قۆناغەکانی بەرەوپێشچوونی مێژووی مرۆڤ

ئەگەر لە مێژووی فەلسەفە بدوێین، باسکردنی کاتەکەی بنچینەییە. دابەشبوونی کاتەکانی ئەو مێژووە دەبێ ڕەنگدانەوەی دابەشبوونی ژیروێژی پێشکەوتنخوازی ناو مێژوو بێت. بە بۆچوونی فەیلەسوفی فینلاندایی (مەتی پۆلاککا ١٩٤٧-٢٠١٨)، فەلسەفەی مێژوو لە سەرێکەوە بە بیردۆزی پێشکەوتنی کۆمەڵگەوە بەندە. واتا، بەندە بە چەمکەکانی پێشکەوتنی ئەخلاقیی، سیاسیی و ڕەوشت بەرزیی. لە سەرێکی دیکەوە بە پێناسەی کۆمەڵگەی ڕەسەن و نوێی مرۆڤەوە، بەندە

 

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، چەند کارێکی باش بڵاوکرانەوە تیایاندا نوێترین زانیارییەکان سەبارەت بە سەدەکانی پێش مێژوو لەگەڵ تێڕوانینێکی گشتگیری مێژووی مرۆڤایەتیی، تێکەڵکراوە. دەکرێ لە بەناوبانگترینیان ئەوەی یۆڤال نوح هەراری بێت بە ناوی (سایپیانس – کورتەیەکی مێژوویی مرۆڤ) و سێ بەشەکەی ویلیام جارید کە تیایدا تێڕوانینی خۆی بۆ مێژوو نیشاندەدات، بە تایبەتی بە ڕای ئێمە (چەکەکان، میکرۆبەکان و ئاسن) باشترین بەشە، لە پاڵیاندا ئەوەی جەی ئاڕ مەکنیڵز بە ناوی (تۆڕی مرۆڤ - ڕوانین لە چاوی باڵندەوە بۆ مێژووی جیهان) و لە کاتی خۆی سەرنجی زۆری ڕاکێشا. ئەوەی لە ناو هەموویان وەک کەموکوڕی دیارە، نەبوونی فەلسەفەی مێژوویە. تێڕوانینێکی گشتگیریان بۆ فەلسەفەی مێژوو نییە، بە تایبەتیش گەنگەشەکانی هزر لە سەردەمی پێشوو. چەمکی ماددی مارکسیزم بۆ مێژوو پەیڕەو کرا و هەندێ کەموکوڕی کوشندەیشی قبوڵ کرا. لە ئەنجامدا سەرلێشێواوی بۆ چەمکەکان لە ئەدەبیاتی ئەو بوارەدا دروستکرد. هیچ توێژەر و زانایەک نەیتوانی وێنەیەکی یەکگر و تەواو، پێکبهێنێ. بەڵام کارەکانیان هەریەکە بە تەنیا، مایەی دەستخۆشیین

 

خاڵی سەرەتای فەلسەفەی پۆلاککا بۆ مێژوو، ڕەخنەگرتنی ڕێکخراو (سیستیماتیک)ی مارکسیزمە. لەسەر ئەو بنەمایە، تێکەڵەیەکی نوێی بۆ فەلسەفەی مێژوو داهێنا. تێڕوانینی پۆلاککا بریتییە لە تێکەڵکردنی ئەرستۆ-هیگڵ-مارکس، لە هەموویانی هەڵێنجاوە و هەڵیگەڕاندوونەتەوە

 

ڕەگی سایکۆلۆجیەتی کرداری گۆڕان، گەشەکردن و بەرەوپێشچوون

لە ڕوانگای توێکارییەوە، مرۆڤ نەوەی مەیموونەکانە. پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونی بایۆلۆجی نەبووە لە دایکبوونی باپیرەگەورەی مرۆڤ. ئەوە گۆڕانکاری کۆمەڵگەبوو ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبوو. هۆمۆجینەس (باپیرەگەورەی مرۆڤە) ڕەگی لە ناو هەموو ئەو بوونەوەرانە هەیە، کە ئەندامەکانی کاریگەرییان بە پێی کارلێککردن و وەرگرتن لە یەکتری، لەسەر شوێنی تاکەکانی لە کۆمەڵگەکەیدا هەبوو. کاتێک ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە وەک میراتی کۆمەڵگە دەمێنێتەوە، دەبێتە بەرەوپێشچوونی ئەخلاقی بوونەوەرەکە. دەکرێ ئەو جۆرە بەرەوپێشچوونە لە هەندێ لە شیردەرەکان ببیندرێ (نەهەنگی پشت کووڕی کوشندە و دۆلفینی لووت باریک)، لە باڵندەدا (قەلەڕەش،  قەلەڕەشی کالیدۆنیای نوێ، تووتی ڕەساسی)، سەگەکان، مەیموونەکان (چامپانزی، بۆنۆبۆ، گۆرێللا، مەیموونی پرتەقاڵی، کاپوچین و ماکاک) و شەمشەمەکوێرەی خوێنمژ

