هێماداریی

زۆربەی ئەم بابەتە لە کتێبی کوردناسی زەکەریا قادری وەرگیراوە

لەسەرەتای دەرکەوتنی مێژووەوە، جیهان خۆی بە هێماکانەوە هەڵواسیوە. سیستەمی هێماداریی (سەمبولیک) ناتوانێ بە تەواوی وەڵامدەرەوەی ڕاستیی هەبوون بێت. لەبەرئەوەی کوردەکان وەکو پێشتر بە فەلسەفەی زەمینی (هەڵپەڕکێی میترایی، زوحاکی مار لەسەر شان و مەزدەک ... هتد) پابەندبوون و کەلتووری ئاسمانی و ئایینی هێماییان (سەمبولیک) قبووڵ نەکردووە، بۆیە کەوتوونەتە بەر ئیرەیی و تووڕەیی سیستەمی هێماداریی


کەلتووری هێماداریی فارسی ئێرانی/عەرەبی سامی لەسەر بنەمای کەموکوڕی ناوەڕۆکی شتەکان و ڕاستیی هەبوون، پێکهاتووە. ڕاستییەکەی ئێران/سامی لە بنەمای چێژی سەرەتایی دوور کەوتوونەتەوە و لەگەڵیدا دژایەتی -ئایین و فەلسەفە- دەکەن. بەڵام کوردەکان لە قۆناغ و بنەمای چێژی سەرەتاییدا ماونەتەوە وپێیوستییان بە دژایەتی ئەو بنەمایە نییە. ڕاستیی بنەڕەتی توندوتیژیی مێژوو و گەلە میتافیزیکییەکانی مێژوو لە ئاستی کورد، بۆ ئیرەیی بردن بە بنەمای چێژی سەرەتایی میترایی/مادی دەگەڕێتەوە. واتا لەبەرئەوەی خۆیان لەو چێژبردنە بێبەشن، بەمەبەستی دژایەتیکردن لەگەڵ بنەمای چێژی سەرەتایی مهر/کورد، چوارچێوە و بەربەستی ئایینیی و فەلسەفی ڕۆحی خۆیان، داڕشتووە


کوردەکان بە ئەزموونی ژیانی خۆیان (هەڵبەت مەبەست لە سەردەمی مادەکانە) بنەمای چێژیان لە ژیان پاراستووە و ژیروێژی (لۆژیک) حەقیقەتیان قبووڵ نەکردووە، لەبەرئەوەیە پێویستیان بە وەهم و خەیاڵی ئەفسانە، فەلسەفە و ئایین نەبووە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کوردەکان بە ژیانێکی زەمینیی و سەماو هەڵپەڕکێ و بە باوەشێکی واڵا حەقیقەتی تراژیکی دونیا و بوونیان قبووڵ کردووە. هەر لەبەر ئەوەیە دەبینین لە هەموو بزووتنەوە مێژووییەکانی کورد هەر لەسەردەمی ساسانییەکان تا دەگاتە خورەمدینەکان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نوێ، شۆڕش و بزووتنەوەی زەمینی لەگەڵ هەڵپەڕکێ و خۆشیی، تێکەڵ بووە. تەنانەت لەسەردەمانی پێشمەرگایەتی لە دژی ڕژێمی سەدام، پێشمەرگە لە شاخ و دۆڵی کوردستان، هەڵپەڕکێیان سازدەکرد


عەقڵی سیاسیی یۆنان (ئەفلاتۆن)/ئێران (زەردەشت) و نەتەوەکانی دیکە، بۆ دەرچوون لە حەقیقەتی تراژیکی دونیا، پەنایان بۆ خەون، خەیاڵ، ئەندێشە، بیر، هزر و ئەفسانە بردووە. بەڵام کوردەکان بنەڕەتی ڕاستەقینەی تراژیک و تاڵیی تاریکیی دونیا  بەسەمای سەر زەمین و، خۆشی و شادی قبووڵ دەکەن. کوردەکان هێندە لەخۆیان دڵنیابوون (بەپێی فەلسەفەی هایدگر: ئەوەی لە کاری بزمارلێدانێک دڵنیا بێت، بیر ناکاتەوە، بەردەوام چەکوش لە بزمار دەدات تا بزمارەکە دەچێتە خوار)، زۆر بە بەهێزیی چەکوشیان لە بزمار داوە. پێویستیان بە ڕامان و بیرکردنەوە نەبووە


