لە هەزارەی چوارەمی بەر لە زایین، جارێ گڵسازیی دەرنەکەوتبوو، سەرەتای دروستکردنی ئامرازی کانزایی بوو. هەر ئەو کاتە بوو کۆمەڵگەی پلەبەند دەرکەوتوون. لە سەردەمانی دوواتردا، ئەو پلەبەندییەی کۆمەڵگەکان پێوەندی بە کۆنتترۆڵکردنی دەستبژێرێکەوە بووە بەسەر دەستی کار و ڕێگەکانی بازرگانییکردنیان. هەندێ توێژەر پێیان وایە هۆکاری کۆچکردن لەو سەردەمەدا بۆ دەرکەوتنی بازرگانیی کانزاکان بووە و سیستەمێکی جیهانیی چەند ناوچەیەکی بۆ کاتی جیاجیا گرتەوە، تێیدا دەسەڵاتەکان لە چەقێکدا کۆبووبوونەوە. لە گەرمترین مشتومڕەکانی ئەو بابەتە بڵاوبوونەوەی کەلتووری ئوروکە، لە نیوەی دووەمی ئەو هەزارەیەدا دەسەڵاتی گەیشتبووە باشووری ئەناتۆلیا و میسۆپۆتامیای گەورە لە ئارادا بوو
لە سەردەمەکانی پێش دەرکەوتنی گڵسازییدا، پێوەندییەکانی ناوەوەی میسۆپۆتامیا هەر هەبووە، کانزاسازیی هۆکاری ئەو پێوەندییە نەبووە. هەرچەندە چەندان ئامرازی کانزایی ئەو سەردەمە دۆزراونەتەوە، بەڵام لە نێوان ساڵانی ٤٠٠٠ تا ٣٥٠٠ پێش زایین زۆربەی هەرە زۆری ئەو بابەتانەی لە کانزا دروست دەکران، بۆ مەبەستی جوانیی و دەرخستنی دەسەڵات و دەستەبژێریی، بووە. ئەو بابەتانە بۆ کاری ڕۆژانە و بەکارهێنانی ڕۆژانە نەبوون. زۆربەی چەکەکانیش لە شوێنی ژیان، گۆڕی موردووەکان یان ڕێوڕەسمی دەستەبژێرەکان دۆزراونەتەوە
لە تەک دەرکەوتنی زێڕ، زیو و هێندێک تێکەڵەی دیکە کە زەرنیخیان زۆر تێدایە (دەکرێ بۆ بریقەدانەوە و ڕەنگی جوان بووبێ)، بەڵام لە هەموویان بڵاوتر مس بووە، زۆربەی جار لەگەڵ زەرنیخ ئەویش بە زۆری نیکڵ و قورقوشم پێکەوە، تێکەڵکراوە. ئەو تێکەڵانە کانزاسازیی ئاسان و بەرهەمەکانی جوانتر کردن. سەرچاوەکانی دەستکەوتنی مس لە چیاکانی زاگرۆس، قەوقاز، ئارارت، تا دەگاتە بەرزاییەکانی ئێران، گەرووی فارس و تەنانەت لە بیابانەکانی ڕۆژهەڵاتی میسریش، زۆر بوون. جگە لەوەی لە شارەکانی میسۆپۆتامیا کەمێک بابەتی کانزایی هەبوون، بەڵام لە کۆتایی هەزارەی چوارەمی بەر لە زایین، لەو شوێنانەی نزیک سەرچاوەکان بوون، گەیشتە ترۆپک
لە ئەرسلان تەپە، لە دەشتی ماتالانی باکووری کوردستان چەندین پارچەی ماددەی خامی کانزاکان دۆزرانەوە، هەر لەوێ شوێنی تایبەت بۆ تواندەوەی ئەو خامانە دۆزرایەوە. دواتر گەڕانەکان ژوورێکی تایبەتییان بۆ تواندنەوە و ئامرازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ کانزاکان کە تەمەنیان بۆ ٣٠٠٠ بەر لە زایین دەگەڕایەوە، دۆزییەوە. ئامرازەکان بریتی بوون لە قالب و دەفری قووڵی دەم لوولەیی بۆ تێکردنی کانزا تواوەکان بۆ قاڵبەکان، بەکارهاتوون. ئەو دۆزراوانە دەسیلەمێنن تا ساڵانی نێوان ٢٨٠٠ بۆ ٢٧٠٠ بەر لە زایین قاڵبی/پارچەی مس بۆ ئەرسلان تەپە گوازراونەتەوە و بابەتیان لێ دروست کراوە