 

کۆمەڵەکانی مرۆڤی هۆمۆجینەس (٢ ملیۆن و نیو ساڵ لەمەوبەر)

ساردبوونی کەشوهەوا لەوەڕگەی پان و بەرینی ئافریقای هێنا کایەوە. لەو بارودۆخە نوێیەدا، وەک لە پاشماوەی ئامرازە بەردەکانی بڕین دیارە، هەندێکیان لاشەی ئاژەڵە مردووەکانیان دەخوارد. ئەو کاتە ئابووری کۆمەڵە ڕاوچییەکان دەرکەوت. ژیانی تاکی هەر کۆمەڵێک پشتی بە دابەشبوونی ئەرکەکان بەسەر تاک یان چەند تاکێک، بەستبوو. دەستکەوتنی خواردن بە دابەشکردنی ئەرک پێویستی بە هەندێ ڕێسا و سەرپەرشتی بوو. دابەشکردن لە ژێر چاودێری و و بەکۆمەڵ دەکرا. فێڵباز سزا دەدرا. ئەوە شێوازێکی نوێی ڕێکخستنی کۆمەڵگە بوو، لەوێوە کۆمەڵگە، خونچەی دا

 

"ڕۆحی یاسا" بووە سرێشی بەیەکەوە بەستنی کۆمەڵەکان. بۆیە، لەگەڵ تاکەکانی ناو ئەو کۆمەڵە، کۆمەڵەکان بوونە یەکەمین یەکەی هەڵبژاردنی سروشتیی، دواییش بووە تاکە یەکەی ئەو داکردنە (پرۆسەیە). هەرچی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە، هەموو مرۆڤی هۆمۆجینەس لە نێوان ٢ ملیۆن و نیو تا ٦٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە هەمان جۆر بوون. لەوانە هۆمۆسایپیان بەر لە ٢٠٠ هەزار ساڵ دەرکەوتوون. پێچەوانەی ئەدەبیات بە هەموو ئەوانە دەڵێین "پیاوی مەیموون"

 

پێشکەوتنی ڕیکخراو و باشبوونی خواردن، لە کرداری گۆڕان، گەشەکردن و بەرەوپێشچوون (التطور) بەشداربوو. بۆ نموونە، بە گەورەبوونی مێشک، کە ئەویش وای کرد ئامرازی باشتر دروست بکات. لەو ماوەی ٢ ملیۆن و نیو ساڵە جینەکانی ڕێکخستنی هەڵسوکەوتی تاک و کۆی مرۆڤ دەرکەوتن. لە ناویاندا حەزی کوێرانەی دەسەڵات و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو یاسایانەی دەسەڵات سنووردار دەکەن – توانای خۆ کپ کردن

 

خێڵە ڕاوچییەکان ٦٠ هەزارساڵ لەمەوبەر

بە تێکچوونی بارودۆخی سروشت، هەندێ کۆمەڵی هۆمۆسایپیان کۆمەک و هاوکاری هەمیشەییان گرتەبەر. خێڵەکانی ڕاوچییەکان دەرکەوتن. ئەوانە پێیان دەڵێن کۆمەڵگە سەرەتاییەکان. لە خێڵەکاندا، ئەرک و داهاتەکان بەسەر دەستەدا دابەشدەکرا نەک بەسەر ئەندامانی کۆمەڵگە. یەکە سەرەکییەکان پشتیان بە یەکتر بۆ دابینکردنی خواردن، نەدەبەست. هەموو ئەندامانی خێڵەکە لە ژێر هەمان یاسادا بوون

 

