لوبنان ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی سیستەمی بانکی خۆی دەبێتەوە، قەیرانێک نیوەی لوبنانی بەرەو هەژاریی بردەوە. ئەوانەی لەو قەیرانە قووڵەی لوبنان بەرپرسیارن کۆمەڵێک سیاسەتوانی مەزهەبین، کە لە دوای شەڕی ناوخۆی لوبنان لە ساڵی ١٩٩٠ەوە ئابووری لوبنانیان تەپاندووە.سەرەڕای ئەوەی قەرزەکانی ١٥٠٪ی کۆی گشتیی داهاتی لوبنانە و لە بەرزترین ڕێژەکانی قەرزە لە جیهاندا. وڵاتیش جگە لە پەنابەر هیچی نەماوە هەناردەی دەرەوەی بکات
تەقینەوەی لەو جۆرەی قەیرانی دارایی لە لوبنان چاوەڕوانکراو بوو. هەندێ ئابووریناسان پێیان وابوو خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵیی لە لوبنان جۆرێک لە (نەخشەی پۆنزی)ە و دەوڵەت ڕێکی دەخا. نەخشەی پۆنزی بە ناوی ئەو کابرایەوە ناونراوە لە نیویۆرک پارەی لە خەڵک وەردەگرت و قازانجی زۆری دەدانێ، وردە وردە خەڵک لە خشتە دەبرێ و پارەی زیاتر دێتە ناو سیستەم، هەندێک لەو پارە تازانە وەک قازانج بەسەر بەشداربووە کۆنەکاندا دابەش دەکرێ و ئاوا گەورە دەبێ تا دەتەقێتەوە
لە لوبنان، بانکی ناوەندیی دۆلاری ئەمەریکایی بە قەرز لە بانکە نێوخۆکان وەردەگرت و قەرزی دەرەوەی پێ دەدایەوە. ئەو کارەی بانکی ناوەندی بە نرخێکی جێگیر دۆلاری بۆ لیرەی لوبنانی دەگۆڕیەوە. هەر دۆلارێک بە ١٥٠٠ لیرە بوو. بۆ ماوەی سی چل ساڵ ئاوا مایەوە. ئەو نرخە بەرز بوو، بۆیە ملیۆنان لوبنانی پارەیان لە بانکە نێوخۆیەکان دانا، پێش ساڵی ٢٠١٩ سەکتەری بانک سەلامەتترین سەکتەری لوبنان بوو. سەردەمی دوای شەڕی ناوخۆ، بە یارمەتیی دەرەکیی و گەشت و گوزار و پاڵپشتی وڵاتانی کەنداو گەشەی سەندەوە. چەند ملیار دۆلارێک لە لایەن وڵاتانی کەنداوەوە لە بانکی ناوەندیی لوبنان دانرا، مەبەستی سەرەکی لەوەدا کەم کردنەوەی هەژموونی ئێران لە سەر حیزبوڵڵای لوبنان، بوو
لە شەری سوریادا حیزبوڵلا لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە، بەهێزتر بوو. سعودستان و هاوپەیمانانی یارمەتییەکانیان بۆ لوبنان کەم کردەوە. کەنداو لوبنان وەک ژێردەستەیەکی ئێران دەبینن. سعودستان هەمیشە دەستکەوتی نەوتی خۆی بۆ ڕکابەری ئێران بەکارهێناوە. لەو پێناوەدا بانکی ناوەندیی و سوپای بەهێز کردووە. تا ساڵی ٢٠١٦ کاتێک نرخی نەوت تەواو دابەزی، سعودستان باوەڕی بەوە هێنا هەموو یارمەتییەکانیان بۆ لوبنان بە بادا دەڕوا. ئەو کاتە حیزبوڵلا جێ پێی خۆی لە ناو سوپا و دەزگە ئەمنییەکاندا قایم کردبوو، دەنگیشی لە ناو ئەنجوومەنی وەزیراندا پەیدا بووبوو
وەک یارمەتییەکانی وڵاتانی کەنداو، ناردنی پارەی دەرەوە بۆ ناو لوبنانیش دابەزی، بۆیە وای لە بانکەکان کرد قازانجی زیاتر بۆ ئەوانە بدەن پارە لە بانکەکاندا دادەنێن. ناردنی پارە لە لایەن لوبنانی و تەنانەت بیانییشەوە زۆر زیادی کرد. بە دوایدا، بانکی ناوەندی قەرزی زۆرتری بە دۆلار لە بانکەکانی ناوخۆ کرد، تا قەرزە دەرەکییەکان بداتەوە و هاوردەکانی پێ بێنێ. گومان هەڵناگرێ ئەو بارە هەر دەڕووخا
لەبەرئەوەی بانکەکان سێ چارەگی پارەکانیان بە قەرز دابووە حکوومەت، مایەپووچ بوون. خاوەنی ئەو بانکانە خێزانە دەسەڵاتدارە مەسیحییەکان و سوننەکانی لوبنانن. لە کۆتادا پارەکانی حکوومەت یان دزران، یانیش، درایە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی کە هەمووی سەر بە لایەنە حزبییەکانن. لە ساڵی ٢٠١٩ هەموو لوبنان دەیزانی وڵاتەکەیان لە لێواری داڕمانە. ئینجا دەسەڵاتداران بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی، ویستیان باج لەسەر جگەرە، نەوت و ئاپەکانی چات کردن (وەکو واتساپ، تیلیگرام ...هتد) دانێن. ئەو ئاپانە تاکە ئامرازی پێوەندی لوبنانییەکان بە خزم و دۆستیان لە دەرەوەی لوبنان، بوو. بۆیە لوبنان هەمووی ناڕاەزایی دەربڕی و هاتە سەر شەقام تا حکوومەتیان ڕووخاند