هەرنەبێ تا ساڵانی ٢٦٠٠-٢٥٠٠ پێش زایین بابەتاکان بەهایەکی گەورەیان وەکو نرخ، نەبووە. بەڵام بۆخۆ هەڵکێشان و واتای هێمایی بووە و بەهای کۆمەڵایەتیی هەبووە. ئەویشیان لەگەڵ دەرکەوتنی کۆمەڵگەی پلەبەند و سیاسیی، هاوتەریب بووە. بەڵام جارێ کانزاسازیی نەبووبووە ئابووری سیاسیی و دەزگەکانی دەوڵەت دەستیان بەسەردا نەگرتبوو. تەنانەت لە هەردوو دەوڵەتی ئەکادی و ئاشووری، هیچ بەڵگەیەک نییە کانزاسازیی ببەستێتەوە بە دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتانەوە. تا سەرەتای هەزارەی سیێەمی بەر لە زایین، پیشەسازیی دروستکردنی ئامرازەکانی ژیانی ڕۆژانە لە بەرد، هەر بەربڵاو بوو. تا نیوەی ئەو هەزارەیە، ئامرازە بەردەکان هەر گرنگ بوون
لەوانەیە هۆکاری سەرەکیی باڵكێشانی کانزاکان لە ژیانی ڕۆژانەدا ئەوەیە لە دروستکردنی چەکەکاندا کاریگەرتر بوون. دواییش کاریگەریی زۆرتر بە دەرکەوتنی ماددەی تەنەکە/قەڵایی بوو. ژینگەی کارکردنی باشتر کرد و چۆنییەتیی/کوالیتی بەرهەمەکانی بەرزکردەوە. لەبەرئەوەی سەرچاوەکانی کەم بوون، بۆیە ڕێککەوتنی سیاسیی و بازرگانیی لەسەر دەکرا. تەنیا لە نێوان ساڵانی ٢٦٠٠ تا ٣٥٠٠ بەر لەزایین نیشانەکانی بازرگانیی کانزاکان دەرکەوتوون. لە سەرەتای هەزارەی دووەمی بەر لە زایین نێردەی بازرگانیی و داگیرکاریی بازرگانیی، پەیدا بوون
بەشیوەیەکی گشتیی، هەموو بابەتە کانزاییەکانی لە پێش دەرکەوتنی میسۆپۆتامیا و دواییش لە شارە گەورە و بە دەسەڵاتەکانی ئەو کاتەی میسۆپۆتامیادا، بۆ نیشاندانی دەسەڵات و هەژموون بووە، دەسەڵات و هەژموون لە ناو کۆمەڵگەیەکی پلەبەند تێیدا بەرەبەرە دەسەڵات لە چەقدا کۆدەبووەوە و دەوڵەت و بەڕێوەبردنی کاری ڕۆژانە لە دەستەبژێرێکی کۆمەڵگەدا چڕ دەبووەوە. پاڵنەری کردنەوەی رێگەکانی بازرگانیی و پیوەندی توندتری سیاسی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دەرەوەی میسۆپۆتامیا، بووە
لە ئەرسلان تەپە، پێوەندییەکانی ئەو شوێنە لەگەڵ خێڵە کۆچبەرەکانی بە دەشتاییەکانی ئەنادۆڵ و لە بەرزاییەکانی قەوقازەوە دەهاتن و دەچوون و باری مس و کانزای دیکەیان پێبوو، تا دەهات توندوتۆڵتر دەبوو. ئەو بەردەوامییەی دەستکەوتنی کانزاکان بەردەوامیی دەدا بە پیشاسازیی کانزاسازیی و تا دەهات بابەتی نوێ دەردەکەوتن. لەوێشەوە بەرەو شارە بەدەسەڵاتەکانی میسۆپۆتامیا دەنێردران
سەرچاوە
https://www.researchgate.net/publication/322752201