شوێنەواری گرێ فیلە/گرێ کوردان

دروستکردنی بەنداوی ئەمبار لە نزیک گوندی ئەمبار هەڕەشەی لەسەر شوێنەواری گوندی ئەمبار هەبوو، هەرچەندە گوندەکە ژێر ئاو ناکەوێ بەڵام هەر گەڕان و پشکنین بۆ ناوچەکە کرا. بە ڕێکەوت شوێنەواری گرێ فیلە لە باشووری گوندی ئەمبار دۆزرایەوە. گرێ فیلە یان گردی فیلە جاران ناوی گردی کوردان بوو.  بەنداوی ئەمبار شوێنەواری گرێ فیلەی بن ئاو دەخست، بۆیە مۆزەخانەی دیاربەکر لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٩ دەستیکرد بە کنەو پشکنین و وەکو پرۆژەیەکی ڕزگارکردن لە ئەستۆی گرت. شوێنەواری گرێ فیلە ٥٢٠ سانتیمەتر بەرزە

 

گرێ فیلە ٥ چینی تێدا دەستنیشان کرا، چینی بنەوە هەرە کۆنەکە بوو چینی نیشتەجێی مرۆڤی چاخی بەردینی نوێی بەر لە دەرکەوتنی کەلتووری گڵسازیی بووە. ڕووبەری ٧٠٩ مەتر دووجا هەڵکەندرا و سێ خانوو/پێکهاتەی لە چینەکانی بنەوەدا دۆزرایەوە. زەوی ئەو شوێنانە بە وردە بەرد لە نێوان ٢ تا ٧ سانتیمەتر، بەردڕێژ کراوە. دوویان هێلکەیی بوون و یەکێکیان شێوە لاکێشەی هەبوو. ئەو شێوانە لە هەمان خانوو و دۆزراوەکانی شوێنەوارەکانی کۆتێ بەرچەم لە چینی ٢ و ٣، گرێ کۆرتک و گرێ گوسیر، دەچن. خانووە هێلکەییەکان لەوانەی کۆتێ بەرچەم دەچن و پانی ٧.٥ بە ١٠ مەتر درێژییە. نیشانەکانی سەر دیوار و زەوی ئەو خانووە، نیشانی دەدات ٨ جار نۆژەن کراوەتەوە

 

لە چینەکانی سەرەوەتردا خانووی لاکێشە دەردەکەون و زۆر دەبن. کۆی ٢٨ خانووی لاکێشە دۆزرانەوە. زۆربەیان ٤ تا ٦ ژوور لەگەڵ یەک ژووری گەورەیان هەبوو، ئەو ژوورە گەورەیە دەرگای هەبووە. خانووەکان یەک لەسەر یەک دروست کراونەتەوە و دیوارەکانیان لەسەر یەکتری هەڵچنراونەوە

 

لە گرێ فیلەدا کۆی ١٨٥٧١ پارچە شوێنەوار لە ٢٠١٩دا دۆزرانەوە، لە گەڕانی ساڵی ٢٠٢٠یشدا کۆی ٨٢٥٣٥ پارچەی دیکە دۆزرانەوە. بەشێکی زۆر لەو دۆزراوانە ئامرازە بەردەکانی ژیانی ڕۆژانەیانە. خشل و متومورووشیان تێدابوو. زۆربەیان لە ناو خانووە هێلکییەکاندا بوون. لە چینی حەوتەمی گرێ فیلە، ستوونی گەورەی بەرد بە بەرزی ٣ مەتر لە ناو خانووەکاندا هابوون. وەک کۆڵەکە بۆ هەڵگرتنی بن میچی خانووەکان بەکارهاتوون و بەردی درێژی گەورەیان لەسەر ڕاڕا کراوە

 

ئەوەی تێبینی کراوە لە گرێ فیلە ئەوەیە بەشێکی زۆری ئەو ئامرازە بەردانە دوای بەکارهێنان و سوانیان، دووبارە تیژ کراونەتەوە/ئامادە کراونەتەوە بۆ ئەوەی بۆ ماوەی زۆرتر بەکاربهێندرێن. زۆربەیان بڕەری گۆشت و ڕووەکن، هەیان یەک لای تیژە، هەیانە وەکە بەردە تەورە و وەکو شوێنەوارەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە زۆر جۆری دیکەی ئامرازەکانی دیکەی ژیانی ڕۆژانەیان تێدایە. زۆر لەو ئامرازانە لە بەردە شووشە دروستکراون، دیارە سەرچاوەیەکی بەردە شووشەی نزیک لەبەردەستیان هەبووە

