مرۆڤی کۆن (هۆمۆلۆنگی)

لە کاتی دروست کردنی پردێک لە ساڵی ١٩٣٣، هەندێ ئێسک و پروسک لە نزیک شاری (هاربین) لە دەم ڕووباری سۆنگووا لە چین، دۆزرایەوە. ئێسک و پروسکەکە هی پیاوێکی ٥٠ ساڵی بێ چەناگە بوو و زۆر باش مابوو. ئەوکات، شوێنەوارناسانی وەگیر هێنابوو، سەرەودەریان لێ نەدەکرد. چونکە ئاکار و قەبارەی لەوانەی مرۆڤ نەدەچوو


کەللەسەر و ددانەکانی زۆر گەورەبوون، لەوانەی هیچ بوونەوەرێکی دیکە نەدەچوو. بۆشایی چاو لە ناو کەللە سەرەکە زۆر گەورە بوو، سەر برۆکان ئەستوور و دەرپەڕیو بوون. دەمێکی گەورە و ددانی قەبەی هەبوو. بۆشایی کەللەی سەری وەک ئەوەی ئێمە وایە، نزیکەی ١٤٢٠ میلیمەتر سێ جایە. لە گەورەییدا نزیکە لەوانەی نیاندرتال و هۆمۆسێپیان، لە چاو قەبارەی ناو کەللە سەری مۆرڤی هۆمۆئیریکتەس، هۆمۆ نالیدی و هۆمۆفلۆریسێنسیس، و تەنانەت لە چاو هۆمۆهایدڵبێکسیسیش، گەورەیە. ئەو دۆزینەوەیە لەو کاتەوە تا ئێساتا مایەوە. توێژینەوەیەکی چڕ و پڕی لەسەر نەکرا. چونکە نەدەزانرا چییە


توێژینەوەیەکی نوێ لە لایەن تیمێکی چینی، ئوسترالی و بەریتانی لەسەر ئەوەی ساڵی ١٩٣٣ دۆزاوەتەوە لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١ بڵاوکرایەوە، لەو توێژینەوەیەدا گەیشتوون بە ئەنجامی ئەوەی ئەو مرۆڤە و کۆمەڵەکەی ئەو کاتە لەگەڵیدا ژیاون، خوشک و برای مرۆڤی هۆمۆسێپیانن. واتا هەردووکمان باب و باپیرانمان یەکە


بە پشکنینی یۆرانیۆم دەرکەوت ئەو ئێسک و پروسکانە ١٤٦ هەزار ساڵ کۆنن. هۆمۆلۆنگی ئێستە جێی خۆی لەناو نەخشەی مرۆڤە کۆنەکاندا کردەوە. دیاریکردنی پێوەندی لە نێوان جۆرەکانی مرۆڤ لە گەورەترین گرفتەکانی شوێنەوارناسانە. لە ساڵانی دواییدا، پشکنینەکانی دی ئێن ئەی زۆر لە تێگەیشتنە کۆنەکانی گۆڕیوین. ئێستە زانیاریمان هەیە لە چیدا لەگەڵ کام جۆری مرۆڤ لەیەک دەچین و لە چیشدا لەگەڵ کام جۆر جیاوازین. بەڵام ئەگەر دی ئێن ئەی نەما (لە پاشماوە زۆر کۆنەکاندا - سەروو ١٥ هەزار ساڵ- نامێنێ) ، ئەوا لێکچوون و جیاوازی کەللەسەرەکان، شوێنی دۆزینەوەیان و ئاکارەکانی دەم و چاو، بەڵگە و زانیاریمان دەدەنێ


تیمە توێژەرەوەکان، هێڵی هۆمۆلۆنگی لە ناو هێڵەکانی مرۆڤی کۆن دانا و پێوەندیشی لەگەڵ هۆمۆسێپیان نیشان کرد. هێڵەکەی تیمی هاربین، بە بەراورد لەگەڵ ٩٥ نموونەی جۆرەکانی دیکەی مرۆڤی کۆن، دانراوە


توێژینەوەکە دەشڵێ پێنچ دۆزینەوەی دیکە، کە پێشتر لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای چین دۆزرابوونەوە، سەر بە هەمان جۆری مرۆڤن (واتا هۆمۆلۆنگی). بەپێی ئەو هێڵە بێ، هەردوو جۆری هۆمۆلۆنگی و هۆمۆسێپیان بەر لە ٩٥٠ هەزار ساڵ هەمان باوانیان هەبووە. بە هەمان شێوە، هەردووکیشمان لەگەڵ نیاندرتاڵ بەر لە ١ ملیۆن ساڵ، هەمان باوانمان هەبووە

تا ئێستە وا دەزانرا، نیاندرتال نزیکترین خزمی ئێمەیە، بەڵام هەردوو دۆزینەوەی چین و ئەوەی ئیسرائیلیش (هۆمۆرەملە - دواتر باسێکی لەسەر بڵاو دەکەمەوە) نیشانی دەدات لە نیاندرتال نزیکتر بۆ ئێمە، هەبووە. پێشتر بەراوردی ئێمە لەگەڵ نیاندرتال دەکرا، ئێستە ئەوە گۆڕا. لەگەڵ ئەوەیشدا تا ئێستە چەند گرفتێک ماوە. پێشبینی ئەوەی کەی باوانمان لەگەڵ هۆمۆلۆنگی یەک بووە، لەگەڵ دۆزینەوەکان و پشکنینەکانی دی ئێن ئەی باش یەک ناگرنەوە. بۆ نموونە: ئەم توێژینەوەیە دەڵێ هۆمۆسێپیان ٤٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئاسیا و ئەوروپا بڵاوبوون. بەڵام هیچ شوێنەواری هۆمۆسێپیانمان نییە لە ٢٠٠ هەزار ساڵ کۆنتر بێ. لێرە جیابوونەوەمان لەگەڵ نیاندرتال بە ١ ملیۆن ساڵ دادەنێ، کەچی دی ئێن ئەی زۆر لەوە درەنگتر نیشان دەدا


ئایا چەند ئەو زانیارییانەی لەو توێژینەوەیەدا هاتووە لەگەڵ کات خۆیان دەگرن، جارێ دیار نییە. بەڵام زانیاری وردیشی لەسەر بڵاوبوونەوە و تێکەڵ بوونیان لەگەڵ نیاندرتال و هۆمۆسێپیان، بۆ وەچە خستنەوە، تێدایە. هەرنەبێ ئێستە زانیاری تەواومان لە بارەی هۆمۆلۆنگی هەیە و دەزانین لە ئاسیا ژیاوە. پێدەچی ڕەچەڵەکی ئەویش هەر ئافریقا بێت

جاران زۆربەی سەرنج لەسەر دۆزینەوەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئەوروپا بوو، ئەوەیشیان گۆڕا. ئێستە ئاسیا بووەتە چەقی دۆزینەوە و توێژینەوەکان


سەرچاوە

https://bigthink.com/surprising-science/homo-longi-extinct-human-species

https://www.cell.com/action/showPdf?pii=S2666-6758%2821%2900055-2

https://www.nationalgeographic.com/science/article/dragon-man-fossil-skull-may-represent-new-human-species-in-china