لەگەڵ دەرکەوتنی درککردن، هەستی دادوەریی پەیدابوو. ئەوە لە هێماکان، هونەر، داهێنانی تەکنۆلۆجیا و توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانەکان، دیارە. ئاماژەکانی ئەو هەستە دۆزراونەتەوە ( بۆ نموونە بەر لە ١٢٠ هەزار ساڵ لە باشووری ئافریقا). بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ٢ ملیۆن و نیو ساڵ، ئەو گۆڕانە زۆر بوو، هیچ بازێکی جین ناتوانێ ئەو گۆڕانە گەورەیە بکات

 

هەستی دادپەروەریی، مرۆڤ لە ئاژەڵ جیا دەکاتەوە. ئەوە ڕەوشتی دادپەروەرییە ئامادەبێ، بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی کەسیی و لە بارودۆخی زۆر دژبەیەک، بابەتیانە بیر بکاتەوە. لە خێڵدا، یاساکان مافی مرۆڤ بوون کە تاکەکانی خێڵەکەی لە تاکەکانی دیکە دەپاراست. مرۆڤ پێویستی بە کۆمەڵگە بووتا خۆی لە سروشتی خۆی، بپارێزێ. ئەندامەکان دەیانتوانی لە دەستەیەک بۆ دەستەیەکی دیکەی ناو یەک خێڵ بگوازنەوە (ئەوە لە مرۆڤی سەرەتایی نەبوو). لە ئەنجامدا ئەندامانی خێڵ بۆ پاراستنی ئەو بەهایەنەی بە گرنگیان دانا یەکیان گرت و هاوڕێیەتی و پێوەندی خۆشەویستییان هەڵچنی. چەمکی دادپەروەریی، مەرجە پێشینەکانی ژیریی ڕەوشت لە دایک بوون

 

لە ناو خێڵدا، هەستی دادپەروەریی خۆی بووە ئامراز و مەبەست. خێڵەکان ڕێکخراوەی داخراو بوون. هەموو خێڵەکانی دیکەی وەک دوژمن تەماشا دەکرد.لە دژی ئەوانی دیکە، ڕۆحی خێڵەکیمان ئاژەڵانە بوو. ئێستە بەو ئەنجامە گەیشتووین، کە رابردوومان پڕ توندوتیژی بووە، بەڵام جەنگ نەبووە. چونکە جەنگ بە قازانج بۆمان نەدەشکایەوە. پێشکەوتنی کۆمەڵگە درێژکراوەی پێشکەوتنی بایۆلۆجییە

 

خێڵ ڕێکخراوەیەکی سیاسی بوو، ناکۆکییەکانی لە بەرژەوەندی کۆمەڵگە، چارەسەر دەکرد. پێشکەوتنی سیاسیی بووە هێزی پاڵنەری گەشە و بەرەوپێشچوون

 

 

شارستانییەتی بێ دەوڵەت، ١٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر

لە شارستانییەتدا، شێوازە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنان لە لایەن هەمان دەستەوە بەڕێوەدەبران. بەرهەمهێنان کۆمەڵگەی ڕێکخست. شارستانییەتەکان لە کۆتایی سەردەمی پێش مێژوو دەستیان پێکرد. کۆمەڵی خەڵک لە چەند ناوچەیەکی دەوڵەمەندی سروشتیی جێگیربوون. ئەو جێگیربوونە تا ڕاددەیەک بە کشتوکاڵەوە پێوەست بوو. ئەوە بووە هۆی دابەشبوونێکی هەمیشەیی کار و بازرگانی. بۆ نموونە جووتیارەکان، ئاژەڵداران، ڕاوچییەکان و دروێنەری بەرووبوومەکان. ئەو داکردنە درێژخایەن و ئاڵۆز بوو، لەگەڵ بارودۆخی سروشتییش دەگۆڕا. ژمارەی ئەندامان زۆر بوون. شوێنی نیشتەجێ و حەوانەوەیش زۆربوون. دابەشکردنی ئەرکەکان واڵاتر بوو و جۆری دیکەی لێوە دەرکەوت. چەندی دەهات دابەشکردنی کاڵاکان ئاڵۆزتر دەبوو

 

لە خێڵەکانی کۆمەڵە ڕاوچییەکان، هەر یەکەیەکی خێڵەکە بەشی خۆی خواردنی دابین دەکرد. لە شارستانییەتدا، ژیان لە بنچینەدا بە دابەشکردنی ئەرکەکان لە نێوان یەکە سەرەتاییەکان یان تەنانەت لە نێوان یەکە ئابووریەکاندا، بەندە. بە دەرکەوتنی شارستانییەت، ڕێگای مرۆڤایەتی بۆ دوو لا دابەش بوو، ئەگەرچی تێکەڵبوون هەبوو بەڵام جیاوازییەکان دیار بوون