کوردەکان بە نەتەوەیەکی بێ مێژوو و نامۆ ناسراون. هەر لەبەر ئەوەیش بە بۆچوونی لێکۆڵەرەوان، سەرەڕۆیی و شوڕشی بەردەوامی کوردەکان، شتێکی سەیروسەمەرەیە و هۆکاری بێی بنەمای بۆ دێننەوە. وەکو کەموکوڕی ئابووریی، ورووژاندنی دەرەکیی، گوشاری دەوڵەتی ناوەندیی ..هتد، بێئاگان لەوەی هەمان ئەو هۆکارانە بۆ نەتەوەکانی دیکەی جیا لە کوردیش هەن، بەڵام وەک کوردەکان سەرەڕۆ نین و شۆڕش ناکەن. دیارە بۆ مرۆڤبوون، دەبێ سیستەمی هێماکاریی قبوڵ بکرێ، بەڵام کوردەکان وەکو دیاردەیەکی ئەمری واقیع قبووڵیان نەکردووە، بۆیە بە جندۆکە و شەیتان ناودەبرێن، بۆ ئەوەی لە مرۆڤبوون بشۆرێن


بە گووتەی ئی جەی کۆفمان پرۆفیسۆری فەلسەفە لە زانکۆی تێنیسی، پاڵەوان و قارەمانی تراژیدیا بێدەنگە. دەرفەتی وتووێژکردن و پێوەندیگرتنی نییە. چونکە خۆی لەگەڵ بوون، کردار و چارەنووسی خۆیدا بە هاوتەریب دەزانێت. پاڵەوانی تراژیک بەتەواوی کردەوەییە، بێ دەنگە، بۆیە هۆشیار نییە. جارێ کەسێکی دیکە نییە لە ناخەوە لەگەڵ ئەو کەسە وتووێژ بکات. بۆ ئەزموونی کریستیان و جوولەکە، کەسی دیکە خودایە. لە کاتی وتووێژی دەروونیی لەگەڵ ئەو خودایەدا، ئەندێشە، هۆشیاریی، توانای ڕامان و هەست بەخۆکردنی پێدەدات. واتا تراژیدیا دەروون هۆشیار دەکاتەوە، بەڵام دەروونێکی کپ و لاڵ و بێدەنگ. کوردەکان لەگەڵ چییەتی مرۆیی خۆیان سازگار بوون، لەبەرئەوە بزووتنەوەی کوردەکان، بزووتنەوەگەلێکی کرداریی بوون و عەقڵی پێناسەکراوی مێژوویان تێدا نەبووە


مێژوو وەکو جەوهەر و بنەمایەک نەبووە. بەڵکو دەرەنجام و بەرهەمی هەڵەیەک بووە. مێژووی ‌هەڵەیش پێداویستیی و ئامرازی واتایی بۆ داڕشتنی بیردۆزێکی گونجاو لەگەڵ چالاکی کرداریی و بێدەنگیی کوردی، نەبووە. لە تراژیدیادا جیاوازی نێوان جیهانی ناوەوە و دەرەوە پێناسە نەکراوە و بە ئاستی هۆشیاریی نەگەیشتووە. پاڵەوان تەنیا لە ڕێگەی بوون و کردارەوە خۆی دەنوێنێت. کورد ناوەڕۆکێکی تراژیکی هەیە، بوون و چییەتی خۆی بە کردار و کردەوە نیشان دەدات، نەک بە کەڵک وەرگرتن لە ئەندێشە. بزووتنەوە سیاسییەکان بە هێمای بوون و چییەتی و ناوەڕۆکی کوردەکان دادەنرێن. مێژوو پاش دەرکەوتنی باوەڕ بە خودا، دەرکەوتووە


هیگڵ دەڵێ "سروشتی نەتەوەیەک، لە مێژووی ئەو نەتەوەیەدا خۆی نیشان دەدات". لە ڕواڵەتدا مێژوو، مێژووی واتاکان و مێژووی دەرکەوتنی عەقڵێکی گشتیی بووە. لەبەرئەوەی کوردەکان هزری میتافیزیکیان نەبووە و خاوەن واتاگەلی ئایینی/ئەفسانەیی نەبوون، هەر ئاوایش، مێژوویان نەبووە. بە پێچەوانەی هیگڵ، فەیلەسوفی ئەڵمانیایی مارتن هایدیگەر سروشتی مرۆڤ بە هەبوونی یان لە خۆڕاگری مرۆڤدا دەبینێت و مەرجی مرۆڤبوون بە هەستانەوە و خۆڕاگری مرۆڤ، گرێدەدات


میژووی کوردەکان لە ڕۆحی پڕ لە هێما و ڕاز و واتا ڕۆحییەکان نییە، بەڵکو لە هەبوونی  خۆیان و ژیانی حەقیقییان لە ژیاندایە، نەک لە بیرکردنەوەیان لە ژیان. کەوایە، بۆ ناسینی مێژووی کورد دەبێ لە جێگای دیاردەناسیی فەلسەفەی هیگڵ، کەڵك لە دیاردەناسیی هەبوونی هایدیگەر، وەرگرین. چونکە هایدیگەر بوون و کردار و ژیانی مرۆڤ، لەسەروو بیرکردنەوە دادەنێت