کەشوهەوا و قەبارەی مرۆڤ

تیمێکی توێژەرانی هەردوو زانکۆی کامبریج و تیوبینگنی ئەڵمانیا سەروو ٣٠٠ نموونەی ئێسک و پروسکی مرۆڤی کۆنی جۆری هۆمۆجینەس، کۆکردەوە. کاریان ئەوە بوو لە قەبارەی مێشک و لەشیان بکۆڵنەوە. هۆمۆجینەس هەموو ئەو بوونەوەرانە دەگرێتەوە لەسەر دوو قاچ ڕۆیشتوون و بە باپیرە گەورەی مرۆڤی نوێ دادەنرێ. هۆمۆ جینەس لە ماوەی چەند ملیۆن ساڵی ڕابردوودا، بۆ چەند جۆرێکی مرۆڤ دابەش دەبێت، هەریەکەیان ناوی خۆی هەیە.  لە ناویاندا هۆمۆ ئیرەکتەس، هۆمۆ نیاندرتال، هۆمۆهابیلیس، هۆمۆ دینۆسۆڤان و هۆمۆسێپیان (ئێمە)

 

تیمەکە بە کۆکردنەوەی زانیارییەکانی قەبارەی لەش و مێشکی ئەو ٣٠٠ نموونەیە، دواییش تێكەڵ کردنی یان بەراورد کردنی ئەو قەبارەیە لەگەڵ کەشوهەوای ١ ملیۆن ساڵی ئەو ناوچانەی ئەو ٣٠٠ مرۆڤە لێی ژیاون، توانیان بزانن هەریەکە لەو ٣٠٠ نموونەیە لە کام جۆری کەشوهەوادا ژیاوە. ئەو بەراورد کردنە نیشانی دەدات هەرچەندی کەشوهەوا سارد دەبێت، قەبارەی لەشی مرۆڤ گەورە دەبێت، لە شوێنە ساردەکاندا مرۆڤەکان لە ملیۆن ساڵەدا هەموویان لەوانە گەورەترن کە لە کەشوهەوای گەرمدا ژیاون

 

بەپێی ئەو توێژینەوەیە بێ، تیمەکە وای بۆ دەچن، کێشی مرۆڤ گەورە ببێ لە چاو ڕووبەری لەشیدا، بە قازانج بۆ گەرم ڕاگرتنی لەش دەشکێتەوە. ڕووبەری لەشی مرۆڤەکان لە چاو زۆربوونی کێشیان کەمتر دەبێ، بۆیە کەمتر گەرمی لە لەشیانەوە ون دەکەن، بە واتای ئەوەی گەرمی لەش باشتر لە لەشیاندا دەمێنێتەوە. بێگومان لەناوچە ساردەکاندا، هێشتنەوەی گەرمیی لە ناو لەشدا کارێکی یەکجار گرنگە. ئینجا ئەو کارە بۆ مرۆڤی بەر لە ١ ملیۆن ساڵ هێڵی نێوان مان و نەمان بووە. جیاوازی نێوان قەبارەی لەشی مرۆڤەکانی ناوچەی گەرم و سارد ئێستەیش تێبینی دەکرێ، لە هەموو جیهاندا دیارە، ئەوانەی لە کەشوهەوا گەرمەکاندا دەژین، قەبارەیان لەوانەی لە کەشوهەوا ساردەکاندا دەژین بچووکترە

 

هەمان بەراورد لە نێوان کەشوهەوای سارد و گەرم لەگەڵ قەبارەی مێشکی گەورە و بچووکدا کرا. لە اوەی یەک ملیۆن ساڵی ڕابردوودا، پێوەندی لە نێوان ئەو دووەدا نەدۆزراوەتەوە. بە واتای ئەوەی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر قەبارەی لەش هەبووە، بەڵام کاریگەریی لەسەر قەبارەی مێشک نەبووە. بە شیوەیەکی گشتیی ئەو جۆرانەی لە دەشتایی و شوێنی کراوەدا ژیاون لەچاو ئەوانەی لە ناو دار و دارستاندا ژیاون، قەبارەی میشکیان گەورەتر بووە. لە دەشتایی و تەختاییەکان، ڕاوی گیانلەبەری گەورە کردووە. ئەوە کارێکی قورس و ئاڵۆزە، پێوەندی نێوان ئەندامانی پێویست بووە، بەو شێوەیە مێشکیان  گەورەتر بووە چونکە پێویستییان بە بەکارهێنانی زۆرتری مێشک هەبووە

 

هۆکاری گەورەبوونی مێشک لە جۆرە کۆنەکانی مرۆڤدا، پێویستیی بارودۆخی دەورووبەر بووە زیاتر لەوەی بە کەشوهەواوە پێوەست بووبێ. مێشکی هەردەم برسیی و تینووی وزەی زۆرتر دەبێ خۆ بگۆڕێ دەنا دەپووکێتەوە. خۆگۆڕینەکەی ئەوە بووە تەکنیکی نوێ بۆ دەستکەوتنی خواردن، دابێنێ

 

ئەوەی مرۆڤی هۆمۆسێیپیان لە هەموو جۆرەکانی دیکەی مرۆڤ جیا دەکاتەوە، قەبارەی مێشکە. بە بەراورد لەگەڵ مرۆڤی هۆمۆهابیلیس مێشکی ئێمە ٥٠٪ لەوەی ئەوان قورسترە و سێ ئەوەندەیش گەورەترە، بەڵام هۆیەکانی ئەو گەورەبوونە تا ئێستە گفتوگۆ لەسەرە و رای جیاواز هەڵدەگرێ. توێژینەوەکە پێی وایە هۆکاری گەورەبوونی قەبارەی مێشکی مرۆڤ گۆڕانی کەشوهەوا نەبووە بەڵکو پەیدابوونی درککردن بووە، وەک پێشتر لە نووسینێکی دیکەدا ئاماژەمان بۆ شۆڕشی درککردن لە مرۆڤ کردبوو. ئاڵۆزی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ، گۆڕینی جۆری خواردن و ئەو تەکنۆلۆجیایەی پێویستی بووە ئەو شۆڕشەی بەرهەم هێناوە

 

توێژینەوە نوێیەکان بەڵگەی بەردەوامبوونی گۆڕانکاری لە لەش و مێشکی مرۆڤدا نیشان دەدەن، تا ئێستەیش ئەو پێشکەوتن و گۆڕانگاکرییە هەر بەردەوامە، لەشی مرۆڤ لەگەڵ کەشوهەوادا لە چاو گۆڕانکارییەکانی دیکە، زۆر بە ئاسانی خۆی دەگونجێنێ و گۆڕانکاری دەکات. بە شێوەیەکی گشتی و بە تێکڕایی، ژینگە ساردەکان قەبارەی مرۆڤ تێیاندا گەورەترە

 

لەگەڵ ئەوەی قەبارەی مێشک لە چاو باب و باپیرانمان گەورەترە، کەچی لە سەردەمی هۆلۆسینەوە (نزیکەی ١١٦٥٠ ساڵ لەمەوبەر) قەبارەی مێشکی مرۆڤ ڕوو لە پووکانەوەیە، بەرەو بچووک بوون دەڕوات. پشت بەستن بە تەکنۆلۆجیای نوێ و بەکارهێنانی کۆمپیوتەرەکان لەوانەیە بۆ چەند هەزار ساڵی داهاتوو، ببێتە هۆکارێکی دیکە بۆ زۆرتر بچووکبوونەوەی مێشک



https://ancient-archeology.com/climate-change-altered-the-size-of-human-bodies-altered-the-size-of-human-bodies/