١) لەسەر بنچینەی خزمایەتی و پێوەندی خێڵەکیی و میراتگریی کە تیایدا سەرۆکەکەیان شوێن پێی باڵاتری بەدەستدەهێنا، هاوپەیمانییەتی لە نێوان چەند خێڵێک (نێوخێڵەکیی) دروست بوو. ئەو کۆمەڵگەیانە یەکەمین کۆمەڵگەی چینبەند (کۆمەڵگە بۆ چەند چینێک دابەشکرابوو) بوون و زۆریش توندئاژۆ بوون. با ناویان بنێین سەرەخێڵەکان. لە ناوخۆیاندا جێگیر نەبوون، پێکهاتەی بەڕێوەبردنیان نەبوو تا بتوانن ناوچەی دیکە بۆ بەردەوامی باکارهێنانیان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان. جەنگەکان بۆ دەست بەسەرداگرتنی ڕێگەکانی بازرگانی یان زەوی کشتوکاڵیی بوو. هەندێ جاریش چەتەیی و ڕووت کردنەوە بوو


٢) شارستانییەتی یەکسانی و ئاشتیی، لەگەڵ هەندێ جیاوازی ئاستی کۆمەڵایەتیی و هەندێ ئاماژەی توندوتیژیی. بەڵام هیچ بەڵگەیەک بۆ خراپ بەکارهێنان و جەنگ نییە. لە بەناوبانگترینیان چاتالهۆیوک لە تورکیا، شارستانییەتی دۆڵی ئیندوس لە هیند و پاکستان و نۆرتی چیکۆ (کاراڵ) لە پیرو هیچ یاسای نووسراویان نەبوو، بەڵام بۆ نموونە مۆرەکەی دۆڵی ئیندوس بۆ خاوەندارییەتی موڵک ئاشتی لە کۆمەڵگەکەدا بەرپا کردبوو


یەکە ناوخۆییەکان تا ڕاددەیەک سەربەخۆ بوون تا ژیان و کاری ڕۆژانەی خۆیان بەڕێبکەن. ئەو شارستانییەتە ئاشتی ویستانە ڕاستیی ڕای هیگڵ دەسەلمێنێ کاتێک دەڵێ موڵکداریی مەرجێکی ئازادییە. مارکسیزم گریمانەی ئەوەی هەبوو نەمانی موڵکداریی تایبەت سەرەتای دادپەروەریی، ئاشتی و یەکسانییە. بەڵام وا نەبوو. لەگەڵ ئەوەیش شارستانییەتی ئاشتیخواز بەرەو نەمان چوون. لە ناو ئەو شارستانییەتانەدا کۆمەڵگە بۆ مەبەستی کۆمەڵگە دانەمەزرابوو، بەڵکو بۆ بەکارهێنانی سروشت دروست بووبوو. کۆمەڵگە چینبەندەکان بوونە ئاراستەی سەرەکی گەشەسەندن. سەرەتا سەرەخێڵەکان، دواتر ئیمپراتۆرییەکان و وڵاتان، لەوانەدا دەسەڵات بەسەر خەڵکدا بووە مەبەست

 

بە پێچەوانەی خێڵە ڕاوچییەکان، هەموو شارستانییەتەکان ڕوو لەدەرەوە و کراوە  بوون، مەبەستیان فراوانخوازیی بوو. کاتێک پێوەندییەکانی ناوەوە هاوسەنگ بوون، فراوانبوون ئاشتییانە بووە. کۆمەڵگە چینبەندەکان پشت بە توندوتیژی دەبەستن، بۆیە جەنگ بووە بەشێکی میژووی مرۆڤایەتی

 

کۆمەڵگەکانی شارە وڵات، ٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر

لە کۆمەڵگەی چینبەنددا، مرۆڤەکان دژی ئەوانی دیکە هاوپەیمانییان بەست، بە جۆرێک گەیشتن بە دەسەڵات خۆی بووە مەبەست. ئەوە لە یەکەمین یاسای نووسراوی سومەردا دیارە، بە جۆرێک یەکەمین شاری سەربازی دامەزرا، بەکارهێنانی هێز بووە کارێکی گرنگ. دابەشکردنی ئەرکەکانی سەربازیی بووە گرنگترین کار و دابەشکردنی ئەرک و هێز بووە یەکەمین بابەت و کاڵا. بەکارهێنانی سروشت کەوتە ژێر سێبەری دامەزراندنی کۆمەڵگە

