کۆلۆنیا دیگنیداد (شاری شکۆ – کەرامەت)

ئەگەرچی جەنگی ساردی سەدەی ڕابردوو پێوەندییەکانی نێوان وڵاتانی بەهێزکرد و ترسی جەنگی ئەتۆمی ڕەواندەوە، بەڵام لە ململانێی نێوانیاندا چاوپۆشیی لە سەدان تاوانی گەورە و چەپەڵ کراوە. ئەمەریکا و سۆڤیەت هەموو شتێکیان قبووڵ بوو تەنیا شکانەوەی وڵاتێک بەلای ئەوی دیکەیاندا نەبێت. ئەوەی ڕژێمەکەی ئەگۆستۆ پینۆشیە لە چیلی (شیلی) لە نێوان ١٩٧٣ تا ١٩٩٠ دەیکرد لە ڕاوەدوونان، زیندانیکردن، ڕەشبگیری، رەشەکوژی، ئەشکەنجەدان و کوشتن، لە هیچ لایەکیان شاراوە نەبوو بە پاڵپشتی دەزگەی هەواڵگریی  ئەمەریکا، پینۆشیە بە کودەتای سەربازیی دژی سەرۆکی سۆشیالخواز و هەڵبژێردراو سەلڤادۆر ئەلێندی هاتە سەرکار. هەر زوو دەستی بە پاکتاوکردنی شیوعیەکان کرد، سەرەتا دژبەرانی پینۆشیەیان پاکتاو کرد. ئینجا دارودەستەکەی دڕندەئاسا کەوتنە گیانی میللەت، ڕژێمە دیکتاتۆرەکەی پینۆشیە بەلانی کەمەوە ٤٠ هەزار زیندانی هەبووە، ٤٠ هەزاری دیکە لە وڵات دەرکران یان ڕایانکرد، زۆربەیان بەرەو ئەرجەنتین دەرچوون 


پۆڵ شایفەر لە ئەڵمانیا قەشە دەبێت، لەسەر گێچەڵی سێکسی بە منداڵان لە ناو کڵێسادا، دەردەکرێ، هەرلەوێ دیارە نەخۆشی دەروونی قووڵی هەیە. لە ساڵی ١٩٥٣ دەزگەی هاریکاریکردنی منداڵان دەکاتەوە، دیسان هەمان تۆمەتی لەسەر دەبێ بۆیە ڕادەکات، پێوەندی بە باڵیۆزی چیلی لە ئەڵمانیا دەکات و ئەویش داوای لێدەکات بەرەو چیلی بڕوات. لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو دەچێتە ژێر کاریگەری قەشەی ئەمەریکایی ویلیام برانهام (برانهام دوای جەنگی جیهانی دووەم باوەڕی بە تازەکردنەوەی پەیامی مەسیح هەبوو، خەڵکی زۆری لێ کۆ بووەوە، واهی لێهات خۆی بە پەیامبەر ناونا. گەلێکیش دژە شیوعی بووە).


شایفەر بەرەو چیلی دەڕوات و لە ساڵی ١٩٦١ بۆ یەکەم جار لە چیلی دەردەکەوێ. بە پاڵپشتی سەرۆکی پارێزەر (محافظ) لەوێ کۆمەڵگەیەکی بۆ دەکەنەوە تا خۆی و شوێنکەوتووانی (نزیکەی ٣٠٠ کەس) لەسەر ڕێگای مەسیح و خواناسیی بەردوام بن. کۆمەڵگەیەکی تەواو داخراوی پۆلیسی بە ناوی کۆلۆنیا دیگنیداد، دادەمەزرێنێ. تیایدا ئەوەی دەچێتە ناوی نایاتەدەر، ژن و پیاو بێ بەرانبەر، بێ پسانەوە، کاردەکەن. هەموو ڕیسا و یاسای کۆمەڵگەکە بە ویستی شایفەر بەڕێوە دەچێ، نیاز و مەرامە بۆگەنەکانی بە ئایین پەردەپۆش دەکات. هەر بە ئامرازەکانی ئایین لە هاوارکردن، تۆقاندن، جەهەندەم و بەهەشتی خوا، بیانووی لادان لە ڕێی خوا، سزا و پاداشتی ئایینی خوا ... هتد کۆنترۆڵی تەواو بەسەر هەموو سەرنشینانی کۆلۆنیادا دەکات.


