پرۆژەی هەڵکۆڵینی سورێژە لە ٢٠١٨ دا بەرەوام بووە. لێکۆڵینەوەکان بۆ ئەوەیە ڕۆڵی شارۆچکەکانی باشووری کوردستان لە دەرکەوتنی شارستانییەت و شار لە میزۆپۆتامیای باشووردا هەڵسەنگێنێ و دیاری بکات. بە درێژایی مێژوو لە دەشتی هەولێردا، بەشی ئەوەندە بارانی ساڵانە باریوە بتوانرێ بێ ئاودانی دەستکرد، کشتوکاڵ بەرهەمی هەبێ. بۆیە دەشتەکە لە چاخی بەردینی نوێوە، بەردەوام ژیانی تێدا بووە. تەنانەت هەولێر لەو سەردەمەوە بە بەردەوامی بێ پچڕان، ژیانی تێدا بووە. وەکو هەرێمی کوردستان، دەشتەکە پێوەندی و گرێدراوی توندی لەگەڵ ناوچەکانی دەورووبەریدا هەبووە
لە ورزی هەڵکۆڵینی ٢٠١٣ دا تیمی شوێنەواراناسان گەیشتنە چەندین چینی بەر لە مێژوو. بەڵگەکان نیشانی دەدەن، ژیان لە سورێژە بەبەردەوامیی لە نێوان ٥٣٠٠ تا ٣٤٠٠ ساڵ بەر لە زایین (٢٠٠٠ ساڵ)، هەبووە. دوای ٣٤٠٠ ساڵ بەر لەزایین، سورێژە چۆڵ کراوە، بۆیە دەرفەتێکی زێڕین دەداتە تیمی هەڵکۆڵین تا بتوانن بگەنە چینەکانی چاخی مس یان پێشتر. بە شیوەیەکی گشتیی، لە هەموو شوێنەوارەکاندا، گەیشتن بە چینەکانی چاخی برۆزنز و زووتر گەلێک قورسە، چونکە زۆر جار لە قووڵایی ٥ تا ٣٠ مەترن و چینەکانی سەرەوەتر، کاریگەرییان لەسەر تێکدانی ئەو چینانەی بنەوەدا، دەبێ
سێ چاڵی هەڵکۆڵینی ١٠ بە ١٠ مەتر لێدران. بێ ماندووبوونی زۆر، دوای چینی سەرەوەی خۆڵ، چینی چاخی مسی نوێ دەرکەوت (لە نێوان چاخی بەردین و چاخی برۆنزدایە). وەک لە سەرەوە باسکرا، لە کەم شوێنەواردا هەڵکۆڵین دەگاتە ئەو سەردەمە. بۆیە تێگەیشتن لە کەلتوور و شێوازی ژیانی مرۆڤی ئەو کاتە زۆر قورسە. هەڵکۆڵین ڕووبەری ٣٠٠ مەتر دووجای لە نیشتەجێیەکی کۆن، دەرخست. لە چاڵی ژمارە ٢، خانووەکان ماڵ بوون. بەڵام ئەوانەی چاڵی ژمارە ١٠ وەکو ژوورێکی گەورەیە، بۆ ماڵ یان خێزان نەبووە. خانووەکان لە چەند ژوورێکی بچووک پێکهاتبوون، هەیوانێکی ٣ بە ٦.٥ مەتریان لە بەردەمدا بوو. لەدەرەوەی ژوورەکان، تەندوور، چاڵی بچووک و ئاگردان هەبوون. هەر لەوێ ژوورێکی بچووکی دیکە هەبوو، پێدەچی چێشتخانە بووبێ
سێ مۆری بەرد و تەختە قوڕێک دۆزرانەوە. ئەوانە مۆری نیشاندانی خاوەندراییەتی بوون، لە سەردەمی چاخی مسدا هەبوون. بەردەکان هێڵی ڕاست و چەپ یان درێژکۆلەیان هەیە. دواتر ئەو جۆرە مۆرانە کاریان بۆ بەڕێوەبردن و بیرۆکراسیی گۆڕاوە. لەگەڵ دەرکەوتنی شارەکاندا، لە زۆر شوێندا هەبوون. گڵسازیی چینەکانی بنەوەی هەڵکۆڵین لە چاڵی ژمارە ٢ ئەوانەن لەسەر شێوازی کەلتووری دەڵما، دروست کراون. کەلتووری دەڵما لە ناوچەی خوار دەریاچەی ورمێ لە ئێرانی ئێستەدا دۆزراوەتەوە و لەگەڵ ئەوانەی میزۆپۆتامیا لە نیگارکێشیی و ڕەنگیاندا جیاوازن. تەمەنیان بۆ ٥٠٠٠ تا ٤٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. ئەو دۆزینەوانەی کەلتووری