نووسراوەی شەلمانسەری سێیەم پاشای ئاشوورییەکان لە ساڵی ٨٤٦ پ.ز هەردوو ناوی ماد و پارسوای تێدا هاتووە. مێژوونووسان ئەوە بەبەڵگە دەهێننەوە، گوایە پارسوا لەگەڵ ماد یەک وڵات بووە. مێژووناس ئیگۆر میخائیلۆڤیچ دیاکۆنۆف (١٩١٥-١٩٩٩) دەڵێ "وشەی پارسوا و پرسۆ لە زمانی ئەکادییەکاندا واتای لێوارە. تاکە خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەو دوو وشەیەدا ئەوەیە هەردووکیان بە هەمان واتا هاتوون و هیچ بەڵگەیەک نییە پارسوا وڵاتی پارسەکان بووبێ و لە دواییدا بەرەو شوێنێکی دیکە کۆچیان کردبێ. پارسوا ناوچەیەکی کشتوکاڵی بەپیت بووە و دانیشتووانەکەی ڕەسەن بوون، گریمانەی ئەوەی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو ناوچەیە بۆ دووری ٦٠٠ کیلۆمەتر کۆچیان کردبێ، گریمانەیەکی نەگونجاو و بێ بنەمایە. ناوی کەسایەتییەکان و شوێنەکانی ناوچەی پارسوا، بە هیچ شێوازێک ئێرانی نەبوون".
ناوی ڕەچەڵەکی پارسا لە دوای کۆچکردنی ئاریاییەکان بۆ خاکێک تا ئەو کاتە بە ئنشان ناسرابوو، بەکارهێندراوە. واتا، ئنشان ئەو شوێنەیە کۆچبەرە ئاریاییەکان کۆچیان بۆ کردووە. ئنشان ناوچەیەکی ئاوەدانی نزیک شیراز بووە و ناوینراوە، فارس. ئنشان دواتر بەشێک لە ناوچەی پارس بووە. هەردوو ناوەکە بۆ ئاماژە بە هەمان ناوچە بەکارهێندراون. ئەو ئنشانە لەوەی عیلامیش، جیاوازە
بە گوتەی مێژوونووسانی شارەزا لە مێژووی ئێران، لێکچوونی زمانی پارسی کۆن و زمانی سوغدی هەیە (زمانی سوغدی لە دەشتاییەکانی نێوان دوو ڕووباری جیحون و سیحون هەبووە و پێی دواون، مەڵبەندەکەیان شاری سەمەرقەند بووە. سوغدی گرنگترین زمانی ئێرانییەکان بووە لە تورکستان، بە گەشەی زمانی فارسی لە سەدەی ١١دا، وردەوردە بەرەو نەمان چوو). هەرچی پارتەکانە، تەنیا گۆڕانی دوو پیتی (ت و س)ە، پارس و پارت ئاماژەن بۆ یەک نەتەوە. بەو پێیە پارسەکان خزمایەتی نزیکیان لەگەڵ پارتەکان و سوغدییەکان هەبووە
لێکچوونی ئەفسانەی پارس/پارت و سوغدییەکان هەیە، بەوەی کەسایەتی کەیخوسرەو و فەرەیدونی ئێرانییەکانی ڕؤژهەڵات دراونەتە پاڵ کۆرش (فارس دەڵێن کوروش)، کەسایەتی ئاژی دهاک و ئەفراسیاب دراوەتە پاڵ مادەکان و ئاستیاگ. ئەوانە ئاماژەن بەوەی ئەو دوو نەتەوەیە خزمایەتی نزیکی زمان و ڕەچەڵەکیان هەبووە و خاوەنی هەمان کەلتوور بوون. بۆیە ئەفسانەکانیشیان هەر یەکن و وێنەی لەبەر گیراوەتەوە