 

وڵات کۆمەڵگەیەکی چینبەندە تیایدا یاسای فەرمانڕەوا لەسەر بنچینەی داب و نەریت نییە، بەڵکو نووسراوە. لە جێی پێوەندی خزمایەتی، کەسی کارا و سوپای بەهێز بۆ جێبەجێکردنی یاساکان، دامەزرا. ئەو جۆرە کۆمەڵگەیەی وڵات بە جیاجیا لە چەند شوێنێکی کەمی جیهان دەرکەوتن. وەکو ڕێکخراوەی جەنگبازیی وابوون بۆ سەرکوتکردن و خراپ بەکارهێنان بوون. بە بەکارهێنانی یاساکان و نووسینەوە و خوێندنەوە، دەستیان بۆ داگیرکردن و بەخۆوە لکاندنی زەوی و وڵاتانی دیکە، واڵا بوو. ئەگەرچی ئیمپراتۆریەتەکان دەردەکەوتن و ئاوا دەبوون، بەڵام هەیکەلی دەوڵەت لە هەموو جیهان لە مێژووی نووسراودا، بڵاوبووەوە

 

ئەوکاتەی کۆمەڵگەکانی وڵات دروست بوون، مرۆڤ خۆی بووە گەورەترین دوژمنی خۆی. وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەوە، ئاراستەی ئەخلاقی و هیوای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە ئاییندەدا ، دەرکەوتن. کۆمەڵگەکان هەنگاوی گەورەی پێشکەوتنی ڕۆشنبیری، تەکنۆلۆجیا و زانستیان ، هەڵێنا. ئەو هەنگاوە تینی لە ڕکابەری نێوان ئاراستە جیایەکانی کۆمەڵگە وەردەگرت. نەک تەنیا لە جیاوازی نێوان چینەکانی بەڵکو هەر چینەی لە ناو خۆیشی

 

خەسڵەتە دیارەکانی مێژوو، بۆ نموونە ئەمانەی خوارەوە بوون

 

لە دایکبوونی فەلسەفە لە یۆنانی کۆن

فەلسەفە – گەڕان بە دوای ڕاستییدا وەک کۆتا خاڵ- خاڵێکی وەرچەرخانی سەرنج ڕاکێشە لە زانیارییەکانی مرۆڤایەتی. بناغەی شۆڕشی زانستی دانا. گفتوگۆی یۆنانی کۆن سەبارەت بە ڕاستیی و دروستیی تا ئێستەیش بە کۆڵەکەی تێڕوانینی زانستی بۆ سروشتی مرۆڤ، دادەنرێ

 

لە دایکبوونی جیهانی هاوچەرخ و ڕۆشنگەریی

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، ئەوروپای ڕۆژئاوا بۆ نموونە لە چاو ڕۆشنبیری و کەلتووری چین، زۆر لە پاشی دابوو. بەڵام نەبوونی دسەڵاتێکی چەقگر وای کرد کۆمەڵگەی بچووک بچووکی سەربەخۆ پێشبکەوێ. لە سەدەی دوانزەوە، بە تایبەتی لە شارەکانی ئیتالیا، ئابووری بازاڕی دەموکراتی (ئەوەی پێی دەڵێن سەرمایەداریی) بەرهەم هات. پێشکەوتنی زۆری خستە بەردەست، بەڵام لە هەمانکاتدا دژوێژیش بوو

 

بەرهەمهێنان بۆ بازاڕ، لە ناو چینی فەرمانڕەواکان پێویستی بە دیموکراسیەت و سەرەوەریی یاسا هەبوو. ئەوە جیهانی نوێی لە جیهانی چینبەندی کۆن، جیا کردەوە. بەربڵاوبوونی بازرگانی، یاساکانی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای سەربەخۆیی وڵاتان، هێنا کایەوە. هزرە ڕۆشنگەرەکان بوونە سەرچاوەی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی کڵێسا، بیروباوەڕی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ئایین لە وڵات و هزری مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیی

 