دەڵما لە سورێژە بەڵگەی هەبوونی پێوەندی توند و تۆڵن لەگەڵ نیشتەجێیەکانی ڕۆژئاوای ئێران. دواتر گڵسازی شێوازی دەڵما (لە ئاییندەدا بابەتێکی لەسەر بڵاودەکەمەوە) لە هەردوو چینەکانی دیکەدا دۆزرانەوە. تەکنیکی زانستیی نوێ بەکاردەهێنرێت تا بزانرێ ئەو گڵسازییە لە سورێژە بەرهەمهاتوون، یان لە ناوچەی ئورمیەوە هێنراون. تا کاتی نووسینی ڕاپۆرتەکە ئەو ئەنجامە نەبووە
دیوارەکانی خانووی چاڵی ژمارە ٩ و ١٠ بە خشتی گڵ دروستکراون و ژوورێکی گەورەی ١١ بە ٩ مەتر بووە. ١.٥ مەتر پان بوون. چەندین جار دیوارەکان گۆڕاون و چاککراونەتەوە، یان لە ناوەوە بۆی زیاد کراوە. بۆ ماوەیەکی درێژ ژیان لەو شوێنە هەبووە. ژوورێک لەوانەی چاڵی ٩ ئاگرێکی گەورەی تێدا ڕوویداوە. سواغی ژوورەکەی لەناوەوە سووتاندووە، دواتر دیوارەکە پاک کراوەتەوە و ژوورەکە بەکارهاتووە. لەو ژوورەدا زۆر بابەتی گرنگ دۆزرانەوە. مۆرێک، کوپەڵەیەکی گەورە سەراوبن دانرابوو، بەردێکی گەورەی دانەوێڵە کوتان سەراوبن دانرابوو، دەرهێنران. لە چاڵی ژمارە ١٠، چەند چاڵێکی بچووکی هەڵگرتنی دانەوێڵە دۆزرانەوە، تەمەنیان بۆ ٢٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین (سەردەمی ئاشووریەکان) دەگەڕێتەوە. زۆربەی زۆری چاڵەکان لەگەڵ کات و ڕووتانەوە، نەماوە. بۆیە تەنیا بەشێکی کەمی بنەکانیان دەستنیشان کران
لە گەڕان بەدوای خەڵووز، تۆو، ئێسقان و وردە سیرامیک لە خانووەکاندا، چینێکی ٤ تا ٥ سانتیمەتر لە گڵەکەی زەوی ژوورەکان و هەیوانەکە هەڵگیرا. زۆربەی بابەتەکان لە سووچی ژوورەکاندا بوون، دیارە بە پاککردنەوەی ژوورەکان لەوێ کۆبوونەتەوە. تێبینی کرا، بە شێوەیەکی گشتیی لەگەڵ ئەوەی هەموو ژوورەکان و هەیوانەکە بۆ چەندین چالاکی و کار بەکارهاتوون، بەڵام ژوورەکان پاک و خاوێنتر بوون. ٧٣٣ پارچە ئێسقانی ئاژەڵ (مەڕ، بزن، بەرازی کێوی، مانگا، ئاسک، ئاسکەی شاخ و گورگ) دۆزرانەوە. بڕێکی زۆر وردە خەڵووز هەبوو. لە پشکنینەکاندا دەرکەوت تەپاڵە، تەرس و قشپل (پشقل) بۆ سووتاندن و ئاگرکردنەوە بەکارهاتوون. پێدەچی لەبەر کەمبوونەوەی دار و دارستان بووبێ. نموونەی گەنم و جۆ دەستکەوتن، ئەوەیشیان نیشاندەری ئەوەیە نیشتەجێی سورێژە پشتیان بەو جۆرە بەرهەمانە بەستووە بە ئاوی باران ئاو دەدرێن و بەرگەی کەم ئاوی دەگرن
بە گشتیی، ٩٠٨٧ پارچە سیرامیک دەرهێندران. ٢٨٤٩ پارچەیان نەخشیان لەسەر بوو، یان ڕەنگ کرابوون. ڕەنگ و نەخشکردنی گڵسازیی لەسەردەمی چاخی مسی کۆن لە میزۆپۆتامیا نەمابوو. سورێژە کەلتوورێکی جیای لەوەی باشووری میزۆپۆتامیا پەیڕەو کردووە و خۆجێیەتیی پێوە دیارە. بە هەمان شێوە، نەخشی زبر، گۆزەی دەم گەورە، هێڵکاری بە بەردئەستێرە، دەفری پەل لە گڵسازییەکانیان نەبووە. ئەو جۆرانە لە هەموو میزۆپۆتامیادا هەبووە. لە سورێژە هیچ نەدۆزراوەتەوە