدا پێدەگات. ئەو قەبارەیەی خوێن لەگەڵ نووستن، بە ئاگابوون، ڕاهێنانەکانی بیرکاری یان هەر کارێکی دیکەدا، زۆر ناگۆڕێ. ئەو خوێنەی دەگاتە شوێنی درککردن لە مێشکدا، مێشکۆڵەیش بە دوو خوێنهێنی سەرەکیدا دێ، یەکیان لە لای چەپە و ئەوی دیکە لە لای ڕاست. تیرەی ئەو دوو خوێنهێنە لەگەڵ بەکارهێنانی خوێن، پێوەندی ڕاستەوانەیان هەیە. واتا، بەکارهێنان زۆر بێ دەبێ تیرەکە گەورەتر بێ. گۆڕانیش لە پێویستی خوێن واتای گۆڕانە لە بەکارهێنانی ئۆکسجین
بە پێوانەکردنی تیرەی هەر خوێنهێنێکی لەش، دەتوانین بزانین چەند ئۆکسجین دەگەیەندرێتە هەر ئەندامێک، بە هەمان شێوە بۆ مێشکیش هەر دەتوانین بزانین. ئەوە کارێکی گەلێک ئاسانە و نزیکەی ١٠٠ ساڵە مرۆڤ ئەوە دەزانێ. کەواتە ئەگەر ئەو خوێنهێنە بە ئێسقانێکدا تێبپەڕێ، ئەوا تیرەی ئەو کونەی سەر ئێسقانەکە تەواو وەکو تیرەی خوێنهێنەکەیە. کەواتە قەبارەی ئەو کونەی لە بن کەللەسەری هەر مرۆڤێکی کۆن و نوێدا هەیە، نیشانمان دەدات چەند خوێن بۆ مێشکی ئەوان و ئێمە گەیشتووە و دەگات. گۆڕان لە فراوانبوونی ئەو کونەی بن کەللەسەر واتای گۆڕانە لە قەبارەی مێشک
بە گەڕانەوە بۆ کەللەسەری مرۆڤی کۆن لە مۆزەخانەکانی ئوسترالیا و ئافریقای باشوور و پێوانەکەردنی قەبارەی ئەو کونەی لە بن کەللەسەرەکاندا هەیە، بینرا قەبارەکە لە نێوان ١٢ جۆری جیاجیای مرۆڤی کۆندا لە ماوەی ٣ ملیۆن ساڵی ڕابردوودا زۆر گەورە بووە. لەو کاتەی قەبارەی مێشک سێ ئەوەندە و نیوی لێهاتووە، قەبارەی کونی بن کەللەسەر ٦ ئەوەندە فراوان بووە. قەبارەی خوێنی گەیشتوو بۆ مێشک لە ١.٢ میللی لیتر بۆ ٧ میللی لیتر زۆر بووە. کەواتە، مێشکمان ٦ ئەوەندەی ئەوانەی بەر لە ٣ ملیۆن ساڵ تینووی ئۆکسجینە. دەکرێ ئەو تینوویەتییە لەبەر هەڵگیرسانی شۆڕشی درککردن بێ، چونکە ئێمە توانای درککردنمان بۆ پەیدا بووە. ئەو توانا نوێیەمان وزەی زۆری دەوێ
بۆ مێشکێکی پێشکەوتووی وەکو مرۆڤ ژمارەی خانەکان زۆر یان کەم وەک ئەوەی پێشبینی بۆ دەکرێ وایە. بەڵام ژمارەی گرێیەکانی نێوان ئەو خانانە لە چاو ئەوانەی بەر لە ٣ ملیۆن ساڵ، یەکجار زۆرترە، هەر بەراورد ناکرێ. چونکە مێشکی مرۆڤی تازە یەکجار لەوان چالاکترە هەر گرێیەک دوو خانە بەیەکەوە ببەستێتەوە دەبێتە ڕێڕەوی ناردنی زانیاریی بۆی، ئەو ناردن و ئاڵوگۆڕی زانیارییە لە ناو مێشک، بە وزە دەکرێ. بۆ مێشکێکی ٨٠ ملیار خانەیی و چەندین هەزار گرێی نێوان خانەکانی دروست کردووە، وزەی زۆرتری پێویست دەبێ
مێشکی مرۆڤ لە نێوان ٢٠-٢٥٪ی هەموو ئۆکسجینی مرۆڤ بەکاردەهێنێ بەرانبەر ٨-١٠٪ بۆ بوونەوارانی دیکە. شیردەری دیکە هەیە تەنیا ٣-٥٪ی ئۆکسجینی خۆی لە مێشکی بەکاردەهێنێ. کەواتە چەندی تواناکانی درککردن زۆر دەبێ ئەوەندە ئۆکسجینی زۆرتری پێویستە، واتا خوێنی زۆرتر. بەو جۆرە خوێنهێنی گەورەتری دەوێ. لە توێژینەوە لەسەر میشکی چەندین بوونەوەر و شیردەری دیکە دەبینرێ قەبارەی مێشک وەکو قەبارەی خوێنهێنەکان گەورەدەبێ. بەڵام لە مرۆڤدا قەبارەی خوێنهێن زۆر بە خێرایی زۆر بووە، بێ ئەوەی قەبارەی مێشک بەهەمان ڕێژە گەورە ببێ. ئەویش واتای ئەوەیە مێشک نەک تەنیا لە قەبارە بەڵکو لە چۆنیەتی کارکردنیشی گۆڕاوە
کەواتە باپیرەگەورەکانمان لە گەشتی ٣ ملیۆن ساڵەیاندا تا گەیشتە ئێمە، چەندی دەهات ژیرتر دەبوون. ئەو ژیربوونەیان وایکردووە خوێنی زۆرتر داوابکەن و ئەویش پێشکەوتنی زۆرتری دروستکردووە
سەرچاوە
https://theconversation.com/how-our-species-got-smarter-through-a-rush-of-blood-to-the-head-73856