لە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازیی، کرێکار تەنانەت منداڵیش ١٦ کاتژمێر بە مووچەی نانە زگ، کاری دەکرد. وڵاتانی داگیرکار (ئیستعمار) داپڵۆسینی زۆریان دژ بە خەڵکی وڵاتانی داگیرکراو کرد، تا سەربەخۆ بوون. لە هەلومەرجی جیهانی هاوچەرخدا، زۆربەی گەلان دەرفەتی داواکردنی مافی دیموکراتی و یەکسانییان لە دژی یاساکانی خراپ بەکاربردنی ئابووری و بەرتەسککردنەوەی دەربڕینی هزری سیاسیی، هەبووە. لە کۆمەڵگە چینبەندەکاندا، هەردەم چالاکی سیاسیی بۆ پارێزگاریکردن لە یەکسانیی و دادپەروەریی، لایەنێکی ئەخلاقی تێدایە

 

مارکسیزم و سەردەمی پێشوو

دەرکەوتن و دامرکانەوەی سیستەمی سۆشیالیزمی جیهانیی و بزووتنەوەکانی جیهانی شیوعییەت دیارترین خەسڵەتەکانی ئەو سەردەمە بوون. ئەگەر هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ، دەبێ ئەوە لە بەرچاو بگرین لە دژی دەرکەوت، واتا قۆناغەکانی گەشەسەندنی سەرمایەداریی داگیرکاریی و داگیرکاریی هاوچەرخ و جەنگەکانی جیهان. ئابووری بازاڕی دیموکرات و دەسەڵاتی یاسا سەلماندیان تاکە بناغەی پتەون تا لەسەریان هەڵچنین

 

لە لایەکی دیکەوە، بە بێ کورتکردنەوەی تاقیکردنەوەکانی سەردەمی ڕابردوو و ڕەتکردنەوەی مارکسیزم (بەپێی هیگڵ)، ناکرێ تێڕوانینێکی مێژوویی-فەلسەفی بۆ ڕێڕەو و ئاییندەی مرۆڤایەتی، بخرێتە بەردەست

 

سوڕانەوەی سەردەم

کڕین و فرۆشتنی بازاڕی دراو و کاڵاکانی دیکە بوونەتە هێزێکی جیهانی سەرمایەدار. ئەو هێزانەی تێدایە دەتوانن بۆ دیمکراتیبوونی وڵاتێک هەڕەشە بن. لە لایەکی دیکەوە تەکنۆلۆجیای زانیاریی دەرفەتی داوەتە هەموو مرۆڤێک بەشداری لە بڕیاری ژیانی تایبەتی خۆیان و هەموو مرۆڤایەتیدا بکەن. بارودۆخی ماددیی لەبار بۆ ڕزگاربوونی تەواوی مرۆڤ، بەردەستە. بەدرێژایی مێژوو، بیروڕای دژبەیەک سەبارەت بە خۆخواردن و خۆ ناسین، لە یاسا دەرچوون و شەرعیەت وەرگرتن، جەنگ و ئاشتیی لە نێو هەمان قەوارەی بەڕێوەبردندا هەبووە. هەردوو باڵ بەهێزتر بوون، بەڵام باڵی خۆ خواردن و خۆ لەناوبردن تا ئێستە باڵا دەستە

 

پێشکەوتنی بەرچاو بۆ یەکخستنی مرۆڤایەتیی لە کۆمەڵگەکانی وڵاتدا بەدیهاتووە. بەڵام مەبەست لە هەبوونی وڵات بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دژی وڵاتانی دیکەیە، کە لە کۆتاییدا دەبێتە جەنگ. تەنیا لەو بارەدا مرۆڤایەتی یەکدەگرێت، ئەگەر گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سروشتی وڵاتدا بکەین

 

کۆمەڵگەی جیهانیی – هاوچەرخ و ئاییندە

کۆمەڵگەی جیهانیی بە واتای وڵات، وڵات نییە، چونکە هیچ دوژمنێکی دەرەکی نییە. وەک هەموو کۆمەڵگەیەک، بۆ سێ بەشی سەرەکی دابەش دەبێت

١.هێزی چەق: وەکو کۆبوونەوەی وڵاتان لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

٢.وڵاتان و لە ناویاندا حزب و کۆمەڵەکانی دیکەی خاوەن بەرژەوەندی.

