٦٥ ساڵ ریفۆرم لە سعودستان

لە ٩ ی تشرینی دووەمی ١٩٥٣ شای سعودستان دەمرێ و دەسەڵات دەکەوێتە دەست شا سعودی چوارەم، لە ١١ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٣ لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ویلیس هانگین دەنووسێ "شای نوێ لە سعودستان دەیەوێ داهاتی نەوتی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی بەکاربێنێ". سعودی چوارەم بە مێشک کراوە و دنیا دیدەتر لە بابی (عبدالعزیزی دووەم)، ناو دێنێ

 

لە ١٢ ی حوزەیرانی ١٩٦٠، هەمان ڕۆژنامە لە نووسینی (دانا ئادامز شمیدت) باسی ناکۆکی لە نێوان خێزانی شاهانەدا دەکات، گوایە فەیسەڵی دووەم دەیەوێ دەستووری وڵات دابنێ و گۆڕانکاری بکات، بە ریفۆرمخواز ناوی دێنێ. لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٦٣ دانا ئادامز دیسانەوە لە نیویۆرک تایمز دەنووسێتەوە دەڵێ "جێنشین فەیسەڵ ریفۆرمی دەوێ، دەیەوێ چاکسازی کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەنجام بدا". ئەو دەستوورە تا ساڵی ١٩٩٢ لە سعودستان نەبوو!

١ ی تشرینی دووەمی ١٩٦٤ هەمان (ئادەم) دیسانەوە لە هەمان ڕۆژنامە دەنووسێتەوە، "شا فەیسەڵی دووەم تاکە کەسە لە وڵاتانی عەرەبی بتوانێ لە ڕووی عبدالناصر ڕاوەستێ، ریفۆرمەکانی شا فەیسەڵ گەواهیدەری ئەو توانایەن. فەیسەڵ هەموو دەسەڵاتی سعودستانی لەدەستە و بە کودەتایەکی بێ خوێن لە ئاداری رابردوو، دەسەڵاتی گرتە دەست". لە گوتارێکی دیکەیدا دوای تەنیا یەک هەفتە، هەمان ریفۆرم و چاکسازی باس دەکاتەوە

 

فەیسەڵی دووەم لە ٢٥ی ئاداری ١٩٧٥ دەکوژرێ و شا خالیدی دووەم دەبێتە شای سعودستان. ئەمجارە لە ٢٩ ی ئادار نێردەی نیویۆرک تایمز لە ریاز (جوان دی ئۆنیس) دەنووسێ: "لە سعودستان کۆمەڵە سەرکردەیەک دەسەڵات دەگرنە دەست، وەک شا فەیسەڵ تاکڕەو نین، ئەمجارە شا خالید بە ریفۆرمخواز ناو دەبات". لە دوو بابەتی جیایشدا لە ٤ ی نیسان و ٧ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٥ نیویۆرک تایمز باسی دامەزراندنی دەسەڵاتی پەرلەمانی و کردنەوەی قوتابخانەی شێوە ڕۆژئاوا، لە سعودستان دەکات. لە زمانی فەرمانبەرێکی باڵای ئەوکاتی شانشینی سعودستان دەنووسێ "شا، ئەنجوومەنێک لە بازرگانان، پیاوانی ئایین و سەرۆک هۆزەکان دروست دەکات، ئەوانە یاساکانی وڵات دادەڕیژن، تا خەڵکانی دەرەوەی خێزانی شاهانە لە بەڕێوەبردنی شانشیندا، بەشدار بن"

 

١٦ ی حوزەیرانی ١٩٨٢، نیویۆرک تایمز دەڵێ: "شا فەهد بن عبدالعزیز، لە ناو ئەقڵێکی پڕ لە دابونەریتی شاهانەدا، وەک پێشەوای چاکسازی و نوێخوازی وێنا دەکرێ ". لە سەردەمی شا فەهددا، جەنگی کەنداو بۆ ڕزگارکردنی کوێت ڕوویدا. لە ٦ی ئابی ١٩٩١ ڕۆژنامەکە دەنووسێ "جوڵاندنی هێزی ئەمەریکا بۆ ناو شانشینی سعودستان، ڕوناکیی زیاتر دەخاتە سەر چاکسازییەکان و نوێخوازی لە سعودستان، چاکسازیی حکوومەت و چاکسازیی دیکەی بواری سیاسیی". لە ١١ ی تشرینی دووەمی ١٩٩٢ نیویۆرک تایمز، هەمان پەیام دووبارە دەکاتەوە. لە ٧ ی هەمان مانگ و ساڵدا باسی ریفۆرمی حکوومی لە سعودستان دەکاتەوە و دەڵێ "شا فەهد دەیەوێ دەستوور لە وڵاتدا هەبێ"

 

لە ٢ ی ئاداری ١٩٩٢ هەمان ڕۆژنامە قەوانەکە دووبارە دەکاتەوە، دەڵێ " شا فەهد لەسەر ڕێبازی چاکسازیی ئەوانەی پێش خۆی دەڕوا، وەک ئەوەی شا عبدالعزیز بەر لە ٦٠ ساڵ کردی، هۆزە ناکۆکەکانی یەکخست و خاکی زۆری بۆ سعودستان دابین کرد"

 

٤ ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٠، سوزان ساچس دەنووسێ: "جێنشین شازادە عبدالله چاکسازیی دەوێ، کەلێنی نێوان توێژێکی تەنکی خێزانی شاهانەی دەوڵەمەند و ٢٢ ملیۆن سعودی گەورە دەبێ. تەنیا ٥٪ ی ئافرەتی سعودستان کار دەکات. ڕیژەی بێکاریش گەیشتووەتە ٣٥٪. شازادە عبدالله دەیەوێ سعودستان بە ڕووی دەرەوەدا بکاتەوە"