 

لەو کارەی تیژکردنەوە و ئامادەکردنەوەی ئامرازە بەردەکانیاندا، ئەوەی وەکو وردە و پردە لە بەردە گەورەکان لێبوونەتەوە، دیسانەوە وەکو ئامرازی دیکە بەکاریان هێناون. واتا لەو وردە بەردانە ئامرازی نوێێان دروستکردووە و بەکاریانهێناوەتەوە. لە ناو دۆزراوەکاندا ئامرازە تیژکراوەکان زۆرترین ڕێژەیان هەبووە. لە ژوورێکی خانووەکاندا شاخی گیاندارێک دۆزرایەوە لە سەرێکیدا تڵیشێک کراوە تا بەردێکی تیژی سەر باریکی تێدا گیربێ، تەمەنەکەی بۆ ٧٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەو شاخەدا چەند بەردە ئامرازێکی دیکە هەبوو

 

بە پشکنینی ئەو ئامرازانەی لەسەرەوە باسکران و بەپێی شێواز و لەیەکچوونیان لەگەڵ ئەوانەی لێڤانت و شوێنەوارەکانی دیکە، دەردەکەوێ چینی پێنجەمی ئەو شوێنەوارە بۆ چاخی بەردینی نوێ لە نێوان ٨٨٠٠ تا ٦٩٠٠ ساڵ بەر لە زایین، دەگەڕێتەوە. جگە لەو ئامرازانە هیچ بابەتێکی گڵسازیی و سیرامیک لەو چینەدا نەدۆزراوەتەوە، بۆیە گرێ فیلە شوێنەواری بەر لە دەرکەوتنی کەلتوورەکانی گڵسازییە و نیشتەجێی یەکەمین کۆمەڵە ڕاوچییەکان

 

لە چینەکانی سەرەوەتردا، ٨٦ پارچەی گڵسازیی لە ساڵی ٢٠١٩ و ٤٣ پارچەی دیکە لە ساڵی ٢٠٢٠دا دۆزرانەوە. کۆنترین ئەو پارچانە پارچەی شکاوی سیرامیک بوون تەمەنیان بۆ ٦٩٠٠ تا ٦٢٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. لەوانەیە ئەو پارچە دۆزراوانەی گرێ فیلە کۆنترین پارچەی گڵسازی بن لە باکووری میزۆپۆتامیادا دۆزرابنەوە. هەر بۆیە بایەخی گرێ فیلە یەکجار گەورەیە. هەندێکیان ڕووی دەرەوەیان کەمێک لووسکراوە. ڕەنگی سەوز لە ناویاندا زۆرترینە. دیارە ئەوانە بۆ سەردەمی بێزەنتیەکان و هاتنی ئیسلام و تەنانەت سەرەتاکانی دەوڵەتی عوسمانی، دەگەڕێتەوە. شێوازی دروستکردن و جوانکاریی لە گڵسازییەکاندا کراوە هەمان کەلتووری میزۆپۆتامیای باکوور و ڕۆژئاوای ئێرانە. هەیانە لێوی سەرەوەیان بۆ دەرەوە شکاوەتەوە و هەیان بن ئەستوو ر و مل باریکن. ئەوانە بە پێی سەردەمەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە

 

لە گەڕانەکانی دواتردا پارچەی سیرامیکی ساڵانی ٦٢٠٠ تا ٥٧٠٠ ساڵ بەر لەزایین دۆزرانەوە. دوای ئەوانیش سیرامیکی نێوان ٥٧٠٠ تا ٥٢٠٠ ساڵ بەر لە زایین، واتا سەرەتا و کۆتایی قۆناغەکانی کەلتووری حەلەف، دۆزرانەوە. ئەوانە هەریەکەیان بەپێی سەردەمی خۆی بە شێوازی دروستکردن و نەخشی سەریان جیا دەکرێنەوە

 

شوێنەواری گرێ فیلە وەک گرێ مرازای دیاربەکر تەماشادەکرێ، لە تەمەندا هاوتەمەنن و لە بایەخی شوێنەواریشدا، لە گرێ مرازا کەمتر نییە


سەرچاوە: لاپەڕە ٢٣١ تا ٢٤٨ لە

https://kvmgm.ktb.gov.tr/Eklenti/98177,2019-2020kazicalismalari4pdf.pdf?0

و

http://www.saradistribution.com/gire.filla.htm


لە ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە ماڵپەڕی ئاکنیوز هەواڵێک بڵاوکرایەوە دەڵێ وەزارەتی کولتوور و گەشت و گوزاری تورکیا ڕەزامەندی دا شوێنەواری گرێ فیلە هەمووی وەکو خۆی بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە تا وەکو حەسەنکێڤ ژێر ئاو نەکەوێ