٣.کۆمەڵگەی مەدەنی ئەخلاقی، لە ناوخۆوە بۆ ئاستی نێودەوڵەتیی.

مرۆڤ وەک جۆرێک لە بوونەوەر یەکەیەکی هەڵبژاردنی سروشتییە. بۆ مانەوەی، دەبێ مرۆڤایەتیی لەسەر بنەمای -خۆناسیی خۆی -یەکگر بێ. دەنا خۆی لەناو دەبا

 

کۆمەڵگەیەکی جیهانیی، دەستی بە دەرکەوتن کردووە. بە شێوەیەکی گشتیی، دەکرێ خەسڵەتەکانی لەسەر بنەمای مێژووی کۆمەڵگەکان و ئاراستەی بەرچاوانی گەشەسەندنیان، ببینرێ. بە شێوەیەکی سروشتی، ئەوە پرۆسەی چەند نەوەیەکە، لە ئێستەوە وردەکارییەکانی نابینرێ. ڕەگی کۆمەڵگەی جیهانیی لە هێزی یاسای دیموکراتی و پێشکەوتنی یاسای نێودەوڵەتی سەرچاوەی گرتووە. بەڵام وڵاتان، حزبەکان، ئەو کۆمەڵانەی بەرژەوەندی سیاسی و ئابووریان هەیە، لە ناو ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکاندا لە راستیی تەواو ناگەڕێن. جگە لە کۆڕبەندی ڕاستیی، یان کۆمەڵگەی مەدەنی ئەخلاقی (تۆڕی خەڵکن کە دەزانن ئەرک و مافەکانیان چییە – لە کۆمەڵگەی جیهانییدا دەبنە هێزی پاڵنەری گەشەسەندن)، کام بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دەتوانێ لە "ڕاستیی ڕەها" لە ناو ئەو هەموو ناکۆکی سیاسی و هزرییدا بگەڕێ؟

 

بە پێچەوانەی بزووتنەوەکانی گۆڕان لە ڕابردوودا، کۆمەڵگەی مەدەنی ئەخلاقی جگە لە هەموو مرۆڤایەتیی، خزمەت بە بەرژەوەندی هیچ چین و کۆمەڵێک ناکات. وەکو بزووتنەوەکانی یاخیبوون و ڕەتکردنەوەی یاساکان نییە، بەڵکو تینووی شۆڕشی یاسایە، تا ئابووری بازاڕی دیموکرات پابەندی یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بێ. لە لایەکی دیکەوە، بواری یاسادانان پێویستی بە چاکسازییە. لە هەموو ئەوانیش گرنگتر داواکردنی دروستکردنی دەستەیەکی هەمیشەییە بۆ گەڕان بە دوای ڕاستییەکاندا

 

بە هاتنەدی ئەوانەی سەرەوە، وڵاتەکان سروشتی ئیمپریالیبوونیان نامێنێ. تێکۆشان لە پێناو دادپەروەریی دەبێتە تێکۆشان بۆ گفتوگۆیەکی ڕاستگۆیانە. گفتوگۆی فراوان و ئاست بەرز بۆ تێڕوانینی جیهانیی لەسەر ئاستی نیشتماندا، سەرەکیترین ئامرازی بەهێزکردن و پاڵپشتکردنی هێزی ئایدیۆلۆجی و سیاسیی و ئابووری نا چەقبەندییە. میدیا و زانکۆی پڕ ڕەوشت دەبنە 'وڵاتی چوارەمی" نوێ کە لە ئاست داواکارییەکانی سەردەمە

 

لە کۆمەڵگەی جیهانییدا، مرڤایەتیی دەچێتە سەر ڕێڕەوی شۆڕشی ڕەوشت بەرزیی. باوەڕی بنچینەیی، بنەما سەرەکییەکانی ئە وکۆمەڵگەیە، وانە سەرەتاییەکانی مێژووی مرۆڤ دەبێت

 ١. لە چەق لابردنی هێزی ئایدیۆلۆجی، سیاسی و ئابووری

 ٢. لەسەروو هەموویانەوە ئەوەی ڕاستگۆو پآلپشتە و هەستی دادپەروەریی هەیە، دەبێ خەڵات بکرێ.

 

سەرچاوە

https://newhistory.fi/the-evolutionary-phases-of-human-history/?fbclid=IwAR0WswibsM0ccIxbYGCVV6dk7U2Webe2SyBgzwnEzzhSXH7zpan1kmWQ1sc