نەفرەت و دوژمنایەتی ئەو دوو گەلە لە ماد ئەوەندە توند بووە بۆیە کۆرش بە ئامانجی دژایەتی مادەکان ، لەگەڵ بابلییەکانی سامی نەژاد و ئەرمەنەکان هاوپەیمان بووە. تەنانەت ئێرانییەکانی ڕۆژهەڵاتیش بۆ هەمان ئامانج هاوپەیمانی ئاشوور بوون. مێژوونووسانی گریک (ثیوسادیسیس لە دایکبووی ساڵی ٤٦٠ پ.ز، کتێزیاس لەدایکبووی ٤١٦ پ.ز و دیۆدۆرۆس لە دایکبووی ساڵی ٦٠ پ.ز) ئاماژەیان بە باکترییەکان (یان باکتریانا- ناوچەیەکی باشووری ناوەڕاستی ئاسیایە دەکەوێتە باکووری ئەفگانستان، باشووری ڕۆژئاوای تاجیکستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی تاجیکستان) کردووە لە کاتی ئابڵۆقەی مادەکان لە ئاشوورییەکان، هاوکاری ئاشوورییەکانیان کردووە. ئەوە بەڵگەی ئەوەیە باکترییەکان لە بەرانبەر دەسەڵاتی ترسێنەر و گەشەکردووی مادەکان، دژیان بوون
بە پێی ئەوەی کتێزیاس نووسیویەتی و گەڕانەوە بۆ تۆمارەکانی دیکەی مێژوو، دەردەکەوێ ئەوەی گوایە کۆرش کوڕی ئاستیاگ بووە، هیرۆدۆتس و گزنفۆن بەهەڵەدا چووبن. ئاستیاگ دوا پاشای مادەکان کچێکی بە ناوی ئاموتیس -ماندانە- هەبووە و لەگەڵ "ئەسپی تاماس" هاوسەرگیریی کردووە. پاش داگیرکردنی ماد، کۆرش "ئەسپی تاماس" دەکوژێت و ژنەکەی بە زۆرەملێ دەکاتە هاوسەری خۆی. لەبەرئەوەی لە سیستەمی پاشایەتی ماد، لە کاتی نەبوونی کوڕ زاوا دەبوو بە پاشا، کۆرش بە کوشتنی "ئەسی تاماس"، واتا زاوای ئاستیاگ، خۆی بە خاوەنی پاشایەتی ماد دادەنێت. ئەو ڕووداوە گرنگەی مێژووی کورد، لە دوو سەرچاوەی هەرە گرنگی مێژوودا، بەهەڵە تۆمار کراوە. لەوەدەچێ پارسەکان بۆ نیشاندانی ئەوەی شۆڕشەکەی بەردیا (کتێزیاس بە تانیوخارکس ناوی بردووە) شۆڕشی مادەکان نەبووە، ئاوا گێڕاویانەتەوە
گومان لەوەدا نییە زمانی فارسی (هەر نەبێ ئەوەی ئێستە هەیە) هیچ لە فارسی کۆن ناچێ و ئەو لێکچوونەی لەگەڵ زمانی کوردیدا هەیەتی لەبەر ئەوەیە دوای هاتنی کۆچبەرە ئاریاییەکان و ڕووخانی ماد، زمانێکیان نەبووە پێی بنووسن، هەر بۆیە تەختی بێستوون بە زمانێکی تێکەڵەی ئەو زمانەی ئاڤێستای پێ نووسراوە و کەمێکی خۆیان، نووسراوە. مەسعود محەمەد لە کتێبی زبانی کورد، دەڵێ ئەوەی فارس بۆی بە جێماوە لەو نووسینانەی تەختی بێستوون و هەموو ئەوانی دیکە، تەنیا ٤٠٠ وشەن. کەچی کورد لە ئاڤێستاوە ٨٠ هەزار وشەی بۆ بەجێماوە
مادەکان و پارسەکان هیچ پێوەندی گرێدراوی ڕەچەڵەک/زمان لە نێوانیاندا نەبووە. مادەکان نەتەوەیەکی ڕەسەنی ناوچەکەن و لە پێکهاتەی ڕەچەڵەکی/زمانی نەتەوە کۆنەکانی گوت، کاسپی، هوری ... هتد بوون، نەک لە ئاریاییە کۆچبەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێران. ئەوانەی تا ئێستە باوەڕیان وایە کورد ئاریاییە، لە زانست و لێکۆڵینەوە نوێیەکان دابڕاون بۆیە لەسەر هەمان بۆچوونەکانی سەدەی ڕابردوو ماون
کورد ئاریایی نییە، خزمایەتی نزیکیشی لەگەڵیاندا نییە. کاتێک هۆزە ئاریاییەکان بەرەو دەریای کاسپیان (قەزوین) هاتوون، هۆزەکانی بە باپیرەی کوردەکان دادەندرێن و ئەو کاتە ماد بوون، لەوێ بوون و خەڵکی ئەو ناوچەیە بوون. ئاریاییەکان (لە ناویاندا فارسەکان/پارسەکان) بە دوو کۆچی جیاواز لە دوو کاتی جیاوازدا بەو ناوچانەدا بڵاو بوونەتەوە