سەرچاو

https://arkeonews.net/9300-year-old-gre-filla-mound-in-southeastern-turkey-to-be-relocated/


کانزاسازیی

زۆر توێژینەوە سەبارەت بە دەرکەوتنی کانزاسازیی مس (لە کوردیدا پێی دەگوترێ مزگەریی) لە ئەناتۆلیا کراوە. ئەوە دەزانین دەرکەوتنی مس و ئامرازەکانی مس لە هەزارەی ٩ پێش زایین بووە. شتێکی سەیر نییە مرۆڤ لەوێ مسی بەکارهێنابێ، چونکە لەوێ زۆرە. پشکنینی وردی دۆزراوە مسەکانی کۆتێ بەرچەم، گرێ چەتاڵ، گرێ عاشقان و تەل حەلولە نیشانی دەدەن ئەو کانزایە بۆ چەند سەد پلەیەک گەرم کراوە و دوایی بە بەرد کوتراوە. هەرچەندە ئەوە بە پێناسە کانزاسازیی نییە، بەڵام دەکرێ بە چالاکییەکانی دەرکەوتنی کانزاسازیی ناوی بێنین

 

ئەگەر پشکنینی کیمایی ئامرازە مسەکان خڵتەی یان خەوشی ئاسن، فافۆن، زینک، مەنگەنیز، تیتانیۆم و زەرکونیۆمی تێدابێ، ئەوا ئەو ماددە خاوەی مسەکەی لێوە دەرهاتووە باش نەتوێندراوەتەوە. خۆ ئەگەر زێڕ، نیکڵ، ڕۆثینیۆم، رۆدیۆم، زیو و ئۆسمیۆم هەبوون ئەوا سەرچاوەکەی باشتر دەدۆزرێتەوە. کۆنترین پاشماوەی تواندنەوەی مسیش لە ئەناتۆلیا لە یوموک تەپە بووە و بۆ هەزارەی پێنجەمی بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. بەڵام ئەوانەی گرێ فیلە بۆ چاخی بەردین دەگەڕێنەوە، واتا زۆر لەوەی یوموک تەپە کۆنترن

 

لە چالاکییەکانی وەرزی ٢٠٢٠ چەندین بابەتی مس دۆزرانەوە، کۆی کێشی ئەو پارچە و ئامرازە مسانەی دۆزراونەتەوە ١٣٩ گرام بووە. بەپێی زانیارییەکانی شوێنەوارناسیی ئەو مسانە دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ بەکارهاتوون، لە نێوان ساڵانی ٨٣٤٩ تا ٧٥٩٩ بەر لە زایین، دواتر لەگەڵ خاشاک فڕێدراون. لە ژووری ژمارە ٨ی خانووی چوارگۆشەی دووەمدا، تەوری مس دۆزرانەوە، دەسکی ئێسقانی تێخرابوو. لە ژوور و خانووەکانی دیکەدا، بابەتی دیکەی مس دۆزرانەوە (بڕوانە لاپەڕە ٥ تا ٧ی توێژینەوەکە). بە شێوەیەکی گشتیی دۆزراوە مسەکانی گرێ فیلە، مسی خاو بوون، کاریان لەسەر نەکراوە

 

تیمی توێژینەوەکە ئامێری توانابەرزی نوێیان بۆ شیکاریی ئەو پارچە مسانە بەکارهێناوە تا بگەنە زانیاریی وردتر لەوەی لە توێژینەوەکانی پێش ئەواندا دەست کەوتوون. ئەو پارچە مسانە لەگەڵ ئەوەی خەوشی چەند ماددەیەکی دیکەیان تێدا بووە، بەڵام بە ڕێژەی ٩٦٪ و سەرەوە مسی خاوێن و  پاک بوون. خەوشەکان ئەوەندە کەم بوون ئامێرە نوێیەکانی ئەو تیمە پێیان بووە، لە هەموو بارێکدا نەیتوانیوە بیاندۆزێتەوە. هیچ پاشماوەیەک لە گرێ فیلە نەدۆزراوەتەوە وەکو شوێنی تواندنەوە و کاری مزگەریی بووبێ. لە شوێنەواری کۆتێ بەرچەم بەردی مالاکایت (سەرچاوەی دەرهێنانی ماددەی مسە) هەبوون و دۆزرانەوە، بە هەمان شێوە شوێنی کارکردنی مزگەریی یان دەرهێنانی مس لە مالاکایتیش هەر دۆزرایەوە. بەڵام لە گرێ فیلە ئەو شوێنە نەدۆزراوەتەوە