لە سەردەمی پینۆشیە بە هاوکاری خۆی و دەزگەکانی دیکەی دیکتاتۆر، دەبێتە گرتووخانەی نهێنی بۆ ئەشکەنجەدان و کوشتنی نەیاران. چەندین تونێلی نهێنی ژێر زەوی لە نێوان بەشەکانیدا دروست دەکەن (دەنگۆ هەبوو دەزگەی هەواڵگری ئەڵمانیا لەگەڵ شایفەر تێوەگلاوە، لەوانەیە یارمەتیان بۆ دابینکردووە، تەنانەت باڵیۆزی ئەڵمانیا لە چیلی تێوەگلابوو). لەوێدا جیهانێکی دیکەی تەواو دابڕاو لە جیهانی ئاسایی، دروستکرابوو. لەسەر زەوی ڕێگای پەرستن، پاڕانەوە و خۆ پاک کردنەوە لە گوناهەکان، لە ژێرەوە ئەشکەنجەدان و کوشتن و بڕین، هەموویشی بەسەرپەرشتی شایفەر و سەربازانی دیکتاتۆر. دیار نییە پێوەندی پینۆشیە بە شایفەر چۆن دروست بووە و چۆن ئەو متمانەیەی پێدراوە، بەڵام شایفەر و کۆلۆنیا دیگنیداد یەکجار بە دەسەڵات بوون.


لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ئەو کۆمەڵگەیە هەبووە، تەنیا ٥ کەس توانیویانە هەڵبێن. پاش هاتنی سەرۆکی سۆشیالخواز کە لەسەر شیوعیەکان دەژمێردرا، شایفەر کۆمەڵگەکەی لە ترسی بیزارکردنی دەسەڵاتی شیوعیەکان تەلبەند دەکات و وەک قەڵایەکی سەربازی لێدەکات. مامەڵەی شایفەر لەگەڵ ئەو خەڵکەی لەوێدا بوون لەوپەڕی دڕندەیی بووە، بەڵام لەبەر هەستی ئایینی و باوەڕهێنانیان بە بۆچوونەکانی شایفەر، هەموویان ژێردەستە و کۆیلە بوون. هاندان بە وشەو زاراوەی ئایینی بریقەدار هەموو تاوانێکی هەر بە خۆیان کردووە. دەیان تاوانی ئەنجامداوە.


دوای ڕووخانی پینۆشیە لە ١٩٩٠ و هاتنەوەی دەسەڵاتی دیموکرات، کەچی شایفەر هەمان دەسەڵاتی مابوو، هەرچەندی پۆلیس و دەزگە مرۆییەکان هەوڵی گەڕان بە دوای ڕاستییەکانیاندا دەدا و لیژنە دەچوونە کۆمەڵگەکە، کەس نەیدەوێرا هیچ بدرکێنێ. چونکە هەموو جارێک ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ناو حکوومەتی چیلی پێشتر هەواڵیان دەدایە شایفەر. بۆیە هەموو جار دەرباز دەبوو، هیچ بەڵگەی لەسەر دەست نەدەکەوت. لە کۆتاییدا هیلمەت کۆلی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە سانتیاگۆ تەنیا بەیەک ڕستە گوتی چیلی دەبوایە ئەو کۆمەڵگەیە بکاتەوە، بەڵام هیچی لەسەر تاوانەکان و قوربانیەکان نەدرکاند.

لە کۆتایی نەوەدەکان، بە بڕیاری دادوەر کۆمەڵگەکە بە تەواوی کرایەوە و ئەوەی هەبوو نەما. شایفەر ڕایکرد و بۆ ٨ ساڵ خۆی شاردەوە. تا لە ٢٠٠٥ لە نزیک بۆینس ئایرس لە ئەرجەنتین پۆلیس گرتی. دوای دوو ڕۆژ چەندوچوون لە نێوان ئەرجەنتین و چیلی، شایفەر ڕادەستی پۆلیسی چیلی کرایەوە، زیندانی ٢٠ ساڵی تەنیا بۆ ٢٥ تاوانی دەستدرێژی سێکسی بۆ بڕایەوە. لە ٢٠١٠ شایفەری قەشە و ڕێبەری کۆمەڵگەی دیگنیداد لە زینداندا تۆپی.


فیلمیکی پڕ ئازار لەسەر ئەو چیرۆکەی سەرەوە بە هەمان ناو (کۆلۆنیا) هەیە. ئەگەر بۆت لوا تەماشای بکە پەشیمان نابیەوە.

سەرچاوە:فیلمی کۆلۆنیا دیگنیداد، ٢٠١٥

https://www.bbc.com/news/world-latin-america-48199495

https://www.ciperchile.cl/2009/09/03/ex-hombre-de-confianza-de-schafer-habla-por-primera-vez-pide-su-parte-tras-millonario-acuerdo-entre-villa-baviera-y-el-cde/

https://www.amnesty.org/en/documents/amr22/034/1977/en/

https://theamericanscholar.org/the-torture-colony/