دەم و چاوە کۆنەکان هێشتا چنگیان بە دەسەڵاتدا کردووە، هەر خێرا حکوومەتێکی دیکەیان پێکهێنا. بانکەکان ڕێنوێنی نوێیان دەرکرد، وای کرد خەڵک دەستی بە پارەی دۆلاریان لەو بانکانەدا، نەگات. بەڵام هەمان ڕێنوێنی لەسەر دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار جێبەجێ نەدەکرا. بە پێی خەمڵاندنی چاودێرانی نێودەوڵەتیی، لە ساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی ١٧ ملیار دۆلار لە لوبنانەوە بۆ بانکەکانی دەرەوە نێردراوە. حکوومەتی لوبنانیش دەڵی ١٦ ملیاریش لە ٢٠١٩ نێردراوەتە دەرەوە. لەو کاتەی خەڵک ململانێی مان و نەمانی دەکرد، بڵاوبوونەوەی کۆرۆناو دواتریش تەقینەوەی بەندەری لوبنان چەندین خێزانی لەبەریەک هەڵوەشاند. بە تەقینەوەکەیش حکوومەت دەستی لەکار کێشایەوە
لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە لیرە ٩٠٪ی بەهاکەی لەدەست دا. سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی هەوڵی زۆری لەگەڵ سیاسەتوانە کەللە ڕەقەکان دا، وڵات لە داڕمان دەرباز کەن. لە نیسانی ٢٠٢٠ سندووقی دراو پلانێکی دانا، بەو پێیە ٩٠٪ی پارەی خەڵکی لە بانکەکان دەپاراست، بەڵام سیسەتوانەکان، بانکەکان و بانکی ناوەندیی لوبنانیش، رەتیان کردەوە. هەندێک سیاسەتوان دەشیانگووت، وڵات دانەڕماوە و مایەپووچ نابێ
سندووقی دراو دەیگوت لوبنان ٩٠ ملیار دۆلار قەرزدارە، کەچی لیژنەی پەرلەمان بۆ گەڕان بەدوای ڕاستییەکاندا گوتی ناگاتە ٤٥ ملیاریش. ئەوەی قوڕەکەی خەستتر کرد، هیچ کام لە بەشداربووانی دروست کردنی قەیرانەکان، کڕیارانی بیانیی سەنەدی حکوومەت و حکوومەت خۆیشی، لەسەر چۆنییەتی دابەشکردنی زیانەکان ڕێکنەکەوتن. بە بۆچوونی سندووقی دراو، قەیرانی لوبنان لە ساڵی ١٨٥٠وە سێیەمین خراپترین قەیرانی داراییە، تەمبەڵیی و بێباکیی سیاسەتوانان ئەنجامی دەدا. قەیرانی سیاسیی وڵاتیش ڕێی لە هاوکاریی دەرەکیی گرتووە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، بە لانی کەم ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری هاوکاریی لە ئەنجامی گۆڕینەوەی دۆلار بۆ لیرەی لوبنانی لە بانکەکاندا ، زیان بووە. ئاوارە و هەژارانی لوبنان زۆرترین قورساییان کێشاوە
ئۆلیگارشەکانی یەمەن، سوریا و عێراق سەدان ملیۆن دۆلاریان لە بانکەکانی لوبنان سڕ بووە. لەگەڵ ئەوەیشدا، شارەزایان دەڵێن چاوەڕێی خراپتر بن. تا ساڵی داهاتوو لوبنانییەکان تەنانەت خواردنە سەرەکییەکانیان پێ ناکڕدرێ. هاوردەکاران (گرووپێکن هەموویان بە سیاسەتوانانەوە بەستراون) دەستیان بە کەمێک دۆلاری بانکی ناوەندیی دەگات. نەبوونی سووتەمەنیی، تۆڕەکانی ئینتەرنێت و مۆبایل دەکوژێنێتەوە
بە کورتی، بۆ ژیانیان، زۆربەی لوبنانییەکان پشت بە یارمەتی دەرەکیی دەبەستن. لەگەڵ ئەوەیشدا چینی سیاسەتوانان دەست لە کاری ڕێکخراوەکانی ناحکوومیش وەردەدەن. ڕەنگە داوا بکەن هەرچی یارمەتیی دەرەکی بە دۆلار هەیە لە ڕێگەی بانکەکانی خۆیانەوە بێتە ناو وڵات. یان فشار بخەنە سەر ڕێکخراوەکان تا کار لەگەڵ ئەو کۆمپانیا و لایەنانە بکەن لە خۆیانەوە نزیکن
بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەژاریی و لە پێناو پارووی ژیان، تاوانەکان زۆر دەبن. لوبنانییەکان پەنا بۆ یارمەتییەکانی لایەنە سیاسییەکان دەبەن. بە خۆ قایم کردنی زۆرتری چینی دەسەڵاتداری لوبنان، ئەستەمە بێتە خەیاڵت لوبنان بەرەو دۆزەخ هەنگاو نانێ
سەرچاوەکان:
https://www.synaps.network/post/lebanon-uprising-revolution-loyalists-parties-ar