 

دەزانین مورووی مس بە کوتانی بەردی مالاکایت (بەردێکی سروشتییە مس لە ناوی زۆرە) دروست کراون. دوایی دەردەکەوێ ئەو موورووانە هەر لە گرێ فیلە دروستکراون. دۆزینەوەی سێ تەوری سەر تیژکراو زۆرترین سەرنجی ڕاکێشاوە. دەسکی ئێسقان ئەوە دەگەیەنێ وەکو ئامراز بۆ بڕین و لێدان بەکارهاتوون. ٩ سانتیمەتر درێژ، ١ سانتیمەتر پان و ٢ میلیمەتر ئەستوور بوون. هەمان قەبارەی ملوانکە نیو مانگەکەی تەل حەلولەی هەیە. هەرچەندە تەنیا پشکنینی ڕووی دەرەوە بۆ ئەو تەورانە کراوە، نموونەی هەڵکۆڵینیان لێ وەرنەگیراوە بۆیە توێژینەوەی زۆرتر پێویستە لەسەر ئەو تەورانە بکرێن. ئەوەی ئێستە ڕوونە ئەوەیە ئەو تەوارانە لە کوتانی بەردی مالاکایت دروستکراون

 

بەپێی پؤلێنکردنی شوێنەوارناسی تورکیا، یالچین لە توێژینەوەکانی ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٧دا، بۆ پؤلێنکردنی ئامرازە مسەکانی ئەناتۆلیا، ئەوانەی لە گرێ فیلە دۆزراونەتەوە بۆ قۆناغی یەکەمی ئەو پؤلێنە دەگەڕێنەوە، واتا سالانی پێش ٨٢٠٠ ساڵ بەر لە زایین. بێ هیچ گومانێک، دۆزراوەکانی گرێ فیلە لە کۆنترین ئامراز و بابەتەکانی مسە لە ئەناتۆلیا. سەرەتای دەرکەوتنی بەکارهێنانی مسە. قۆناغی دووەمی ئەو پۆلێنکردنە ساڵانی نێوان ٨٢٠٠ تا ٧٣٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگرێتەوە. زۆربەی زۆری دۆزراوە مسەکانی شوێنەوارەکانی دیکەی ئەناتۆلیا، لەو قۆناغەدان. بڕوانە خشتەی ژمارە ٧ لە لاپەڕە ١٠

 

دۆزینەوەی پارچەیەکی پانکراوەی بەردی مالاکایت، کاری تێدا تەواو نەبووە گومانی ئەوە دەڕەوێنێتەوە ئایا ئەو ئامرازە مسانە لە گرێ فیلە خۆی ئامادەکرابێ یان نا. وەکو ئەوەی لە کۆتێ بەرچەم دۆزرایەوە، نیشانی دەدا ئەو پارچە پانکراوە بۆ کاری دواتر ئامادەکراوە بەڵام تەواو نەکراوە و بەجێماوە. هەرچەندە زۆربەی ئەو ئامراز و پارچە خاوە مسانە لە خانووە شێوە هێلکەییەکەدا دۆزرانەوە، بەڵام دیار نییە لە کوێ کاریان لەسەر کراوە. باوەڕ وایە خانووە شیوە هێلکەییەکە جێی هەرەوەز و کاری ڕۆژانە بووە. بەڵام هیچ پاشماوەی مزگەری لێ نییە

 

بە ژمارە، ئەوەی لە گرێ فیلە دۆزراوەتەوە ناگاتە ئەوانەی لە کۆتێ بەرچەم دۆزراونەتەوە، بەڵام تەورەکان خاڵی جیاکەرەوەن لەو باسەدا. جۆری بابەتەکانی گرێ فیلە زۆرترن وەک لە شوێنەوارەکانی دیکە. ئەگەری گۆڕینەوەی زانیاریی مزگەریی لە نێوان ئەو دوو نیشتەجێیەدا، لە ئارادایە. دەکرێ هاتووچوونی نێوان ئەو دوو شوێنەوارە کاریگەری بۆ گواستنەوەی چۆنییەتی دەستنیشانکردن و بەکارخستنی مالاکایت، هەبووبێ

 

سەرچاوە

 https://www.researchgate.net/publication/358816244_ELEMENTAL_ANALYSIS_OF_PRE-POTTERY_NEOLITHIC_B_COPPER_FINDS_FROM_GRE_FILLA