 

٢٧ شوباتی ٢٠٠٢، تۆماس فرێدمان دەنووسێ: "یەک وڵات دوو ئاییندەی هەیە. سعودستان یان بەرەو کرانەوە و ریفۆرم دەڕوا، یانیش، لەبەریەک هەڵدەوەشێ. ٥٠ هەزار شازادە بەردەوام لە داهاتی نەوت فرۆشتن بەشیان هەیە. ٤٠ هۆزی جیا لە سعودستان هەیە. سیکۆتینەکەیان نامێنێ. بەڵام دوای ٥ ساڵ لێم بپرسنەوە ئاییندەی سعودستان بەرەو کوێ دەڕوا". ٩ ی ئاداری ٢٠٠٣ هەمان تۆماس دەنووسێ: "پێویست نییە ٥ ساڵ چاوەڕوان بین. داگیرکردنی عێراق ریفۆرم بۆ هەموو وڵاتانی عەرەب و موسوڵمان دەهێنێ". ٢ ی ئابی ٢٠٠٣ ئەمجارە تۆماس دەڵێ : "لەسەر خاکێکدا، وابەستەبوون بە دابونەریتەکان میرخاسییە، شا عبدالله خۆی بە جلوبەرگی ریفۆرم داپۆشیوە. بەڵام پابەندبوون بە بەڵێنە کۆنەکان بۆ گۆڕان، چالێنجە"

 

هەر خۆی (تۆماس فرێدمان) لە ٢٦ی نیسانی ٢٠٠٧ دەنووسێ: "شا عبدالله هەڵمەتێکی بۆ گۆڕان دەستپێکردوە، سەرتۆپی گفتوگۆی گەلە، بەرنامەی نوێ دادەڕێژێ و دەیەوێ زمانی چاکسازیی بڵاوبکاتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٥ هەڵبژاردن بۆ نیوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەکان کرا، نیوەکەی دیکە حکوومەت دایاندەنێ. شا عبدالله بەشێکی گرنگی دەستووری گۆڕی، لەمەودوا پیاوانی گەورەی خێزانی شاهانە دەتوانن جێنشین هەڵبژێرن.". لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧، ثاناسیس کامبانیس دەنووسێ: " شا عبدالله زانکۆیەک بە ١٢ ملیار دۆلار دادەمەزرێنێ، سەرەڕای ئاستەنگەکان شا دەیەوێ ئەو زانکۆیە نیشانەی نوێگەریی بێ"

 

رۆبەرت ۆرث لە ١٤ی شوباتی ٢٠٠٩ دەنووسێ: "گۆڕانکاری لە حکوومەت دەکرێ چاکسازیی بێ". ٢٥ ی مانگیش دەنووسێ: "دوای چوار ساڵ لە کۆتاییدا شا عبدالله ئامادەی چاکسازییە. یەکەم ئافرەتی وەک بریکاری وەزیر دامەزراند !". ٢ ی ئاداری ٢٠٠٩ دەنووسێ " کارنامەی چاکسازیی تەوژمی زۆری بە شا داوە". ١٩ی ئایاریش ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێ :" شایەکی ریفۆرمخواز لە ناو پێکهاتەیەکی دژە ریفۆرم و داخراو بە ڕووی ڕیفۆرمدا" .لە ٣١ی تشرینی دوومی ٢٠١٠ ڕۆژنامەکە دەڵێ: "دەسەڵات لە سعودستان لەگەڵ ریفۆرمخوازاندایە". ١٩ی ئابی ٢٠١٢ دەڵێ " شا فەیسەڵی دووەم لە ساڵانی ٦٠ وەک ریفۆرمخواز تەلەفزیۆنی دامەزراند، بۆیە کوژرا"

 

٣٠ تشرینی دووەمی ٢٠١٣، دیسانەوە تۆماس فرێدمان شا عبدالله بە پێشکەوتنخواز ناو دەهێنێ و شۆڕشی تویتەر لە سعودستان باس دەکات

 

ڕۆژنامەکە لە ٢٢ کانوونی دووەمی ٢٠١٥ دەڵێ: "چاکسازێکی بە ئاگا لە ناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ گۆڕانکاریی"، لە ٢٨ی نیسانی ٢٠١٦ نیویۆرک تایمز ئەمجارە دەڵێ "شۆڕشی ئابووری سعودستان سەرنجی سەرسووڕهێنەر بۆ ریفۆرمی زۆرتر دەگەیەنێ".

لێرە بەدواوە شازادە محمد بن سەلمان دەردەکەوێ

 

لە یەکەم گوتاردا لە ساڵی ١٩٥٣ تا دەگاتە سەردەمی شازادە و جێنشین محمد بن سەلمان (جارێ شا نییە) ٦٥ ساڵ بەسەر ئەو بەزمەدا تێپەڕێ، نیویۆرک تایمز هەر قەوانی ریفۆرم و چاکسازیی لێدایەوە، هیچیش نەگۆڕا. تا محمد بن سەلمان نەهات، هەرچی کردوویانە گاڵتەجاڕی و هەڵخەڵەتاندن بووە. چۆن رۆژنامەیەکی ئاوا بەناوبانگ توانی ٦٥ ساڵ لەسەر هەمان ئاواز بخوێنێ و خۆی بە تەنیا سەما بکا!؟


سەرچاوە 

https://www.jadaliyya.com/Details/34727/Seventy-Years-of-the-New-York-Times-Describing-Saudi-Royals-as-Leading-Reform?fbclid=IwAR25ktPLg1oWDGzNqTr1De7wXRls_pedN63o6yvaPXYFrD-NBvL4psHHEm8